داود هوهان داود سەرۆكی لێژنەی كارگێڕیی نەتەوەی ئەرمەن لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: ئێمە 400 ساڵە لە عێراق دەژین، حیسابی هاووڵاتیمان بۆ ناكەن، بەڵام تەنیا 100 ساڵە لە كوردستان دەژین كورسییەكی كۆتامان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە
داود هوهان داود، سەرۆكی لێژنەی كارگێڕیی نەتەوەی ئەرمەنە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، خوێندنەوەیەكی وردی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ «هەڵبژاردن و كۆتای پێكهاتەكان» جەختی لەوە كردەوە كە «لۆژیك و بیركردنەوەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ پێكەوەژیانی نێوان تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان وای كردووە، بوونی دەنگی ئەرمەنی لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا بە پێویست بزانرێت، تێبینیی وردیشی لەسەر ئەو تانەیە هەیە كە لەسەر كۆتاكانی هەرێمی كوردستان بە دادگای فیدڕاڵی دراوە .
سەرەتا وەك نوێنەری نەتەوەی ئەرمەن، دەمەوێت لەو خاڵەوە دەست پێ بكەم، چۆن كورسییەكی كۆتا بۆ نەتەوەی ئەرمەن لە پەرلەمانی كوردستان دانرا؟ هەروەها ئایا مەغزا و بایەخی ئەم كورسیە بۆ ئەرمەن چ مانایەكی هەیە؟
لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان خاتوونی پەرلەمانتار شیرین عبدولڕەحمان دینۆ بێری، كە خەڵكی زاخۆیە و ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و، لە ڕوانگەی زۆربەی دانیشتووانی ئەرمەن كە لە سنووری پارێزگای دهۆكن و بۆ ئەوەی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان زیاتر گەشە بكات، پڕۆژەیەكی ئامادە كردبوو، پێشكەشی پەرلەمانی كوردستانی كرد، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا و كورسییەكی كۆتا بۆ نەتەوەی ئەرمەن تەرخان كرا.
كەواتە ئێمە وەك نەتەوەی ئەرمەن خۆمان نەمانتوانیوە دەنگی خۆمان بەرینە ناو پەرلەمانی كوردستان، بەڵكو ئەمە لۆژیك و بیركردنەوەی جەنابی سەرۆك بارزانییە بۆ پێكەوەژیانی نێوان تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان و، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەناو ئەو لۆژیكەوە پڕۆژەی ئامادە كردووە و بوونی دەنگی ئەرمەنی لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا بە پێویست زانیوە. بۆیە ئەوە ڕاستیبەكی حاشاهەڵنەگرە كە بڵێم، ئێمە وەك نەتەوەی ئەرمەن سوپاسی سەرۆك بارزانی و فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە دەنگی ئێمەیان بردە ناو پەرلەمانی كوردستان.
لای نەتەوەی ئەرمەن ئەم كورسییە كۆتایەی ناو پەرلەمانی كوردستان مانا و مەغزایەكی گەورەی هەیە، بووەتە جیگەی شانازییەكی گەورە بۆ نەتەوەی ئێمە و ئەو جیاوازییە گەورەیەمان بۆ بەرجەستە دەكات كە لۆژیكی سەرۆك بارزانی چۆن سەیری پێكەوەژیان دەكات و، ئەقڵییەتی شۆڤێنیی عێراقیش چۆن مامەڵە لەگەڵ پێكهاتە جیاوازەكان دەكات، هەر بۆ نموونە ئێمە نزیكەی 400 ساڵە وەك ئەرمەن لە عێراقدا بوونمان هەیە و لەم وڵاتە دەژین، بەڵام هەتا ئێستاش حكومەتی عێراق وەك عێراقی مامەڵە لەگەڵ ئێمە ناكات و پێمان دەڵێن ئێوە عێراقی نین، بەڵام ئێمە تەنیا 100 ساڵە لە كوردستان دەژین، ئەوا كورسییەكی كۆتا بۆ ئێمە لەناو پەرلەمانی كوردستان دابین كراوە، لەمەش گرنگتر لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لە ساڵی 1992 وەك بەڕێزانیش ئاماژەیان پێ كرد، كورسیی كۆتا بە پلەی یەكەم لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان تەرخان كراوە، لە بەرانبەردا لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كورسیی كۆتا لەسەر بنەمای جیاوازیی ئایینی تەرخان كراوە.
لێرەدا ئەگەر ئێمە ئەو پرسیارە بكەین، بۆچی ئەم كێشەیە لەسەر كورسیی كۆتاكان دروست بوو؟ لەوانەیە كۆتای ئەرمەنەكان ڕوونتر وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە یەك كورسیمان هەیە و هاووڵاتیانی ئەرمەنیش لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نیشتەجێن، باشە ئەگەر ئەم كورسییە بدرێتە هەر پارێزگایەك، غەدر لە هاووڵاتییانمان لە پارێزگاكەی دیكە دەكرێت؟ ئەم واقیعەم لە كۆبوونەوەی نوێنەری پێكهاتەكان لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانیش باس كرد، چۆن دەبێت كورسیی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بكرێت؟
بابەتێكی دیكە كە دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم، بابەتی ئەو سكاڵایە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئەم پرسە پێشكەشی دادگای فیدڕاڵی كردووە، بۆ ئەوەی كورسیی كۆتاكان نەمێنن، یان دابەشی سەر پارێزگاكان بكرێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، هەموو كورسیی كۆتاكان 11 كورسین، بۆچی هەموو كێشەكان خراوەتە ناو ئەم 11 كورسییە و 100 كورسییەكەی دیكەی پەرلەمان كە حزبە سیاسییەكانی كوردستان ململانێی لەسەر دەكەن، فەرامۆش كراوە؟ من هیوادار بووم لەم گفتوگۆیە لە بری باس لە كێشەی كۆتای پێكهاتەكان بكەین، باسمان لەوە بكردایە چۆن بتوانین پێگەی كوردستان و ئەم پێكەوەژیانە جوانە بپارێزین .
دادگای فیدڕاڵی ئەگەر دادگایەك بوایە لە چوارچێوەی دەستوور ڕەفتاری بكردایە، دەبوو هەر لە دانیشتنی یەكەمی ئەم داوایەی ڕەت بكردایەتەوە، لەبەر ئەوەی كۆتا لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هەیە و شتێك نییە لە دەرەوەی دەستوور بڕیاری لەسەر درابێت، بە ڕاستی جێگەی داخە لایەنی سیاسیی كوردستانی هەبێت، گوشارەكانی خۆی بۆ ئەوە بخاتە كار بۆ ئەوەی پێنج كورسیی كۆتای برا توركمانەكان و كورسییەكی كۆتای نەتەوەی ئەرمەن نەمێنێت، كە من دڵنیام ئەو لایەنە سیاسییەی دەیەوێت كێشە بۆ كورسیی كۆتای پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان دروست بكات، لە بنەڕەتدا كێشە دروستكردنی بۆ كۆتاكان بیانوویەكە بۆ ئەوەی ڕۆژێك زیاتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوا بكەوێت، لەو ڕوانگەیەوەیە كە بە دروستكردنی ئەم كێشە زیان لە پارتی دیموكراتی كوردستان بدات، بەڵام بە ڕای ئێمە دروستكردنی كێشە بۆ كورسیی كۆتاكان تەنیا زیانی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، بەڵكو زیانی بۆ ئەزموونی سیاسیی كوردستان و تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پێكەوە ژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانیش هەیە.