پـــەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ ڕای گشتی

پـــەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ ڕای گشتی

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
هەموو لایەک ئاگاداران، هەر لە ساڵی ۲٠۲٠ـەوە هەتا ئێستا بە دەیانجار شاری هەولێر کەوتۆتە ژێر هێرشی ناڕەوای موشەک و درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەکانیان.
ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان.
ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نیە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن.
ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی ڕابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران.
لێرەدا ڕووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانە و هەمیشە ڕێز و حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران هەیە و دەستی دۆستایەتی و برایەتیان بۆ درێژ کردووە. دەمەوێ دڵنیایان بکەمەوە ئەو بیانوانەی پەلاماردەران بۆ تاوانەکانیان لەدژی هەولێر و خەڵکی کوردستان دەهێننەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیە و دوورە لە ڕاستی. داواتان لێ دەکەم ئەگەر پەلاماردەران ڕێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە هەولێر ڕاستییەکان ببین و بزانن کە تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەکاری دەرهەق گەلی کوردستان دەکەن و ئیدعاکانیان بێ بنەمان.
ناکرێ هەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین.
پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری موشەک و درۆنەکانی ئێرانی ئەوەیە، شەهیدکردنی ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلی ئێمە هیچ شانازی و سەربڵندی بۆ ئێوە تێدا نیە. دەتوانن بمانکوژن بەڵام دڵنیا بن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن.
گەلی کوردستان پشتی بە خوا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە و خودا لە هەموو زاڵم و هێزێک گەورەترە.
مسعود بارزانی
۱٦ی کانوونی دووەمی ۲٠۲٤

Top