ئەندازیار فیرۆز حەسەن ساڵەیی: پلانی تایبەتم بۆ خزمەتی خانمانی كەركووك دەبێت و كاردەكەم بۆ داكۆكی كردن لە مافەكانیان
وابڕیارە لە 18ـی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق (جگەلە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان) بەڕێوەبچێت كە زیاتر لە 23 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادەكاری كردووە بۆ كردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنكەی دەنگدان كە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەكان. لەم هەڵبژاردنەدا حزب و هاوپەیمانییەتییەكان كێبڕكێی بەدەستهێنانی زۆرترین كورسییەكانی ئەنجوومەن دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
بەگوێرەی ئامارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، ناوەندەكانی دەنگدان و وێستگەكان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندكارانی زانكۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كە ژمارەیان 214 هەزار و 595 كارمەندە.
ئەندازیار فیرۆز حەسەن ساڵەیی بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە بەرنامەی كاری داهاتووی دەكات:» وەكو كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان و وەكو كچە پێشمەرگەیەكی شۆڕشی ئەیلولی مەزن شەرەفمەندم كە خزمەتی شارەكەی خۆم بكەم، بە حوكمی ئەوەی ئێستا فەرمانبەرم لە شارەوانی كەركووك خوا یار بێت بە ئەگەر هاوكاری جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتنم بەدەست هێنا، ئەوا كار لەسەر پرۆژانەكانی خۆم بكەم، وەكو قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكانی شارەكەم، كار لەسەر ئەوە بكەم زەوی و زاراری جوتیارانی كەركووك بە تایبەت سنووری پەركانە و شەناغە و گابڵە كە عەرەبە هاوردەكان داگیریان كردووە، بەپێی یاسا هەمووی بگەڕێنمەوە بۆ خاوەنەكانیان كە كوردی ڕەسەنی كەركووكن.
بێگومان پلانی تایبەتیشم بۆ خزمەتی خانمانی كەركووك دەبێت، كاردەكەم بۆ داكۆكی كردن لە مافەكانیان و هینانە پێشەوەیان بۆ نێو كارە ئیدارییەكانی شارەكەم بەتایبەت لە پڕۆژەكان كە ئێستا من تاكە ئافرەتم لە نێو پڕۆژەكانی كەركووك، هەروەها هینانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ گەڕەگە كوردییەكان كە تەواو پشت گوێ خراون.
ئەزموونی كاری سیاسی پارتی ئەوەی سەلماندووە كە تاكە حزبە سازش لەسەر مافی خەڵكی ڕەسەنی كەركووك ناكات و ژێردەستەیی و چەوسانەوە ڕەتدەكاتەوە».