خانمان سەركۆنەی ئەنجامدەرانی هێرشی مووشەكی و شەهیدكردنی هاووڵاتی سڤیل و ئافرەت و منداڵی بێتاوان دەكەن

خانمان سەركۆنەی ئەنجامدەرانی هێرشی مووشەكی و شەهیدكردنی هاووڵاتی سڤیل و ئافرەت و منداڵی بێتاوان دەكەن

 

لە ساڵی 2020ـەوە هەتا ئێستا، بە دەیان جار هەولێر كەوتووەتە ژێر هێرشی ناڕەوای مووشەك درۆنەكانی ئێران، جارێكی دیكەش شەوی 15 لەسەر 16ی كانوونی دووەم 2024، بە پاساوی بێ بنەما و لە ڕێگای ژمارەیەك مووشەكی بالیستی و درۆنەوە، هێرش كرایە سەر هەولێری پایتەخت، كە زیانێكی زۆری گیانی لێ كەوتەوە و بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتی سڤیل و ئافرەت و منداڵی بێتاوان. خانمانی بەشداربووی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان لە ڕوانگەی خۆیانەوە شرۆڤەی هێرشەكانی سەر هەولێر دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

شیلان ئاستەیی، چالاكی بواری كۆمەڵگەی مەدەنی، سەبارەت بە هێرشی مووشەكی بالیستی و درۆنەكانی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەخت دەڵێت: «وەكو كورد و هاووڵاتییەكی شاری هەولێر ئەو هێرشە قێزەون و ترسنوكانە شەرمەزار دەكەم، ئەم هێرشە دوورە لە هەموو عورف و عادەتێكی ئینسانی و ئەخلاقی، هێرشێكی بێوژدانی و كوێرانەیە، بۆیە پێویستە حكومەتی كوردستان چاوخشاندنەوە بە هەموو پەیوەندییەكانی سیاسی و بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بكاتەوە، تا ئەو كاتەی كە ئێران بە ڕەسمی داوای لێبوردن لە هەرێمی كوردستان دەكات و پەرپرسانی ئەم هێرشە نامرۆڤانەیە پەلكێشی بەردەم یاسا دەكات».

گوتیشی: «هێرشە یەك لە دوا یەكەكانی ئێران و «بەرەی مقاوەمە» بە بەهانەی ناڕەوا و بوونی هێزەكانی بیانی لە كوردستان، لاوازی و تەسلیمبوونی دەوڵەتی عێراقە و خۆتاقیكردنەوەیە بەرانبەر بە گەلانی بێ چەك و بێ دەسەڵات، لێرەدا ئێران، ئایا هێز و هەژموونی خۆی پێشانی جیهان دەدات، كە توانای چییە و چەندە؟ ئەگەر ئێران هێز و توانای هەیە و دژی ئیسرائیل ڕاوەستاوە، ئەوە گەز و ئەوەش مەقەست، با بفەرموون، لە ئازەربایجانەوە دەست پێ بكەن، تا ناوخۆی ئیسرائیل. ئازەربایجان نزیكترین هاوپەیمان و دوستی دەوڵەتی ئیسرائیلە و دراوسێی ئێرانە، با ئێران بە دووی شوێن و بارەگاكانی ئیسرائیل لە ناوخۆی وڵاتەكە بكەوێت، نەك هەولێری بێ چەك و بێ دەسەڵات بكاتە ئامانج».

شیلان ئاستەیی دەپرسێت: «ئەو ڕۆژانەی كورد هاوخەم و هاوسوز و فریادڕەسی فەلەستین و ئازادكردنی قودس بوون، ئێران بەهای خاك و موسڵمان بۆی هەر مەوزووع نەبوو، خێرە ئەمڕۆ كورد و كوردستانییانی موسڵمان بە هەڕەمەكی دەكاتە ئامانجی دوژمنكارانەی؟»، هاوكات دەڵێت: «بە بیروبۆچۆونی من ئێران و سوپای پاسداران بەوە ناوەستن، كوردستانی ئازاد و سەقامگیر قبووڵ ناكەن، بۆیە دەبێت خەڵكی كوردستان و حكومەتی كوردستان داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان بكەن، هێزەكانی ئەمریكا و ناتۆ لە كوردستان بە قورسی جێگیر بكرێن بۆ پاراستنی گەلی كورد لە هەر هێرشێكی لەناكاو، وەكۆ هێرشەكانی داعش، حەشدی شەعبی، بەرەی مقاومە، پەكەكە و سوپای پاسداران هەر یەك بە بەهانەیەك خوێنی ئەم گەلە هەژارە دەڕژێنن و ئاو و نانیان لێ دەكەنە فرمێسك و خوێن، كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان دڵی لەگەڵ هەولێرە و هاوخەم و هاوسوزی هەولێرە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەم كارەساتە دادەنوێنم. ڕۆحی بەرزیان شاد و ئارام، شیفا بۆ برینداران دەخوازم، ئارامی و ئاوەدانی بۆ كوردستان، سەرشۆڕی بۆ بكەران و تێوەگلاوانی ئەم تاوانە».

هەرمن ئەحمەد نووسەر و چالاكی سیاسی، هێما بۆ ئەوە دەكات:» دوژمنانمان چەندە گەورە و بەهێزتر بن، زیاتر لە كورد و كوردستان دەترسن، كوردستان، لە هەشت پیت پێك دێت، هەر پیتێكی بۆ كوردستانیان بووەتە سیمبولی بەرخۆدان و كوردایەتی و مەردایەتی و شۆڕش و ڕاپەڕین و ڕاچەنین و هەرمان و خۆنەچەماندن.»

گوتیشی:» سەیرە! دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان، چەندە گەورە و بەهێزتر بن، زیاتر لە ناو و بوونی كورد و كوردستان دەترسن، ئەوان بەو هەموو مووشەك و فڕۆكە و چەك و جبەخانەیانەوە زەندەقیان لە ناوی كورد و كوردستان و تەنانەت لە زمانی كوردییش چووە. بۆیە هەر جارەی بە شێوازیك و بە ڕێگایەك دەیانەوێت ناوی كورد و كوردستان نەمێنێت و بیسڕنەوە، بەڵام خەیاڵیان خاوە، كورد زۆر لەوە بەهێزترە كە بەوان بتوێتەوە، كورد واز لە ناوی خۆی و ناسنامەی خۆی و نیشتمانی خۆی ناهێنێت و ئامادەی قوربانیدانی گەورەیە، ئەوەتا من هاووڵاتیەكی كوردم و دانیشتووی وڵاتی بەلجیكام، زیاتر لە نیوەی تەمەنی ئێستام دوور لە كوردستان بردووەتە سەر، بەڵام هەرگیز بۆ ساتێكیش زێدی خۆم و بیركردنەوەم لە كوردستان لە یاد نەكردووە، بە‌ جەستە لە بەلجیكام بەڵام بە رۆح و بە دڵ و بە خەیاڵ لە كوردستانم».

هەرمن ئەحمەد لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت:» ئەوەی لەم رووداوانەدا زۆر ئازارم دەدات ئەوەیە كە هەندێ جار گوێبیستی توانج و لێدوان و قسەی نابەجێ و‌ ناشرین و دەستەواژە چەوتەكانی كۆمەڵێك كوردی هاوزمان و هاونیشتمانی خۆم دەبم هێرش دەكەنە سەر كورد و كوردستان و نیشتمانی خۆیان، بە بیستنی ئەو قسانەیان وەكو كوردێك نەك هەر تەریق دەبمەوە، بەڵكو نەفرەتیان لێ دەكەم و پێم وایە خاك و هەوا و ئاو و سروشتی كوردستان بۆ ئەو جۆرە كەسانە حەرامە، ئەوانە نەفام و نەزانن پێیانوایە داگیركەر و دوژمن جیاوازی لەنێوان كوردێك و كوردێكی تردا دەكات. لەوانەش ناخۆشتر بێهەڵوێستیی هەندێك لە حزب و لایەنە كوردستانیەكان و ڕێكخراوەكان و ڕۆشنبیرانە لەم ڕووداوانەدا، كە پێیان وایە ئازاردانی هەولێر ئازاردانی سلێمانی نییە، یان ئازاردانی سلێمانی ئازاردانی دهۆك نییە، بەڕای من كاتێ دوژمن هێرش دەباتە سەر نیشتمانەكەت، ئیتر بێدەنگی و بێهەڵوێستی، خیانەتە.

بنار قەرەنی كۆمەڵناس و ڕاگەیاندكارە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «هێرشەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، بە هەر بیانوو و پاساوێك هێرشی دڕندانە و تاوانی تیرۆریستی بووە. سنووری كوردستان ئارامە و هێڵی سوورە، ئامانجی سوپای پاسدارانی ئێران هیچ بیانوویەكی نییە، هێرش بكاتە سەر خاكی كوردستان و ئێران وڵاتێكی دراوسێمانە و دەبێت سنووری خۆی بزانێت. ئەو هێرشە دڕندانەیە بۆ سەر هاووڵاتی سڤیل و خەڵكی كاسبكار و موڵك و ماڵی مەدەنی كارەساتێكی قورس بوو بۆ خەڵكی هەولێر و هەموو كوردستان. كوردستان وەكو هەمیشە لەسەر پێی خۆی وەستاوە، خاكی كوردستان دەوڵەمەندە بە كانزا و نەوت و سامانی سرووشتی، باشووری كوردستان لە ڕووی ئەمنی و ئاسایشەوە سەقامگیرە، بەڵام دوژمنانی ئامانجیان لەناوبردنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردە لە هەرچوار پارچەی كوردستان، ئێمەش ڕێگە نادەین هیچ ئاژاوەیەك داخیلی هەرێمی كوردستان بێت. ئێمەی كورد وەكو هەمیشە ئاشتی، ئازادی دادپەروەری ئامانجمان بووە، هەرگیز حەزمان بە شەڕ نەبووە و تەنیا سەقامگیری و ئاشتیمان بۆ هەمووان ویستووە. بۆیە داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانان دەكەین، ئەو هێرشانەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەرخاكی كوردستان ڕابگرن».

گوتیشی: «هاووڵاتیان بە هەموو چین و توێژەكان و سەرجەم كوردستانییان ئیدانەی ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەكەن. كورد بەهێزە و بەهێزیش دەمێنێتەوە. كورد كەلتووری پێكەوەژیان و ئاشتیی خۆی بە هەموو گەلان ناساندووە، لە زۆر دۆخی دژوار ڕزگاری بووە و زۆر لە قۆناغەكانی سەختی تێپەڕاندووە و قوربانیی زۆری داوە، لەو هێرشەی پاسدارانی ئێرانی زۆر سەختترمان بینیوە و بەڕێمان كردووە، خەیاڵیان خاوە، هەولێر بەوان ناڕووخێت، هەموو جیهان هەولێر بە نموونەی جوانی و ئاشتی و ئازادی دەزانن».

لاجان ماهر مامۆستاو ڕاهێنەری وەرزشییە و یەكێكە لەو هەزاران خانمەی كە زۆر بە توندی ئیدانەی هێرشە درۆنییەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەكەن. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «وەك هاووڵاتییەكی سەربەرزی شاری هەولێر بە توندی ئەم كردەوە تیرۆریستییەی تاریكپەرستانی ئێران شەرمەزار دەكەم. جارێكی دیكەش مووشەكی سوپای پاسدارانی ئێران هەولێری سەربەرزی كردە ئامانج و و هۆی شەهید و برینداربوونی خەلكی سڤیل. هەموو جیهان ئەم كارە دڕندانە و دوور لە مرۆڤایەتییە ئیدانە شەرمەزاری دەكات. خوای گەورە ڕۆحی شەهیدانمان بە بەهەشتی خۆی شاد بكات. شیفای بریندارانمان بدات. دوژمنانی كورد دەبێت ئەوە بزانن كەخەڵكی كوردستان لەو كردەوە ترسنۆكانەی دوژمن و تیرۆر ناترسن، ئیڕادەمان زۆر لەوە بەهێزترە و هیوادارم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ نەبن و كۆتایی بەم هێرشانەی ئێران و وەكیلەكانیان بێنن».

Top