مونیر حەداد دادوەری پێشووی دادگای باڵای تاوانەكان بۆ گوڵان: ڕژێمی بەعس تەجروبەی كیمیایی و بایلۆجی لەسەر زیندانییانی كوردی فەیلی كردووە
كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی و تاوانەكانی دیكەی ڕژێمی بەعس دژ بە كورد و پێكهاتەكانی دیكەی عێراق لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بە تاوانی «جینۆساید» دادەنرێن و بە تێپەڕبوونی كات كۆن نابن و دەبێت قوربانییەكان قەرەبوو بكرێنەوە، گۆڤاری گوڵان لەم ژمارەیەدا دیدارێكی لەگەڵ كوردێكی فەیلی و كەسایەتییەكی ناسراو ساز دا، ئەویش دادوەری پێشووی دادگای باڵای تاوانەكان (مونیر حەداد)ـە كە لەو كاتەدا جێگری سەرۆكی دادگای تەمیزی دادگای باڵای تاوانەكان بووە و فەرمانی جێبەجێكردنی لەسێدارەدانی سەدام حوسێنی پێنجەمین سەرۆكی عێراقی واژوو كردووە. لێرەدا دەقی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
* پێش ئەوەی باسی تاوانی كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی بكەین، لەو پرسیارەوە دەست پێ دەكەین، مونیر حەداد وەكو كوردێكی فەیلی چۆن بڕیاری لەسێدارەدانی سەدام حوسێنی واژوو كرد؟
- سەرەتا من ئینكاری كوردبوونم ناكەم و هەروەكو چۆن وەكو كوردێكی شیعە خۆشەویستیم بۆ ئەهلی بەیت هەیە و فەزڵێكی زۆریان لەسەرم هەیە، هەرواش خۆشەویستیم بۆ كورد و هۆزی باوكم هەیە كە هۆزی شوانە و هۆزێكی گەورەیە لە عێراق و دایكیشم مەلیك شایە. باوك و براگەورەكانم لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشەكەیدا بوون و دوو برام لەپێناو كوردبوون و ئەو شۆڕشەدا شەهید بوون، هەر بۆیە پەیوەندییەكی باشم هەبووە لەگەڵ مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی خودا لێی خۆش بێت، بگرە لەگەڵ سەركردە شیعەكان و سوننەكانیشدا. سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكەش، من لە 30ی دیسەمبەری 2006 وەكو كورد و شیعە سزای سەدام حوسێنم نەدا، سەدام حوسێن وەكو سەرۆك كۆماری ئەو سەردەمە و تاوانبار بە كوشتنی عێراقییەكان و كوردەكان و بگرە سوننەشی زیاتر كوشتووە لە شیعە، من خۆم چەندین ساڵ زیندانی دەستی ئەو ڕژێمە خوێنڕێژەی بەعس بووم. لەبیرمە كاتێك لە عێراق وەكو پارێزەرێك كارم دەكرد، خۆم و خانەوادەكەم وەكو كوردێكی فەیلی كەوتینە بەردەم شاڵاوی دەستگیركردن و بەزۆر ڕاپێچكردنمان بۆ دەرەوەی وڵات و لە ناو ئازار و مەینەتییەكانی قوربانییەكانی دەستی ئەو ڕژێمە ژیاوم.
ئەو ڕۆژەی سەدام حوسێنیان هێنا، جلوبەرگی ڕەشی لەبەردا بوو، دەستەكانی كەلەپچە كرابوون و قورئانێكی پیرۆزی لەژێر باڵی دانابوو، كاتێك بڕیاری جێبەجێكردنی لەسێدارەدانی سەدام حوسێنم خوێندەوە، دەستی بە هاواركردن و جنێودان بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریكا كرد، دواتر بردیانە ژوورەوە بۆ ناو هۆڵێكی سارد و بۆن ناخۆش و بەسەر 14 پلیكانە سەریان خست، بۆ بەردەم پەتی لەسێدارەدانەكە و لەو كاتەشدا سەدام بەو پۆلیسەی وت كە لەگەڵیدا بوو: «بە مردن هەڕەشەم لێ مەكە، ئەمە چارەنووسی خۆم بوو لەو كاتەی كە لەدایك بووم». حوكمی سەدام حوسێن 35 ساڵی خایەند و دواجار لەسەر تاوانەكانی لەناویشیاندا كۆمەڵكوژی و جینۆساید لە سێدارە درا، بڕیارەكەش 100% عێراقی بوو، نەوەكو ڕۆژئاوایی و ئێرانی.
ئەمە جێبەجێكردنی فەرمانێكی دادگا بوو، گەڕانەوەی بەشێك بوو لە مافی ئەو هەموو قوربانی و كۆمەڵكوژی و ئازاردانەی خانەوادە عێراقییەكان بە كورد و شیعە و سوننەشەوە .
* كەواتە وەكو كوردێكی فەیلی و پارێزەر و دادوەرێكی پێشوو ئەو پرسیارەت لێ دەكەین، ئایا كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی دەكەوێتە ژێر چ جۆرێك لە كۆمەڵكوژی و ئەو پاساوانە چی بوون كە وای كرد، ڕژێمی بەعس ئەو تاوانە قێزەوەنە دەرهەق بە پێكهاتەیەكی ڕەسەنی وەكو كوردی فەیلی ئەنجام بدات؟
- جینۆساید بە واتای كۆمەڵكوژی دێت و لە دادگا نێودەوڵەتییەكان سەلماندنی زۆر قورسە، خۆی لە خۆیدا تاوانە نێودەوڵەتییەكان كە دادگا نێودەوڵەتییەكان قسە و باس و لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەن، سێ جۆرن: (تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی كۆمەڵكوژی و تاوانەكانی جەنگ)، بۆ نموونە تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەچێتە ژێر ناوی تاوانی كۆمەڵكوژیی جینۆسایدەوە كە ئامانج لێی لەناوبردنی پێكهاتەیەكی نەتەوەیی وەك كورد بووە، بۆیە لە ڕێگەی كاری دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق لە ماددەی 11 و 12 سەلمێنراوە كە تاوانی هەڵەبجە تاوانێكی كۆمەڵكوژیی جینۆسایدە، لەم ڕوانگەیەشەوە دۆسێی تاوانی كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی بە یەكێك لە دۆسێ و پرسە گەورەكان دادەنرێت، بەو پێیەی لەناوبردنی پێكهاتەیەكە لەبەر دوو هۆكاری نەتەوەیی و مەزهەبی، واتا حزبی بەعس و ڕژێمەكەی سەدام ئامانجیان لە جێبەجێكردنی ئەم تاوانە لەپێناو دوو هۆكار بووە، هۆكارێكی نەتەوەیی كورد و هۆكارێكی ئەوەی سەر بە مەزهەبی شیعەن.
لەم تاوانە كۆمەڵكوژییەدا بە زۆرەملێ 600 هەزار كوردی فەیلی ڕاپێچی ئێران كران و دەست بەسەر ماڵ و حاڵیاندا گیرا و تەنانەت بەڵگەنامەكانیشیان دەستی بەسەردا گیرا و 20 هەزار گەنجی كوردی فەیلی لە زیندانی نوگرە سەلمان بێسەروشوێن كران و لەناو بران و بە سەدانی دیكەش زیندانی كران و ماوەیەكی زۆر لەناو زیندانەكانی ڕژێمی بەعس بە بێ هیچ تۆمەتێك دەستبەسەر كران، بۆیە ئەمەش جینۆسایدە و تاوانێكی نێودەوڵەتییە و لە دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق و لە پەرلەمان ددانی پێدا نراوە و بە زۆرینەی دەنگ، دەنگ درا بەوەی تاوانی بەرانبەر كوردی فەیلی تاوانێكی كۆمەڵكوژی بووە، خۆ لەپاڵ ئەم تاوانە جینۆسایدە قێزەوەنەشدا چەندین تاوانی دیكە لە تاڵانكردنی ماڵ و حاڵ و جیاكردنەوەی خێزانەكان و بە زۆر كۆچپێكردنیان بۆ ناوچەكانی خوارووی عێراق ڕووی داوە.
* باسی شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی و بەشداریكردنی خێزانەكەت لەو شۆڕشەدا كرد، دەكرێت باسێكی ئەوەش بكەیت، كە بەشداریكردنی كوردانی فەیلی لە شۆڕشی ئەیلوول هۆكارێكی سەرەكی بووە لە تۆڵەكردنەوەی بەعس لە كوردانی فەیلی و ڕاپێچكردنیان بۆ ئێران؟
- هەموو كوردی فەیلی مەلا مستەفا بارزانییان خۆش دەویست و پاڵپشتیی شۆڕشی ئەیلوولیان دەكرد. من سێ برای گەورەم پێشمەرگە بووە لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانیدا، دوو برای گەنجم سەدام حوسێن لە سێدارەی داون و لە سەردەمی سەدام حوسێنیش دوو وێنە لەناو هەموو ماڵێكی كوردی فەیلیدا بووە، وێنەیەكی عەلی ئەبووتالب و وێنەیەكی مەلا مستەفا بارزانی، هاوكاری و یارمەتییەكان بۆ شۆڕشی ئەیلوول لە كوردە بازرگانە فەیلییەكانەوە دەنێردرا و ئێزگەی دەنگی كوردستان لە لایەن ئەوانەوە دابین كرا، ئەو سەردەمەشی كە مەلا مستەفا بارزانی لە سۆڤیەت گەڕایەوە، گەنجانی كوردی فەیلی پاسەوانی شوێنی نیشتەجێبوونیان لەبەغدا دەكرد. من جوان لەبیرم دێت كە منداڵ بووم لەگەڵ خانەوادەكەم دەچووینە ناوپردان سەردانی براكانم دەكرد، كە ئەو سەردەمە پێشمەرگە بوون لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی بوون، زۆر لەو كوردە فەیلییانە لە دوای لەناوبردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد و ڕووخانی شۆڕش ڕوویان لە ئەوروپا كرد و نەگەڕانەوە. من خۆم و برایەكی پێشمەرگەم ڕوومان لە هۆڵەندا كرد و براكەشم هەر لەوێ كۆچی دوایی كرد، برایەكی دیكەم لە كەسنەزان لە هەولێر كۆچی كردووە و لەوێش نێژراوە. لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی لەناو جەرگەی بەغدا زۆربەی سەركردەكانی ڕێكخراوەكانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان و تەنانەت سەركردەی گەورە لەناو پارتی لە كوردانی فەیلی بوون. حەبیب محەمەد كەریم كە خاڵمە سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، عادل موراد لەناو یەكێتیی قوتابیانی پارتی دیموكراتی كوردستان و زەكییە ئیسماعیل سكرتێری یەكێتی ئافرەتان بوو، كوردانی فەیلی لەناو زۆربەی حزبەكانی دیكەی وەكو حزبی شیوعی و یەكێتی و حزبە شیعەكان مەكانەت و پێگەی خۆیان هەبووە، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش بوو سەدام حوسێن تۆڵەی توندی لە كوردی فەیلی كردەوە، چونكە پاڵپشتیی مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی كورد و شیوعییەكانیان دەكرد.
* كوردانی فەیلی لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئەو پێكهاتانەی كوردی ڕەسەن دێن كە كەوتنە بەر شاڵاوی جینۆساید، ئایا تا چەند لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس كوردانی فەیلی و خێزانەكانیان قەرەبوو كراونەتەوە؟
- جینۆسایدی كوردانی فەیلی تاوانێكی گەورە بوو لە زەمەن و سەردەمێكی هەستیاردا و گەنجەكانیان تەنیا زیندانی نەدەكران، بەڵكو بێسەروشوێن دەكران و تاكو ئێستاش ئێسك و پرووسكی زۆریان نەگەڕاوەتەوە و ماڵ و حاڵیان دەستی بەسەردا گیرا و بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كران. لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دداننان بە جینۆسایدەكەدا لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكان و پەرلەمانی عێراق، لەلایەن دەزگای شەهیدانەوە، مووچەی شەهیدانیان پێشكەش بە خێزان و خانەوادەی كوردانی فەیلی كرد، ئەگەرچی من لەگەڵ ئەوەدام خوێن قەرەبوو ناكرێتەوە، بەڵام ئەوە سەلمێندرا كە كوردی فەیلی شەهید بووە و زیندانی كراوە و مووچەی شەهیدان و زیندانی سیاسییان بۆ بڕایەوە، ئەو خێزانانەی بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كران، هەندێكیان مووچەیان بۆ تەرخان كرا و لە ڕێگەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانیشەوە هەندێك ماف و ئیمتیازاتیان بێ بەخشین، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە عێراق لە زەمەنی ڕژێمی بەعس خەڵكێكی زۆر زیانی پێگەیشت و كەسیش بە تەواوەتی قەرەبوو نەكراوەتەوە. ئەوەتا ئەنفالەكان و بارزانییەكان و ڕاپەرینی شەعبانی و سیاسییەكان و عەلمانییەكان و شیعەكان و دەیان تاوانی دیكەی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی كۆمەڵكوژی بوونیان هەیە، هەموو خانەوادەكانیان یان كەسە زیانلێكەوتووەكان بەپێی پێویست نەتوانراوە قەرەبوویان بكرێتەوە. لەو سەردەمە سەدام حوسێن و ڕژێمەكەی لەلایەن ڕۆژئاوا و ئەمریكاوە پاڵپشتی دەكران، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی لە بەرانبەر ئەو هەموو تاوانە دەپۆشی. سەیری تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بكەین، دەبینین هەر بە چەند ڕۆژێكی كەمی دوای ئەوەی ڕژێمی سەدام كیمیابارانی هەڵەبجەی كرد، بەریتانییەكان بڕی 700 ملیۆن پاوەنی ئەو سەردەمەیان كە هێندەی بودجەی دەوڵەتێك بوو، وەكو هاوكاری پێشكەش بە سەدام كرد، هەموو ئەو كارەسات و كۆمەڵكوژی و تاوان و ڕووداوانەم لەبیرە. من تەمەنم زیاتر لە 60 ساڵە. ڕژێمی سەدام حوسێن پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان باش بوو، تەنانەت پێش ڕووخانەكەشی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا باش بوو، ئەگەر ئەمریكا نەبووایە هەرگیز بە ئێمە ئەو ڕژێمە خوێناوییە نەدەڕووخا.
* زۆر باسی زیندانەكانی كوردانی فەیلی و بێسەروشوێنكردنی گەنجەكانی كوردی فەیلی دەكرێت. پێشتر وەكو پارێزەر و دادوەر لە دادگاكانی عێراق كارت كردووە، هیچ زانیارییەكی ورد و بەڵگەنامەت لەسەر ئەو تاوانانە هەیە؟
- بەڵێ، زۆر لەو بەڵگەنامە و دیكیۆمێنت و وێنانە هەیە كە چۆن گەنجەكان لە نوگرەسەلمان زیندانی كراون و دواتر پۆل پۆل بێسەروشوێن كراون و ژمارەیەكیان لەژێر ئەشكەنجەدان كوژراون و ژمارەیەكیان لە ناو كێڵگەكانی مین و بە (تی ئێن تی) كوژراون و دواتر بە خێزانەكانیان وتوون ناردوومانن بۆ شەڕ و لە كێڵگەی مین كوژراون و هەندێكیشیان تەجروبەی كیمیایی و بایلۆجیان لەسەر كردوون، من زۆر لەوانەی دەستگیر كراون و لە زیندانەكاندا بوون، خزم و كەسوكار و هاوڕێ نزیكەكانمی تێدا بووە.
* چی بكرێت بۆ ئەوەی كوردانی فەیلی دوای ئەو زوڵم و جینۆسایدەی تووشی بوون، قەرەبوو بكرێنەوە و پێگەی خۆیان لە ناو كۆمەڵگەی كوردستانی و عێراقی بۆ بگەڕێتەوە؟
- بەداخەوە، حزبە شیعەكان لە حزبە كوردستانییەكان زیاتر گرنگییان بە كوردانی فەیلی داوە، كاكە هەر هیچ نەبێت، وەكو هاووڵاتییەكی كورد مامەڵەیان لەگەڵ بكەن، بۆ دەبێت كورد كە لە دەرەوەی هەرێمە بە شێوەیەكی نامۆ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت؟ لە كاتێكدا كوردی فەیلی چەندین ملیۆن كەسن لە بەغدا و دیالە و ناسرییە و بەسرا و سەرجەم پارێزگاكانی عێراقدا بوونیان هەیە، بە هۆی پشتگوێخستنیان ژمارەیەكی زۆریان تەعریب كران و زۆربەی بنەماڵەی سەركردە سیاسییە گەورەكانی عێراق لە ئەسڵدا بۆ خێزان و خانەوادەكانی كوردانی فەیلی دەگەڕێنەوە. بەداخەوە كێشەی حزبە كوردستانییەكان بە هاوشێوەی حزبەكانی دیكەی عێراق ئەوەیە بە دوای كەسی گونجاو و پاك و خاوێن و شیاودا ناگەڕێن، لە دوای 2003 بارودۆخی حزبە عیلمانی و نەتەوەیی و دینییەكانیش بە دوای كەسی باش ناكەون و زۆربەی پێگە گرنگەكانیان بە دەست كەسانی نەشیاو و خراپەوەیە، بۆیە خەڵكی لێیان دوور دەكەوێتەوە. لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا كوردێكی زۆری تێدا نیشتەجێن و بەشێكی بووەتە خاوەن ڕەگەزنامەی دووەم لەو وڵاتانە، بەڵام بۆ كوردی فەیلی بە هیچ شێوەیەك كاری لەسەر نەكراوە و وەكو كورد مامەڵەیان لەگەڵ ناكرێت. لە سوید و ئەڵمانیا و هۆڵەندا و سویسرا كوردێكی زۆری فەیلی هەن، كەچی لەلایەن حزبە كوردستانییەكانەوە فەرامۆش كراون، سەركردە شیعەكان زیاتر گرنگییان بە كوردانی فەیلی داوە و سەرجەم پێگە و نفووزیان لە حزبە شیعەكان دەست كەوتووە. من سەرۆكی گەورەترین و بەرزترین باڵای دادگا بووم لە مێژووی عێراقدا، لە كاتێكدا كوردێكی شیعە بووم و سەدام حوسێنم بە دەستی خۆم لە یەكەم ڕۆژی جەژندا لە سێدارە دا. ئێمە هەرگیز ئینكاری كوردبوونمان و بەشداریكردنمان لە شۆڕش و ڕاپەرینەكان دژی زاڵمەكان ناكەین، هەروەكو چۆن لە بەرانبەر پشتگیریمان بۆ عەبدولكەریم قاسم قەومچییەكان لە 8ی شوباتی 1963 قەسابخانەیەكیان بۆ داناین و لە بەرانبەر پاڵپشتیمان بۆ مەلا مستەفا بارزانی بە جالیەی ئێرانی دانراین و بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كراین. ئێمە پاڵپشتیی ئەو كەسانەمان دەكرد، كە ڕاستگۆ بوون و لەسەر مەزڵووم و كەسی زوڵملێكراویان دەكردەوە، بۆیە هەر شانازی بە كوردبوونمان و شیعەبوونمان دەكەین و لە ناو هەرێمی كوردستان بێت، یان لە عێراق و دەرەوە دەبێت، مێژوو ڕێز لە شەهید و قوربانییەكانمان دەگرێت.