ماهیر سورچ ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: چەكدارانی پەكەكە لە هەر شوێنێك بن نائارامی و گێرەشێوێنی دەنێنەوە

ماهیر سورچ  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:  چەكدارانی پەكەكە  لە هەر شوێنێك بن  نائارامی و گێرەشێوێنی دەنێنەوە

 

 

چەكدارانی پەكەكە لە بری ئەوەی لە باكووری كوردستان درێژە بە كار و خەباتیان بدەن، هاتوونەتە باشووری كوردستان و چەندین شوێنیان لە سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا وەك چیای قەندیل داگیر كردووە، ماوەیەكیشە هەوڵ و جووڵەیان بۆ ئەوەیە زیاتر بێنە قووڵایی باشووری كوردستان، بەم هۆكارەش فڕۆكەی سەربازیی توركیا بەردەوام دێتە سەر چەندین ناوچە و دەڤەری هەرێمی كوردستان و بە بیانووی بوونی چەكدارانی پەكەكە بۆردومانی گوندەكان دەكات، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە و چەند تەوەرێكی دیكەی پەیوەندیدار گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ماهیر سورچ ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجام دا .

 

 

* چەكدارانی پەكەكە لەبری ئەوەی جموجووڵەكانیان لە شوێنی خەباتی ڕاستەقینەی خۆیان لە باكووری كوردستان زیاد بكەن، كەچی هاتوون گرژی و پشێوی لە هەرێمی كوردستان دەنێننەوە و شانە چەكدارەكانیان ڕوویان كردووەتە ئاوەدانی و ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی، ئایا ئەمە بۆ شكستی ئەوان دەگەڕێتەوە لە خەباتیان لە باكووری كوردستان؟ بۆچی ماوەیەكە چەكدارانی پەكەكە جموجووڵەكانیان زیادی كردووە لە چەندین ناوچە و دەڤەری باشووری كوردستان و لێرە و لەوێ كاری كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن؟ ئایا هیچ وڵات و لایەنێك هەیە پشتگیربیان بكات؟

- لە سەرەتای دامەزراندنی پەكەكەوە كەس بۆی نەبووە بڵێت «چەكدارانی پەكەكە»، بەڵكو هەموو لایەكمان لە باكووری كوردستان بە دەرفەت و هەلێكمان دەزانی كە ڕۆژێك لە ڕۆژان نەك تەنیا باكووری كوردستان، بەڵكو هەر چوار پارچەی كوردستان ڕزگار بكەین، ئەگەرچی بەداخەوە وا دەرنەچوو. پەكەكە چووە ناو چوارچێوەیەك بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و دوور لە بیر و باوەڕی نەتەوەیی و كوردایەتی، لە ڕاستیدا بوونی ئەو چەكدارانەی كە ئێستا هەن و دەركەوتووە هەموو هەوڵێكیان بۆ دۆزینەوەی دەرفەتە كە كاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن، هەر بۆیە چەكدارانی پەكەكە لە هەر شوێنێك بن، ئەوە ماڵوێرانی و ناسەقامگیری ڕووی تێدەكات، پەكەكە و سەركردەكانیان نازانین چ ناوێكیان لێ بنێین، تەنیا دەتوانین بڵێین لایەنێكی چەكداران بۆ دژایەتیی نەتەوە و نیشتمانی كورد و كوردستان. دەركەوت پەكەكە دژی هەموو پارت و گرووپ و لایەنە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی دیكەشە و دژی سەربەخۆیی كوردستانە، بە ئاشكرا چەكدارانی پەكەكە هەر لە سەرەتای دەركەوتنیان ڕایانگەیاندووە كە دژی بیری نەتەوەیی و ئەو لایەن و حزبانەن كە بۆ سەربەخۆیی و یەكپارچەیی كوردستان هەوڵ دەدەن، ئێستا زیاتر دەركەوتووە كە دژایەتیی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، هەروەها زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت چەكدارانی پەكەكە بە شێوەی گرووپ گرووپ لە دەڤەر و ناوچەی جیا جیای هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە دەڤەری سلێمانی و ڕاپەڕین و گەرمیان دەردەكەون و هەر ئەو جووڵانەشیانە وای كردووە كە ئەو ناوچانە بۆردومان بكرێن و خەڵكی سڤیلی ناوچەكە تووشی دڵەڕاوكێ و ناسەقامگیری بن، جگە لەوەی بەو هۆیەشەوە گوندنشینانی باشووری كوردستان شەهید و برینداربوون و ئەو جووڵە و كارانەشیان بە دەست لەپشتدانی داگیركەر و دوژمنانی كوردستانە، لە ماوەی ڕابردووشدا دیتمان بۆ گێرەشێوێنی و تێكدانی بارودۆخی هێمن و ئارامی هەولێری پایتەخت كارێكی ترسنۆكانەی تیرۆریستییانەیان لەسەر پردێكی پەڕینەوەی خەڵكی مەدەنی ئەنجام دا. 

* ئەم سیاسەت و بەرنامە چەوتانەی دژ بە هزری نەتەوەیی كورد و دوور لە مەنتیقی عەقڵەوە زیانی گەورەیان بە كوردانی هەر سێ پارچەی كوردستان (باكوور، ڕۆژئاوا و باشوور) گەیاندووە. ئایا تا چەند جەماوەر و لایەنگرانی پەكەكە لە باكووری كوردستان ڕووی لە داشكان و كەمبوونەوە كردووە؟

- لە باكووری كوردستان لایەنگر و جەماوەری پەكەكە وەكو جاران نەماوە، تەنیا كۆمەڵێك گرووپی چەكداری نەزان و هەندێك جار بەرژەوەندیخواز بە دوای سەركردە شۆڤێنی و شەڕانگێزەكانی پەكەكە كەوتوون. ئەوانەی ئەڵقە لە گوێی وڵاتانی دەوروبەر و گرووپە چەكدارەكانی دژ بە قەوارەی هەرێمی كوردستانن، پەكەكە تا سەر ئێسقان دژی قەوارەی هەرێمی نیمچە سەربەخۆی كوردستانە، ئەوان لەژێر ئەجیندا و مەرامی ئاغاكانیان كار دەكەن و دەیانەوێت دوای ئەوەی گەنجانی باكوور لە پەكەكە دوور كەوتنەوە، گەنجەكانی ئێرە فریو بدەن، بۆیە ئەم تاقمە بەكرێگیراوە تا دێت لەناو خاكی توركیا لاوازتر دەبن و كارە چەكدارییەكانیان خستووەتە قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستانەوە، تەنانەت خەڵك و ئەندام و لایەنگرانی پەكەكە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا سەری خۆیان هەڵگرتووە و ڕۆژانە بۆ ڕاكردن لە دەرفەت دەگەڕێن، تەنانەت خەڵكی ئەو گوندانەی نزیكی پەكەكەن لە ترسی هێرشی درۆن و فڕۆكە سەربازییەكانی توركیا گوندەكانیان چۆڵ كردووە، بۆ نموونە تەنیا لە دەڤەری سیدەكان زیاتر لە (115) گوند چۆڵ كراون.

* چەكدارانی پەكەكە چۆن بوونەتە داردەستی ئەو ميليشیانەی كە دژی هەرێمی كوردستانن؟ ئایا ئەمە دژ بە بیر و هزری نەتەوەیی و نیشتمانی نییە؟

- من بە دڵنیاییەوە دەڵێم، پەكەكە هیچ كات هەڵگری بیری نەتەوەیی و كوردستانی نەبووە، نە لە ئێستا و نە لە ڕابردوودا كاری بۆ سەربەخۆیی كوردستان نەكردووە، بەڵكو ئەو چەكدارنە بوونەتە چەند گرووپێكی چەكداری بەكرێگیراو و هەر گرووپێكیان سەر بە سەركردەیەكی ئەو حزبەن و بۆ ئەو لایەن وڵاتانەی كە داگیركەر و دوژمنی كوردستانن كار دەكەن، لە مێژووی كورد و شۆڕەشەكانیدا بیر لە تۆڵە نەكراوەتەوە، كەچی لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە ئەو كار و كردەوانە بەشێكی دانەبڕاوە لە پیلان و بەرنامەكانیان، لە سێ تا چوار ساڵی ڕابردوودا چەندین كاری تیرۆریستی و قێزەونیان ئەنجام داوە لە دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەوڵی تیرۆری شەخسیان داوە، تەنانەت چەكدارانی پەكەكە كاری تیرۆریستی بەرانبەر چەكدارانی خۆشیان پیادە دەكەن.

*  قەوارەی هەرێمی كوردستان بەرهەمی شۆڕش و خوێنی شەهیدان و خەباتی هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانە، ئەو هەرێمە بووەتە پێگەیەك بۆ هەموو گەلی كوردستان لەهەر چوار پارچەدا، ئایا لایەنگران و ئەندامانی پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانیان ئەم ڕاستییە نازانن كە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێنەوە؟

- هەموو حزب و لایەنێكی نەتەوەیی و كوردستانی كە دروست بووە، بە مەبەستی تێكۆشانە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان، بۆ نموونە هەر وەك مێژوو سەلماندوویەتی كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەو سەردەمەی لەسەر دەستی مەلا مستەفا بارزانی دەستی بە شۆڕشی ڕزگاریخوازیی بۆ كوردستان كردووە و لە پاشان لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی كوردستانەوە بەردەوامی بووە و ڕووبەرووی هەموو هێرش و مەرام و پیلانێكی ناحەزانی كورد بووەتەوە، لە هەموو قۆناغەكانی خەباتیشدا هەرگیز نەبوونەتە هۆی نانەوەی بارودۆخی نەخوازراو بۆ بەشەكانی دیكەی كوردستان. كەچی چەكدارانی پەكەكە بەپێچەوانەوە لەو ڕۆژەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەو چەند ساڵەی دوایی لە بری ئەوەی لە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان كە باكووری كوردستانە كار و خەبات بكەن، هاتوونە ناو سنوور و خاكی باشووری كوردستان، پەكەكە نەیانهێشتووە نزیكەی (600) گوند لە ناوچە سنوورییەكان ئاوەدان بكرێنەوە.

* ئایا هۆكار چی بوو كە چەكدارانی پەكەكە هەوڵ و پڕۆسەی ئاشتییان لەباربرد، كە جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ تەرخان كردبوو؟

- چەكدارانی پەكەكە لەگەڵ ئاشتی و لێبووردەیی نین، ئەگینا لەو كاتەی كە جەنابی سەرۆك بارزانی وەك كارێزما و مەرجەعی گەلی كوردستان هەستا بە دەستپێشخەرییەكی گونجاوی هاوچەرخ كە كێشەی كوردی باكووری كوردستان لەگەڵ حكومەت و وڵاتی توركیا لە ڕێگای گفتوگۆو و لەیەكترگەیشتن بە ئاشتی چارەسەر بكات، چەكدارانی پەكەكە لەبری بەدەنگەوەهاتنی ئەو هەوڵە، هەستان شەڕی خەندەقیان لە باكووری كوردستان لە بەرانبەر سوپای توركیا ئەنجام دا، كە بووە هۆی ئەوەی گەلی كوردستان لە باكوور زەرەر و زیانێكی گیانی و دارایی زۆر بكەن و پڕۆسەكەی ئاشتییش لەبار بەرن، لە لایەكی دیكەوە لەو كاتەوە جەنابی سەرۆك بارزانی شەڕی كورد لەگەڵ كوردی حەرام كردووە، چەكدارانی پەكەكە ئەو فەرمان و بڕیارە نەتەوەیی و نیشتمانییەیان قۆزتووەتەوە و لێرە و لەوێ شەڕ بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەفرۆشن، تەنیا بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان تێك بدەن. 

 

Top