ئەمریکا بە توندی ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانی بۆ سەر هەولێر کرد
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانی بۆ سەر هەولێری پایتەختی كوردستان بە توندی ئیدانە کرد.
ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەم وەزارەتەدا بە توندی ئیدانەی هێرشی مووشەکی بالیستیکی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر هەولێری پایتەختی كوردستان کرد.
میلەر گوتی: ئەمریکا بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی ئەم هێرشە دەکات.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە دژی هێرشە مووشەکییە نابەرپرسەکانی ئێرانین کە سەقامگیری عێراق دەخاتە مەترسییەوە.
پێویستە بگوترێ کە کۆشکی سپی ڕایگەیاند: کە لە هێرشە مووشەکییەکانی شەوی ڕابردووی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق و باکووری سووریا هیچ کارمەند و دامەزراوەیەکی ئەمریکی نەکراوەتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە، فەیلەقی سپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیاندنی جیادا ڕایگەیاند: "بارەگای سیخوڕی مۆساد و گرووپە تیرۆریستییە دژە ئێرانییەکان لە بەشێک لە شاری هەولێر لە كوردستانی عێراق و داعش لە سووریا بە مووشەکی بالیستی كراونەتە ئامانج".
گوڵان: سەردار خەلیل