لە ده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆک»..سینەمای فه‌ڕه‌نسا میوانی تایبه‌تی فێستیڤاڵە

لە ده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆک»..سینەمای فه‌ڕه‌نسا میوانی تایبه‌تی فێستیڤاڵە

دەیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی «دهۆک» Duhok به سه‌رۆکایه‌تی «ئه‌میرعه‌لی محه‌مه‌دتاهیر»، بە دەرهێنانی هونەریی سینه‌ماکاری کورد «شەوکەت ئەمین کورکی»، به دروشمی «زمانی کوردی» و به نمایشی ١٠٠ به‌رهه‌م له سینه‌ماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چوارچێوەی فیلمی درێژ، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی و هه‌روه‌ها به پشتیوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ڕۆژانی ٩ تا ١٦ی کانوونی یه‌که‌می ٢٠٢٣ لە هۆڵی «کۆنگرە»ی زانکۆی دهۆک ، کۆمه‌ڵه‌ی سینه‌مایی «دهۆک مۆڵ» لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئامادەكرنی/مەنسوور جیهانی

«ئه‌میرعه‌لی محه‌مه‌دتاهیر» سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی «دهۆک» له یه‌که‌مین کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی دەیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی «دهۆک» گوتی: خۆشحاڵین که ئه‌مڕۆکه وڵامی ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن ده‌ده‌ینه‌وه و سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌چوونی دەیه‌مین خولی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه زانیاریی ده‌به‌خشین. ئەم کارە زۆر به ئاسانی و ساکار نه‌بووه. به‌ڵکو گه‌یشتن به‌م قۆناغه؛ به هه‌وڵ، تێکۆشان و دڵسۆزی هاوکارانم گه‌یشتۆته ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌. ماوه‌یه‌کی زۆره بۆ جێبه‌جێی کردنی قۆناغه جۆراوجۆره‌کان، به‌رده‌وام سه‌رقاڵی چالاکی دڵسۆزانە

هه‌ر جارێک ئامانجی به‌رچاوتر بۆخۆمان دیاریی ده‌که‌ین

«ئەمیرعەلی محەممەد تاهیر» سه‌باره‌ت ئامانجه‌کانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی «دهۆک» گوتی: ستراتیجی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی ئه‌م فێستیڤاڵه ئه‌وه‌یه که ئێمه هه‌ر ساڵه و بێی وه‌ستان، به‌‌ڕێوه‌ی ببه‌ین و مه‌به‌ستی ئێمه هێواش هێواش مسۆگر ده‌بێت و هه‌ر جاره، ئامانجی به‌رچاوتر بۆخۆمان دیاریی ده‌که‌ین و به‌ بڕوای من، ئه‌وه زۆر گرینگ و پڕبایەخه. ئێمه له هه‌ر خولێک، خه‌ڵکی دهۆک له ته‌نیشت خه‌ڵکی خۆشه‌ویستی کوردستان، به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌کتریی به‌ره‌و پله‌یه‌کی به‌رزتر له بواری که‌لتوور و ڕۆشنبیری هه‌نگاو ده‌نێین و هه‌ر جارێک، ئامانجی نوێی پێشکه‌ش به نه‌ته‌وه‌ی خۆ‌مان ده‌که‌ین. هه‌موو کات، ڕامان گه‌یاندووه به‌رده‌وامبوونی ئێمه له به‌ڕێوه‌بردنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی «دهۆک»، خۆی سه‌رکه‌وتن و سه‌ربڵیندییه؛ چونکه ئێمه له‌م ناوچه‌یه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه و گرفتی زۆر تێپه‌ڕ بووین هه‌ر ساڵێک به پشتیوانی هاوکاران و دڵسۆزانی خۆمان ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه له شاری دهۆک ساز ده‌که‌ین.           ‌

لە ده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆک»..سینەمای فه‌ڕه‌نسا میوانی تایبه‌تی فێستیڤاڵە

ئاشنایی سینه‌مای به‌‌هێز و پڕبایەخی جیهان له‌گه‌ڵ سینه‌مای کوردستان

سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆک» له درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: یه‌کێکی دیکه له ئامانجه‌کانی فێستیڤاڵ،ژ ئه‌وه‌یه که له قۆناغی یه‌که‌مدا ئێمه که‌لتوور و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌ی کورد و کوردستانی خۆشه‌ویست به نه‌‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی جیهان بناسێنین و گه‌شه کردن و په‌ره‌پێدانی ‌ئه‌م په‌یوه‌ندییه پڕبایخه فه‌رهه‌نگی و ڕۆشنبیرییه بۆ ئێمه یه‌گجاو زۆر گرینگه. له قۆناغی دووهه‌مدا، ڕه‌خساندنی به‌ستێنێک و بوارێکی گونجاو بۆ گه‌نجان و سینه‌ماکارانی کورد که لێره به‌رهه‌مه سینه‌ماییه‌کانی خۆیان به‌رهه‌مبێنن و ئاماده‌یان بکه‌ن. له قۆناغی سێهه‌میشدا ئاماده‌بوونی سینه‌ماکارانی جیهان له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆک»؛ ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که په‌یوه‌ندیی که‌لتووریی و هونه‌ریی و به تایبه‌ت ئاشنایی سینه‌مای به‌‌هێز و پڕبایخی جیهان له‌گه‌ڵ سینه‌مای کوردستانه پێکبێت.

حکومه‌تی هه‌رێم و پارێزگاری دهۆک پشتیوانی فێستیڤاڵن

سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆک» لە کۆتایی قسه‌کانیدا جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌: ئه‌مساڵیش هه‌ر وه‌کوو ساڵی ڕابردوو، دکتۆر «عەلی ته‌ته‌ر» پارێزگاری دهۆک، میزانییه‌ی به‌‌ڕێوه‌بردنی دەیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی «دهۆک»ی له ئه‌ستۆ گرت. سپاس و پێزانینمان هه‌یه بۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و به تایبه‌ت پارێزگاری دهۆک، که ئه‌مساڵیش دڵسۆزانه له ته‌نیشت ئێمه‌دا ئاماده‌ن و به‌م جووڵانه‌وه پڕبایخه‌ی خۆیان، بوونه هۆی ئه‌وه‌ی که ئێمه‌ فێستیڤاڵ، بگه‌یه‌نینه ده‌هه‌مین خول و مه‌نزڵی خۆی.

هه‌ڵبژاردنی ١٠٠ فیلم بۆ پیشاندان له به‌شی کۆتایی فێستیڤاڵ

هه‌روه‌ها گوتیشی: دوای داخستنی ده‌رگای فیلم، ئه‌ندامانی لێژنه‌ی هه‌ڵبژاردنی دەیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی «دهۆک»، کاری خۆیان ده‌ست پێکرد و ١٠٠ فیلمیان لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان بۆ به‌شی کۆتایی فێستیڤاڵ ده‌ستنیشان کرد.

«زمانی کوردی» دروشمی ئه‌مساڵی فێستیڤاڵ فیلمی «دهۆک»

به‌ێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی گشتیی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی «دهۆک» لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئه‌مساڵیش وه‌کوو ساڵی ڕابردوو، ئێمه دروشمێکمان هه‌ڵبژاردووه و دروشمی ئه‌مساڵی فێستیڤاڵ، «زمانی کوردی» ده‌بێت. هه‌ر وه‌کوو هه‌موومان ئاگادارین، زمانی کوردی؛ ڕه‌سه‌ن، ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌ربڵاوه، زاراوه‌ی جۆراوجۆری له‌خۆ گرتووه و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه. ده‌رهێنه‌ری کوردی زۆرمان هه‌یه که له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، ساڵانه به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان به زمانی بیانی به‌رهه‌م دێنن و ئه‌وه په‌یامێکه ڕوونه بۆ ئه‌وان که فیلمه‌کانی خۆیان به زمانی کوردیی به‌رهه‌م بێینن تاکوو ئه‌م زمانه، هه‌میشه زیندوو و هه‌رمان بمێنێته‌وه.

سینەمای فه‌ڕه‌نسا میوانی تایبه‌تی ده‌یه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی «دهۆک»

«حه‌سه‌ن عارف» سه‌باره‌ت به به‌شی «سینه‌مای میوان» له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵدا گوتی: هه‌ر وەک نه‌ریتی ساڵانی ڕابردوو، سینەمای یەک وڵات میوانی ئەم فێستیڤاڵەیه‌ و ئەمساڵیش میوانداری سینەمای وڵاتی فه‌ڕه‌نسا دەکەین. ئه‌مسال فه‌ڕه‌نسا وه‌کوو وڵاتی میوان بۆ به‌شداری له فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی «دهۆک» ده‌ستنیشان کراوه که به فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان له‌م ڕووداوه سینه‌ماییه‌دا ئاماده‌‌ ده‌بن. بێگومان، فه‌ڕه‌نسا یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌یه که سینه‌ما له‌وێی له دایک بووه و له ئێستاشدا، فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی «کان» به ناونیشانی باشترین فێستیڤاڵ له ئاساتی جیهاندا له‌ویی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاتی «گەڵا مێویی زێڕین» به براوه‌کان

لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی «سینەمای کوردی»ی ئەم فێستیڤاڵەوە تەندیسی گەڵا مێویی زێڕ و زێو، لەوحەی فەخری و خەڵاتی 10 هەزار دولاری بۆ باشترین فیلمی سینەمایی، خەڵاتی 5 هەزار دولاری تایبەتی ئەندامای لێژنەی دادوەران بۆ باشترین دەرهێنانی فیلمی سینەمایی، خەڵاتی 4 هەزار دولاری بۆ باشترین سیناریۆی فیلمی سینەمایی، خەڵاتی 3 هەزار دولاری بۆ باشترین ئەکتەری پیاو، خەڵاتی 3 هەزار دولاری بۆ باشترین ئەکتەری ژن، خەڵاتی 5 هەزار دولاری بۆ باشترین بەڵگەفیلم، خەڵاتی 8500 دولاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوانی دهۆک بۆ باشترین کورتە فیلم بۆ پشتیوانی لە سازکردنی پڕۆژەی نوێ دەرهێنەری ئەم بەرهەمە، خەڵاتی 10 هەزار دولاری تایبەتی ئەندامای لێژنەی دادوەران بۆ باشترین کورتە فیلم کە لە ناوچەی بادینان بەرهەمهاتووە، خەڵاتی 10 هەزار دولاری پارێزگاری دهۆک بۆ باشترین فیلمی سینەمایی فیلم کە لە ناوچەی بادینان بەرهەمهاتووە، خەڵاتی 4 هەزار دولاری یەکێتی نووسەرانی کورد بۆ باشترین فیلمی کوردیی کە لە دەرەوەی سنوورەکان سازکرابێت و هەروەها خەڵاتی 3 هەزار دولاری ئەنستیتۆ «گۆتە»ی ئەڵمانی بۆ باشترین بەڵگەفیلمی کورت، پێشکەش دەکرێت.

 

Top