سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و "هاوڕابوون" کە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق هێرشی سەر نێردە دیپلۆماسییەکان رابگرێت. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەردوولا تەبایی و لێكگه‌يشتنى‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌كانیان به‌تايبه‌تى پارتى و يه‌كێتی له‌ هه‌رێمى كوردستان و لەسەر ئاستى عێراق به‌ پێويست زانى.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-12-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ڤیکتۆریا نولاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران ئامادەی بوون.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، باسیان لە په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان کردووە.

 
هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئاسايش و سه‌لامه‌تيى نێرده‌ ديپلۆماتييه‌كان و هێزه‌كانى ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانان له‌ عێراق كرده‌وه‌ و " هاوڕا بوون كه‌ ده‌بێ لايه‌نه‌ په‌يوه‌‌نديداره‌ عێراقييه‌كان رێكارى پێويست بگرنه‌ به‌ر بۆ وه‌ستاندنى ئه‌و هێرشانه‌."
 
لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "ته‌بايى و لێكگه‌يشتنى‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان به‌تايبه‌تى پارتى و يه‌كێتييان له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌سه‌ر ئاستى عێراق به‌ پێويست زانى. له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ لێكگه‌يشتن و باشبوونى په‌يوه‌ندييه‌كان كرد."
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكانى عێراق، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، دوايين پێشهاته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست، لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌ و چه‌ند بابه‌تێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، باسکراون، ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە. 
 

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد
Top