شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   نوێنەرانی پێكهاتەكان پشتگیری لەوە دەكەن كۆتای پێكهاتەكان یەك بازنە بێت و كورسییەكانیان بەسەر بازنەكەدا دابەش نەكرێن

شڤان حەمدی  ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     نوێنەرانی پێكهاتەكان پشتگیری لەوە دەكەن كۆتای پێكهاتەكان یەك بازنە بێت و كورسییەكانیان بەسەر بازنەكەدا دابەش نەكرێن

 

 

شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و، بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە و یەكێكە لە ئامادەكارانی «بەیەكەوە ژیان لە كوردستان لە دیدی پێكهاتە ئایینیە جیاوازەكانەوە»، لە گفتوگۆی ئەم جارەدا (هەڵبژاردن و كۆتای پێكهاتەكان) بەم جۆرە دید و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو:

 

دوای ئەوەی سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی لە ساڵی 1992 بڕیاری دا هەڵبژاردنی گشتی لە كوردستان ئەنجام بدرێت و، ئەو بۆشاییە یاساییە پڕ بكرێتەوە و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دابمەزرێت، سەرۆك مەسعود بارزانی ڕایگەیاند: «ئەمڕۆ خۆشترین ڕۆژی ژیانی منە».

ئەم پێشەكییەم بۆ ئەو مەبەستە ئاماژە پێ كرد، كە بڵێم كاتێك باس لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، مەبەست لێی ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان بەشداریی پرۆسەی خۆیان بكەن و بە ئیرادەی خۆیان دەنگ بدەن و نوێنەرەكانی خۆیان هەڵبژێرن.

بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا خەڵكی كوردستان كێن؟ بێگومان كۆمەڵگەی كوردستان كۆمەڵگەیەكی مۆزائیكی هەمەچەشنە و، بێجگە لە نەتەوەی كورد، چەندین نەتەوەی دیكە وەك (توركمان، كلدو سریان و ئاشوور، ئەرمەن) هەن كە هاووڵاتیی ڕەسەنی ئەم نیشتمانەن، بەڵام لەسەر ئاستی هەڵبژاردنی گشتی ناتوانن بە دەنگەكانیان نوێنەری خۆیان بنێرنە پەرلەمان، بۆیە لە یاسای ژمارە یەكی ساڵی 1992 ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بە 105 كورسی دەستنیشان كرا، 100 كورسییان لە هەڵبژاردنە گشتییەكاندا ململانێی لەسەر دەكرێت، پێنج كورسییەكەی دیكەی كۆتا بوو بۆ پێكهاتەی «كلدو سریان و ئاشووری».

پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە، ئایا وەك ئەزموونی دیموكراتیی هەرێمی كوردستان كە پێنج كورسیمان بۆ كۆتای پێكهاتەكان دەستنیشان كرد، ئەرێنی بوو بۆ ئەم ئەزموونە یان نەرێنی؟ بێگومان ئەرگۆمێنتەكانی 30 ساڵی ڕابردووی ئەزموونی هەرێمی كوردستان پێمان دەڵێن، تەرخانكردنی ئەو پێنج كورسیی كۆتایە لە ساڵی 1992، ڕوویەكی گەشی بە ئەزموونە دیموكراتییەكەمان بەخشی و جیهان بە چاوی ڕێزەوە هەڵسەنگاندنی بۆ كرد، هەر بۆیە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2004 بە ڕێگەی هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 1992 بازنەی كورسیی كۆتاكانی فراوانتر كرد و ژمارەی كورسیی كۆتاكانی لە پێنج كورسییەوە كرد بە 11 كورسی و، ئەم شەش كورسیەش پێنجیان تەرخان كران بۆ توركمانەكان، یەكێكیشیان بۆ ئەرمەن.

كورسیی كۆتاكانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بنەمای نەتەوە جیاوازەكان دانراون، جیاواز لە كۆتاكانی پەرلەمانی عێراق كە لەسەر بنەمای ئایینی دانراون، هەر بۆیە پێكهاتە ئایینە جیاوازەكانی كوردستانیش وەك خاتوو مونا قەهوەچی ئاماژەی پێ كرد، ئەوانیش داوایان كردووە كە كورسیی كۆتایان بۆ تەرخان بكرێت، لە ڕاپۆرتە مەیدانییەكەی بازنەی ئەم جارەشدا بینیمان كە ئێزدییەكان دوای كورسییەكی كۆتا لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك دەكەن و، كاك سەربەست ئامێدییش سەرۆكی پێشووی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاماژەی بەوەكرد، كە ژمارەی دەنگدەرانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆك لە 30 هەزار دەنگ زیاترە، ئەم ئاراستەیە ئەوەمان پیشان دەدات، كە خواستی خەڵكی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی بەرەو ئەو ئاراستەیەیە كە بازنەی‌ ئەم پێكەوە ژیانە ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە و نەتەوە جیاوازەكان فراونتر بكرێت و، زیاتر ڕیشەی خۆی دابكوتێت و هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان نوێنەری خۆیان لە پەرلەمانی كوردستاندا هەبێت.

ئەم ڕووە گەش و پڕ شكۆ و مرۆڤایەتییەی هەرێمی كوردستان بۆ پێكەوە ژیان پیشانی داوە، بەداخەوە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان (دوایین خول) بە بیانووی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بووە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكان بۆ دواخستنی چەند جارەی هەڵبژاردنی كوردستان، كە ئەمەش كوردستانی خستووەتە ناو بۆشاییەكی یاسایی و دەستووریی ئەوتۆوە كە كەس بەخیلیمان پێ نابات و ئۆباڵی ئەم هەڵانەش هەمووی لە ئەستۆی خۆمانە و، لەبەر بەرژەوەندیی حزبی ئەم بۆشاییە یاسایی و دەستوورییەمان بۆ خۆمان دروست كردووە.

لەم گفتوگۆیەدا كە نوێنەرانی ئەو حزبە سیاسییانە بەشدارن كە لە پەرلەمانی كوردستان فراكسیۆنیان هەیە، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئاماژەی بە هەڵوێستی كۆمەڵی دادگەری كوردستانیش كرد، كە ئەوانیش هەمان هەڵوێستی (گۆڕان و یەكگرتوو) یان هەیە لەسەر پرسی پێكهاتەكان، كە دەبوو نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ئامادە بوایە لەبەر ئەوەی هەم بانگهێشتمان كردبوو، هەمیش بەڵێنیان پێدابووین ئامادە ببن، بەڵام بەداخەوە كاتژمێرێك پێش دەستپێكردنی ئەم گفتوگۆیە پێیان ڕاگەیاندنین ئامادە نابن، هەروەها نوێنەرانی پێكهاتە جیاوازەكانیش لەم گفتوگۆیەدا بەشدارن، ئەوەی دوای ئەم گفتوگۆیە ڕاشكاوە پێی گەیشتین ئەوەیە:

1-حزبە سیاسییەكانی كوردستان (بێجگە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) كە سكاڵایان لەسەر كورسیی كۆتاكان داوەتە دادگای فیدڕاڵی، هەموویان هەڵوێستیان بەو جۆرەیە كە پێكهاتەكان خۆیان چ بڕیارێك دەدەن، ئەوان ڕێز لە بڕیار و ئیرادەی پێكهاتەكان دەگرن.

2-نوێنەرانی پێكهاتەكان بە كۆی دەنگ پشتگیری لەوە دەكەن كە كۆتای پێكهاتەكان یەك بازنە بێت و كورسییەكانیان بەسەر بازنەكەدا دابەش نەكرێت.

3- ڕای زۆربەی ئامادەبووان و ڕای وتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ ئەوەدا بوون هیچ كێشەیەك نابێت، ئەگەر لە تۆماری دەنگدەرانی پێكهاتەكان، سندوقی دەنگدانی پێكهاتەكان جیا بكرێتەوە.

ئەم چەند خاڵە كە دەكرێت بڵێین كۆدەنگیی بەشی هەرە زۆری لایەنە كوردستانییەكان و پێكهاتەكانی لەگەڵە (بێجگە لەیەك لایەن) جۆرێكە لە گەشبینی بۆ ئەوەی هەوڵەكان یەك بخەین، بۆ ئەوەی ئەم گرفتەی بووەتە لەمپەر لە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لای بەرین و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەو كاتەی بۆ دیاری كراوە، بەڕێوە بچێت، كە ئەمە باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی بە زووترین كات ئەو بۆشاییە یاسایی و دەستوورییە پڕ بكەینەوە، كە خۆمان بە دەستی خۆمان دروستمان كردووە.

Top