هایا محمەد بۆ گوڵان: لە باشووری كوردستان زیاتر بوار بۆ هونەرمەندان ڕەخساوە

هایا محمەد بۆ گوڵان: لە باشووری كوردستان زیاتر بوار بۆ هونەرمەندان ڕەخساوە

هونەرمەند هایا محەمەد لە شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە، لە منداڵییەوە ئارەزووی هونەری هەبووە، بە تایبەتی وێنەكێشان و گۆرانیگوتن، لە ساڵی ٢٠١٩ دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە و تا ئیستا ئەلبومێك و شەش كلیپی هەیە، لە دەرفەتێكدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

* خانەوادەكەت ڕێگر نەبوون لەوەی گۆرانی بڵێیت؟

- لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا ئەگەر خانەوادە پشتگیری لە ئافرەتی هونەرمەند نەكات ئەستەمە بتوانێت بەردەوام بێت و سەركەوێت، من لە خانەوادەیەكم كە هونەر لەلایان جێگای ڕێز و تەقدیرە بۆیە پشتگیری منیان كردووە تا ئێستاش بەردەوامن، لێرەوە زۆر سوپاسیان دەكەم.

هایا محمەد بۆ گوڵان: لە باشووری كوردستان زیاتر بوار بۆ هونەرمەندان ڕەخساوە

* بۆچی هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە باشوور كارەكانیان ئەنجام دەدەن؟

- لە باشووری كوردستان ڕەوتی هونەری بەرەو پێشچووە و پشتگیری لە هونەرمەندان دەكرێت بە شێوازی جیا جیا، زەمینەش بۆ هونەرمەندان ڕەخساوە بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بە كارە هونەرییەكانیان بدەن و بەردەوام بن، بۆیە منیش هەوڵم داوە كارەكانم لێرە بە ئەنجام بگەیەنم، دوایین كاری هونەرییشم كە بریتی بوو لە گۆرانی (ژووری دڵ) بە ڤیدیۆ كلیپ لە شاری سلێمانیی پایتەختی ڕۆشنبیری، بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ تۆمار كرد و بەم زووانە پێشكەش بە جەماوەری دەكەم، هیوادارم بە دڵیان بێت.

* لە بەرهەمەكانتدا تا چەند گرنگی بە كاری فۆلكلۆری دەدەیت؟

- من كەسێكیم زۆر حەز لە كاری فولكلۆر و هونەری ڕەسەنی كوردەواری دەكەم، بەڵام جەماوەر بەشێكیان حەزیان لە فۆلكلۆرە و بەشێكیشیان حەزیان لە كاری نوێ و مۆدێرنە، بۆیە هەوڵم داوە لە هەردوو بواردا كار بكەم، واتە گۆرانیی مۆدێرنە و فۆلكلۆر پێشكەش بكەم، پێم وابێ گشت هونەرمەندان ئێستا لەسەر ئەو ڕەوتە كار دەكەن، چونكە لە هەردوو بواردا جەماوەر هەیە و دەبێ دڵی جەماوەر ڕازی بكەین.

* ئەو گرفتانەی كە ڕووبەڕووت بوونەوە لە سەرەتای كاری هونەریدا چی بوون؟

- نەك تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵكوو لە هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان كاری هونەری بۆ ئافرەتان زۆر قورسە، بە داخەوە كۆمەڵگە زۆر بە باشی پشتگیری لە كاری هونەری خانمان ناكات، من كەسێكم هەمیشە هەوڵم داوە ئەو جیاوازییە نەهێڵم لە نێوان پیاو و ئافرەت، پێویستە بەو شێوەیە كۆمەڵگەش بە یەكسانی لە ئافرەت و پیاو بڕوانێت لە هەموو بوارەكاندا، بەتایبەتیش لە بواری هونەریدا، زۆر سوپاسی خانەوادەكەم دەكەم كە هەمیشە پشتگیری و پاڵپشتییەكی تەواویان كردم لە كارە هونەرییەكانمدا، هەر ئەوەش هۆكاری ئەوەیە كە من تا ئێستا بەردەوامم و هەوڵی پێشكەشكردنی كاری زیاتریش دەدەم لە داهاتوودا.

هایا محمەد بۆ گوڵان: لە باشووری كوردستان زیاتر بوار بۆ هونەرمەندان ڕەخساوە

* بە دەنگی كام لە هونەرمەندانی كورد سەرسامیت؟

- لە كوردستان هونەرمەندی زۆر گەورە و بەتوانا هەبوون و ئێستاش بەردەوامن، ڕێز و تەقدیرم بۆ هەموویان هەیە، من سەرسامی دەنگ و سەلیقەییخانمە هونەرمەندی خوالێخۆشبوو مەرزیە فەریقی بووم و هەمیشە گوێ لە گۆرانییەكان دەگرم، بۆیە كاریگەریی بە سەر منەوە هەبوو، مەرزییە بە لای منەوە یەكێكە لە شاژنە گەورەكانی هونەری كوردی، لە پیاوانیشدا زۆر گوێ لە گۆرانییەكانی مامۆستای نەمر ماملێ دەگرم.

* كاری هونەری بۆ خانمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان تا چەند زەحمەتە؟

- لە ڕۆژهەڵات زۆربەی كارە هونەرییەكانمان ئەنجام دەدەین، تەنانەت دەتوانین كۆنسێرتیش ساز بكەین، بەڵام دەمانەوێ هونەری كوردی پەرە پێ بدەین و دەنگی هونەری كوردی بە جیهانی بكەین، بۆیە زۆربەی كارەكامان لە باشووری كوردستانە و دەبینە پردێك بۆ هاوكاری هونەری لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان.

* چ پێوەرێكت هەیە بۆ هەڵبژاردنی تێكستی گۆرانی؟

- هەمیشە هەوڵ دەدەم تێكستی گۆرانییەكانم مانادار بن و باس لە خەم و خۆشی و ئازارەكانی كۆمەڵگە بكات بە شێوەیەكی گشتی، من خۆم زیاتر حەزم لە گۆرانیی خەمگینە، لەبەر ئەوە زۆرترین تێكستەكانیشم باس لە خیانەت و عەشقی درۆینە دەكات كە كۆمەڵگەی كوردی ئێستا بە دەست ئەو دەردانەوە دەناڵێنێت.

* پێت وایە وەكو پێویست گرنگی بە هونەری كوردی دەدرێت؟

- ئەو گرنگییەی پێی دەدرێت شایستەی هونەری كوردی نییە، بەداخەوە وای لێهاتووە وەك بزنس سەیری هونەر دەكەن، نەك هەوڵ بدرێت بۆ پاراستن و پێشخستنی و نرخی بۆ دادەنرێت، بەڵام پێویستە ئاوڕی زیاتر لە هونەری كوردی بدرێتەوە.

* تا ئێستا كەس سپۆنسەری كردووی لە كارە هونەرییەكانتدا ؟

- بە داخەوە لەو بوارەدا هیچ لایەن و كەس و دەزگایەك، یان كۆمپانیایەك وەكو سپۆنسەر هاوكاریی نەكردووم، من خۆم ڕۆژانە دەوامم هەیە و داهاتەكەی تەرخان دەكەم بۆ كارە هونەرییەكانم، تەنیا كاك سوهەیب كەریمی كە دەرهێنەر و كامیرامانە بووە لەزۆربەی كارەكانم هاوكارم بووە.

* تا ئێستا چەند جار سەردانی باشووری كوردستانت كردووە؟

- من زوو زوو هاتوچۆی باشوور دەكەم و لە چەندین ئاهەنگ و كۆنسێرتدا بەشداریم كردووە، یەكێك لەوانە ئاهەنگی نەورۆزی كەلار، هەروەها لە ئاهەنگێكی تایبەت بە بۆنەی هەشتی مارسەوە لەوێش بەشدار بووم، بەڵام زۆر حەز بە دەركەوتن ناكەم چونكە دەمەوێ زیاتر جەماوەر وەك هونەرمەندێكی میللی بمناسێت، لەو شوێنانە زیاتر دەركەوم كە زۆرترین جەماوەری لێیە و زۆرترین خەڵك بەشداری دەكات بۆ ئەوەی بتوانم بە دەنگ و گۆرانی كوردی دڵی جەماوەرەكەم خۆش بكەم.

Top