كانزای زینك بەرگریی لەش بەهێز دەكات
كانزای زینك یان تۆتیا Zinc ڕۆڵی لە گەلێك فرمانی گرنگی لەشدا هەیە وەكو: بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش دژ بە هەوكردنە ڤایرۆسی و بەكتریاییەكان، هاندانی كرداری میتابۆلیزم، هاندانی چاكبوونەوەی برین و كرداری مەیینی خوێن، فرمانی گلاندی دەرەقی، هەستی بۆن و چێژ، پاراستنی تەندرووستیی پێست، هەروەها هاندانی گەشە هەر لە كۆرپەوە تا دەگاتە قۆناغی نەوجەوانی و هەرزەكاری. زینك لە هەموو خانەكانی لەشدا هەیە و یارمەتی گەشە و دابەشبوونی خانە دەدات، هاوكات لەگەڵ چالاكیی ئەنزیم و پڕۆتینەكان و DNA یان جینەكان. خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە زینك: گۆشت، پەلەوەر، ماسی و خۆراكی دەریایی، دانەوێڵەی تەواو، پاقلەمەنییەكان، كاكڵەكانی وەكو باوی و گوێز و كازۆ، تۆوەكان بەتایبەتی تۆی كوولەكەی زستانە، هەروەها شیر و بەرهەمەكانی بەتایبەتی ماست. نیشانەكانی كەمیی زینك لە لەشدا: قژهەڵوەرین، سكچوون، دواكەوتنی پێگەیشتن لە هەرزەكاراندا، گرفت لە پێست و چاودا، لەگەڵ كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن. پێویستیی ڕۆژانەی زینك بۆ كەسانی پێگەیشتوو بریتییە لە 11 ملگم بۆ پیاو و 8 ملگم بۆ ئافرەت. زیاد وەرگرتنی زینك لە ڕێگەی دەنك كە ڕۆژانە لە 40 ملگم زیاتر بێت، بە بێ ڕێنمایی دكتۆر لەوانەیە كە ببێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی زینك لە لەشدا كە هۆكارە بۆ سەرهەڵدانی چەند نیشانەیەكی وەكو: هێڵنج و ڕشانەوە، سكچوون، ئازاری گەدە، لەگەڵ سەرئێشە