پڕۆفیسۆر مایكڵ بارنێت بۆ گوڵان:   بە هۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی ئەمریكا و چین شكاوەتەوە

پڕۆفیسۆر مایكڵ بارنێت بۆ گوڵان:     بە هۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی ئەمریكا و چین شكاوەتەوە

 

 

مایكڵ بارنێت، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروباری نێودەوڵەتییە لە سكووڵی ئیلیۆت لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و حوكمڕانیی جیهانی و چەند پرسێكی پەیوەندیدار دەدات. پێشتر وانەبێژ بووە لە زانكۆكانی مینێسۆتا، ویسكۆنسن و تەل ئەبیب. بۆ تاوتوێكردن و شرۆڤەكردنی دەرئەنجامەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و گۆڕانكاری لە هاوكێشەی هێز و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.

 

•  باس لەوە دەكرێت كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا گۆڕانكاری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا هێناوەتە ئاراوە و بگرە هاوسەنگیی هێزیشی لەسەر ئاستی جیهانی گۆڕیوە، بە چەشنێك ئاماژە بەوە دەكرێت، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین لە پێگەیەكی باشتر و بەهێزتردان، چونكە ئەم شەڕە بووەتە هۆی لاوازكردنی پێگەی سیاسی و سەربازی و ئابووریی ڕووسیا، لێكدانەوەی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- بۆ تاوتوێكردن و وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ لێكدانەوەی پرسی ئەوەی ئایا پێگەی نێودەوڵەتیی ڕووسیا پێش بەرپابوون و هەڵگیرسانی شەڕەكە و داگیركارییەكەی بۆ ئۆكرانیا چی بوو و لە چ ئاستیدا بوو، كە پێم وایە لەو كاتەشدا تێڕوانینەكە- لەم ڕووەوە- ئەوە بوو كە دوو هێزی مەزنی جیهانی كە مابێتنەوە لەسەر شانۆی جیهان بریتی بوون لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین، واتە ڕاستە لەو كاتەشدا وەك هێزێكی مەزنی جیهانی لە ڕووسیا دەڕوانرا، بەڵام نەك هێزێكی پتەو و توندوتۆڵ، ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك، یەكەمیان ئەوە بوو كە لە ڕووی ئابوورییەوە ڕووسیا بە ڕاددەیەكی گەورە پشتی بە داهاتی سەرچاوە سرووشتییەكان دەبەست، هۆكارێكی دیكە پەیوەست بوو بەوەی لەو كاتەدا وا لە هێزی سەربازی و سوپای ڕووسیا دەڕوانرا كە هێزێكی مەزن و باڵادەست بێت، بەڵام ئاشكرایە لە ئێستادا و دوای شەڕەكە ئەو تێڕوانینە بە تەواوەتی ڕەویوەتەوە و لە ئارادا نەماوە، خاڵێكی دیكە پەیوەستە بەوەی كە لە ڕووی دیموگرافییشەوە ڕووسیا لاواز بووە.

• ئاشكرایە كە وڵاتانی رۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جگە لە دەستەبەركردنی چەك و هاوكاریی سەربازی بۆ ئۆكرانیا، چەندین سزای ئابووری و داراییان بە سەر ڕووسیادا سەپاندووە، بەڵام پێ ناچێت ئەم سزایانە هیچ كاریگەرییەكیان هەبووبێت لەسەر گۆڕینی سیاسەت و بڕیارەكانی ڕووسیا لە ئاستی شەڕەكەدا، لێكدانەوەی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

-  لە ڕاستیدا ئەوەی پەیوەست بێت بە سزاكانەوە، ئەوا ڕاستە مشتومڕێكی زۆر دەكرێت لەم بارەیەوە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین كە بۆنەتە هۆی لاوازكردنی ئابووریی ڕووسیا. لەلایەكی دیكەوە و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسیارەكەی پێشتر، ئەوا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ڕووسیا دووەم زۆرترین ژمارەی چەكی ناوكی هەیە لە جیهاندا، كە ئەمەش بواری پێ دەدات بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەكی درێژ وەك هێزێكی مەزن بمێنێتەوە، چونكە ئەمە چەكە باڵادەست و مەزنەكەیە. هەر چۆنێك بێت، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانەی ئاماژەمان پێ كرد، ئەوا دەكرێت بڵێین: لە دوای كۆتاییهاتنی ئەم شەڕەوە ئەوا ڕووسیایەكی لاوازبوو دێتەئاراوە، ئەمە پرسێكە كە هیچ گومانێك هەڵناگرێت، واتە دوای ئەو دۆخە ڕووسیا لەوە دەگەڕێ، ئایا هیچ شتێكی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی وڵاتەكە لە ئاست ناو و ناوبانگی هێزێكی مەزندا بمێنێتەوە، بەڵام سەرباری هەموو ئەوانەش ئەوا هێشتا هەروەك هێزێكی مەزن لە وڵاتی ڕووسیا دەڕوانرێت، چونكە ڕووسیا هێندە گەورەیە كە ناتوانرێت نادیدە بگیرێت و لەبەرچاو نەگیرێت. ئەویش لەبەر ئەوەی كە دەكرێت بڵێین: هەندێ جار وەك هێزی مەزن لە وڵاتێك دەڕوانرێت، ئەویش نەك لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتە لە بارێكدا بێت كە دەتوانێت هاوكار بێت لە بەدیهێنان و پاراستنی سیستمە جیهانییەكەدا، بەڵكو لەبەر ئەوەی دەتوانێت ئەم سیستمە تێك بدات و پایەكانی لەق بكات. مەبەستم ئەوەیە بەشێكی بوون بە هێزی مەزنی ڕووسیا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە دەتوانێت كێشە و پشێوی بنێتەوە، هەروەك لە بەردەوامبوونی چالاكییەكانی گرووپی ڤاگنەر لە ئەفریقا بەدیمان كرد. كەواتە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ وەڵامی پرسیارەكەتان، ئەوا دەتوانین بڵێین: بەڵێ، لە دەرئەنجامی ئەم شەڕەوە دۆخێكی نێودەوڵەتی دەخوڵقێت و هەلومەرجێك دێتەئاراوە كە تێیدا تەرازووی هاوسەنگیی هێز بەلای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چیندا دەشكێتەوە، من گۆڕانكارییەك لەمەدا بەدی ناكەم.

• یەكێكی دیكە لە ڕەهەندەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دروستبوونی هاوكاریی سەربازییە لە نێوان ڕووسیا و ئێران، ئایا پێت وایە ئەم هاوكارییە سەردەكێشێت بۆ دروستبوونی هاوپەیمانێتییەكی پتەوتر و درێژخایەنتر لە نێوان ڕووسیا و ئێران، یان ئەمە تەنیا هاوكارییەكی كاتی و تێپەڕە؟

- بە شێوەیەكی گشتی وەڵامی من بۆ ئەو پرسیارانەی پەیوەستن بە ئەگەری درێژەكێشانی هاوپەیمانێتییەكان ئەوەیە كە دەبێت چاوەڕوانی كۆتاییهاتنی ئەو هۆكارا و پاڵنەرانە بكەین، كە بوونە هۆی هاتنەئارای ئەم هاوپەیمانێتییە. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ئەم شەڕە كۆتایی پێ بێت- كە ئومێدەكە ئەوەیە لە ماوەیەكی زوودا ئەمە بەدی بێت-، ئەوا دەبێت لەوە بڕوانین ئایا هاوپەیمانێتییەكە بەردەوام دەبێت و درێژە دەكێشێت، یان نا، لە ڕاستیدا من نازانم، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت یەكگرتنێكی كاتیی بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵاتی ئێران و ڕووسیایە، ئایا پەرە دەستێنێت و دەچێتە قۆناغێكی دیكەوە، من نازانم، بەڵام ئەوەی دەتوانرێت بوترێت ئەوەیە كە ڕووسیا ژمارەیەكی زۆری هاوپەیمانی درێژخایەنی نییە، واتە بە شێوەیەكی گشتی و بە زۆری هاوپەیمانێتییەكانی- بە چەشنێكی زۆرێك لە هاوپەیمانێتییەكانی دیكە- یەكگرتنێكی كاتیی بەرژەوەندییەكانە، كەواتە دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین دوای كۆتاییهاتنی ئەم شەڕە ئەم هاوپەیمانێتییە چ چارەنووسێكی دەبێت، كە ڕەنگە لە هەندێ بواردا درێژە بكێشێت و لە هەندێ بواری دیكەدا كۆتایی پێ بێت، كۆتایی وەڵامەكە بەوە دەهێنم، كە ئێستا ڕووسیا و ئێران هەر یەكەیان دەرئەنجامێك لە هاوكارییەكانیان بەدەست دەهێنن، ئەگەر دۆخەكە بە جۆرێك بگۆڕێت، كە نەتوانن ئەم دەستكەوت و دەرئەنجامە بەدەست بهێنن، ئەوا ئەم هاوپەیمانێتییەش دەپووكێتەوە.

• هەروەك ئاشكرایە كە ئەم شەڕە دەرئەنجام و لێكەوتەی گەورەی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا هەبووە، ئایا پێت وایە تا چەند ئەم وڵاتانە لە ڕووی وزە و ئاسایشەوە كار بۆ پشتبەخۆبەستن دەكەن؟

- ئەوە ڕاستە كە ئەم گوتارە لە سەركردەكانی وڵاتانی ئەوروپادا بەدی دەكەین، پرسیارەكەش ئەوەیە ئایا تا چەند دەتوانن هەنگاو بنێن بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە، كە ئێمە بینیمان نەیانتوانی وەك پێویست هاوكاری بۆ ئۆكرانیا دابین بكەن. هەروەها ئەمە بانگەشەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی بەهێز كرد، كە جەختی لەوە دەكردەوە پێویستە ئەوروپا بە حەزەر بێت لە پشتبەستن بە ڕووسیا، یان دروستكردنی پەیوەندی پشتبەیەكبەستن لەگەڵ ڕووسیادا. لەم ڕووەوە زەبری شەڕەكە و زەبری داگیركارییەكەی سەركردەكانی وڵاتانی ئەوروپای تووشی سەرسوڕمان كرد.

• هەرچەندە لە ئێستادا شەڕێكی دیكە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرساوە- لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا-، بەڵام پێت وایە تا چەند شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا كاریگەری و دەرئەنجامی درێژخایەنی لەسەر ئەم ناوچەیە دەبێت؟

- لە ڕاستیدا یەكێك لە دەرئەنجامەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بریتی بووە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان، كە ئەمەش كاریگەری كردووەتەوە لەسەر بارودۆخی وڵاتانی ئەم ناوچەیە، بەتایبەتی و بە دیاریكراوی وڵاتی میسر. هەروەها كاریگەریی هەبووە لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی خۆراك. هەرچۆنێك بێت، ناتوانین بڵێین شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا هیچ كاریگەرییەكی دروست نەكردووە و ناكات لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین: هۆكار و پاڵنەری دیكە لە ئارادان لەم ناوچەیەدا كە زیاتر لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەبنە هۆی خوڵقاندنی پەرەسەندن و پێشهاتەكان.

 

Top