بوومەلەرزەیەک وڵاتی فلیپینی هەژاند
لە ئەنجامی ڕوودانی بوومەلەرزەک بە گوڕی ٦.١ پلە، لە فلیپین کەسێک گیانی لەدەست دا و هەژدە کەسیش بریندار بوون.
ڕووپێوی جیۆلۆجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند: بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٧ پلە بە پێوەری ڕێختەر دورگەی بۆریاسی هەژاند کە دەکەوێتە ناوەڕاستی وڵاتی فلیپین.
ئەم بوومەلەرزەیە لە قووڵایی ٧٨ کیلۆمەتر و ٢٦ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای دوورگەی بۆریاس ڕوویداوە.
لە ئەنجامی ئەم بوومەلەرزەیەدا بەشێک لە باڵەخانەکانی ناوچەکە زیانیان بەرکەوتووە و بۆ ماوەیەک کارەباش بڕاوە.
پەیمانگای گڕکان و بومەلەرزەزانی فلیپین ڕایگەیاند کە مەترسی ڕوودانی تسونامی لە ئارادا نییە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە فلیپین دەکەوێتە سەر ئەو شوێنەی کە پێی دەوترێت "ئەڵقەی ئاگر". زۆرێک لە بوومەلەرزە و تەقینەوەی گڕکانەکان لەوێ ڕوودەدەن بەهۆی جوڵەی پلێتەکانی زەوی.
گوڵان: سەردار خەلیل