پ. د. تاڤگە عەباس بوستانی: زۆربەی ئەو دەقە یاساییانەی لە هەرێمی كوردستان پێشێلی مافەكانی ئافرەتیان دەكرد، هەموار كرانەتەوە

پ. د. تاڤگە عەباس بوستانی:  زۆربەی ئەو دەقە یاساییانەی لە هەرێمی كوردستان پێشێلی مافەكانی ئافرەتیان دەكرد، هەموار كرانەتەوە

 

 

پڕۆفیسۆر دكتۆر تاڤگە عەباس بوستانی، مامۆستای بەشی ياسا لە زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێری پایتەخت، لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، وەڵامی چەند پرسێكی یاسایی پەیوەست بە مافی ئافرەتان دەداتەوە، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، تەنیا بە هەمواركردن و دەركردنی یاسای نوێ چارەسەر نابێت، بەڵكو دەبێت چارەسەری هەموو ئەو پاڵنەرانە بكرێت، كە هۆكارن لە دروستبوونی دیاردەی توندوتیژی بە هەموو جۆرەكانییەوە. لێرەدا دەقی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

* وێڕای بوونی چەندین یاسای باش و گشتگیر لە بەرژەوەندیی ئافرەتان، بەڵام بەردەوام ئافرەتان توندوتیژییان بەرانبەر دەكرێت و مافیان پێشێل دەكرێت ، هۆكارەكانی چییە؟

- بێگومان زۆربەی ئەو دەقە یاساییانەی لە هەرێمی كوردستان پێشێلی مافەكانی ئافرەتیان دەكرد، هەموار كرانەوە، بۆ نموونە: ئەو دەقانەی كە لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩و یاسای باری كەسیی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩دا هاتبوو بە یاساكانی ژمارە ٦و٧و٨و٩و١٠و١١ی ساڵی ٢٠٠١ هەموار كران، هەروەها یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ی تایبەت بە هەمواركردنی یاسای باری كەسیی عێراقی و لە كۆتاییشدا دەركردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١.  ئەو هەموو یاسایانە دەتوانین بڵێین: تا ڕاددەیەك دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەتانی كەم كردەوە، بەڵام نەبووە بە هۆكارێك بۆ نەهێشتنی، چونكە هۆكاری توندوتیژی دژی ئافرەتان، تەنیا نەبوونی یاسا نییە، هۆكاری دیكە بەشدارن لە دروستبوونی ئەم دیاردەیە، وەك نەبوونی هۆشیاری و نزمیی ئاستی ڕۆشنبیری و خراپیی باری ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی لە هەر كۆمەڵگەیەكدا. بۆیە دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەتان تەنیا بە هەمواركردن و دەركردنی یاسای نوێ چارەسەر نابێت، بەڵكو دەبێت، چارەسەری هەموو ئەو پاڵنەرانە بكرێت، كە هۆكارن لە دروست وونی دیاردەی توندوتیژی بە هەموو جۆرەكانییەوە.

* ئایا یاسای ژمارە دووی چەك دەتوانێت بە تەنیا چارەسەری دیاردەی چەكداری بكات؟

- دەتوانین بڵێین: ئەگەر یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ی چەك لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی جێبەجێ بكرێت و ڕێنماییەكی باش بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاساكە دابنرێت، تا ڕاددەیەك دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دیاردەی چەكداری لە هەرێمی كوردستان، هەرچەندە ئەو یاسایە تووشی هەندێك ڕەخنە بووە، بۆ نموونە: چەكی ڕاوكردن (وەكو تاپر) ئاماژەی پێ نەكراوە، واتە بە چەك دانەنراوە لەم یاسایەدا. كەچی لە یاسای چەكی ژمارەی ٥١ی ساڵی ٢٠١٧ی عێراقیدا  وەكو (سلاح ناری) واتە وەكو چەكی ئاسایی هاتووە و ئاشكرایە كە دەكرێت چەكی ڕاوكردن بۆ كوشتن و ئازاردان بەكار بێت. بۆیە ئەم جۆرە چەكانەش بۆ هەڵگرتنی پێویستە مۆڵەت هەبێت، ڕێگایەكی دیكەش بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی چەكداری هۆشیاركردنی خەڵكە بۆ وازهێنان لەم دیاردەیە و هەروەها دابینكردنی ئەمن و ئاسایش بۆ هەموو هاووڵاتیان.

* وەك دەبینین و دەبیستین، دۆخی ئێستای ئافرەتان بە گشتی باش نییە، چۆن دەتوانین وابكەین كچەكانمان لە داهاتوودا لە هەموو توندوتیژی و ناعەدالەتییەك بپارێزین، كە لە ئێستادا بوونیان هەیە؟

- سەرەتا پێویستە هەموو ئەو هۆكارانە چارەسەر بكرێن كە دەبنە هۆی دروستبوونی دیاردەی توندوتیژی، وەكو:

1- تێڕوانینی كۆمەڵگە بۆ نێر و مێ و جیاوازیكردن لە نێوانیاندا.

2- دابونەریتی كۆمەڵایەتی.

3- بەبەها نەزانینی كاركردنی ئافرەت.

4- چۆنیەتی پەروەردەردن.

5- بە هەڵە تێگەیشتن لە ئایین.

6- ئاستی خوێندەواری و ڕۆشنبیری.

7- باری ئەمنی و ئاسایش.

8- باری كۆمەڵایەتی و ئابووری.

9- پشتگیری نەكردنی خێزان و كۆمەڵگە.

10- نەبوونی یاسای توند و جێبەجێنەكردنی وەكو خۆی.

هەموو ئەو هۆكارانەی باسمان كرد، ئەگەری دروستبوونی دیاردەی توندوتیژییە و بە چارەسەركردنی ئەو فاكتەرانەی سەرەوە كە باسمان كرد، دەتوانین لە داهاتوودا ژینگەیەكی باش و دوور لە توندوتیژی و ناعەدالەتی بۆ كچەكانمان دابین بكەین.

Top