ئۆمیگا3 بۆ تەندروستیی دڵ

ئۆمیگا3 بۆ تەندروستیی دڵ

 چەورییەكانی ئۆمیگا 3 Omega بە گرنگترین چەوری بۆ تەندروستی هەژمار دەكرێن و بریتین لە جۆرەكانی ALA كە زیاتر لە كاكڵ و تۆوەكاندا هەیە، لەگەڵ EPA و DHA كە لە زەیتی ماسی وخۆراكی دەریاییدا هەن. چەورییەكانی ئۆمیگا3 سوودی تەندروستی زۆریان هەیە، بەتایبەتی پاراستنی تەندروستیی دڵ. ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا3 ڕۆڵی گرنگیان هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ لە ڕێگەی: كەمكردنەوەی ئاستی چەوریی گلیسریدە سیانییەكان TGs لە خوێندا، هاندانی سووڕی خوێن، ڕێگرتن لە دروستبوونی تۆپەڵی مەییوی خوێن، لەگەڵ هێشتنەوەی ڕیتمی دروستی لێدانەكانی دڵ. سەرچاوە خۆراكییە دەوڵەمەندەكان بە چەورییەكانی ئۆمیگا3 بریتین لە: تۆوی كەتان، تۆوی چییا Chia seeds، زەیتی كانۆلا، گوێز، پاقلەی سۆیا، مەحار، كافیار، هەروەها ماسی لە جۆرەكانی سالمۆن، ماكارێل، تونە، ساردین، هالیبوت، هێررینگ.

 ئایا پێویستمان بە وەرگرتنی كەپسوولی ئۆمیگا3 هەیە؟ لە ڕاستیدا، ئەگەر خۆراكی ڕۆژانە هاوسەنگ و جۆراوجۆر بێت ئەوا پێویست بە بەكارهێنانی كەپسولی ئۆمیگا3 ناكات، بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا پێویستە كە بەكارهێنانی كەپسولی ئۆمیگا3 تەنیا بە ڕێنمایی دكتۆر بێت.

 

Top