پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:   شەڕی ئابووری لەگەڵ هەرێم شەڕێكی قووڵی مەترسیداری سڕینەوەی ئینتیما و ناسنامەیە

پ.د.نەزاكەت حسێن  ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     شەڕی ئابووری لەگەڵ هەرێم شەڕێكی قووڵی مەترسیداری سڕینەوەی ئینتیما و ناسنامەیە

 

 

پ.د.نەزاكەت حسێن، ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و مامۆستای ڕاگەیاندنە لە زانكۆی سلێمانی و، سەرۆكی لێژنەی داكۆكیكردنی مافی ڕۆژنامەنووسانە لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، لە گفتوگۆی ئەم جارەدا (هەرێمی كوردستان و شەڕی ئابووری) بەم جۆرە دید و تێڕوانینەكانی خستە ڕوو.

 

سەربەخۆیی ئابووریی هەر وڵاتێك و لەسەرپێی خۆی ڕاوەستانی، دەروازەیەكە بۆ گەشەكردنی ئەو وڵاتە و بنەمایەكیشە بۆ سەربەخۆیی زیاتر كە گرنگترینیان سەربەخۆیی سیاسییە. هەرێمی كوردستان لە ماوەی ئەم ٣٠ ساڵەی حوكمڕانیدا ڕووبەڕووی قەیران و جەنگی جۆراوجۆر بووەتەوە، كە یەكێك لەو شەڕانەی پێی دەفرۆشن و قەیران لە دوای قەیرانی بۆ دروست دەكەن، شەڕی ئابوورییە، ئەمەش هیچ پاساوێكی نییە، نە مەسەلەكە باسی شەفافییەتە، نە باسی نەزاهەت و زانینی داهات و خەرجییە، بەڵكو چاوپیاهەڵنەهاتنی ئەو گەشەسەندن و چاكسازی و دروستكردنی ژێرخانی ئابووری و پڕۆژەیانەیە كە لە دوای یەكە بناغەییەكان، هەرێم دەستی پێ كردووە و لە ساڵانی ڕابردووی حوكمڕانیدا بونیادی ناوە.

حوكمڕانانی بەغدا جگە لەوەی دەیانەوێت بەم شەڕە ئابوورییە هەرێم لەو گەشەسەندنانە بوەستێنن، لە هەمان كاتیشدا دەیانەوێت متمانەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە حكومەتەكەی خۆیان نەهێڵن و شوێنی دیكە بە فریادڕەس بزانن. بۆیە جگە لە برسیكردن و هەموو ئەو ئاسەوارە نەرێنییانەی لە ڕووی كۆمەڵایەتی و تەندروستی و بازاڕەوە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیان دروست كردووە، دڵەڕاوكێ و نائومێدی و نائارامیی دەروونیی بۆ تاك دروست دەكەن، هەر لە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە تا دەركردنی بڕیاری یەك لە دوای یەك بۆ دروستكردنی قەیرانی ئابووری و نەهێشتنی فرۆشتنی نەوت و پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنە یەك لە دوای یەكەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمانە ڕاستیی ئەم شەڕە ئابوورییەمان بۆ دەردەخەن، ئەمەش تەنیا لەلایەن یەك لایەنەوە دەركی پێ ناكرێت، بەڵكو زۆر جار بۆنی گەلەكۆمەكێ و كاری ڕێكخراو دەكەین، كە زۆر بەرە و گرووپ و حزبی دیكەشی خستووەتە یەك سەبەتەوە و دواجار هەموویان ئامانجیان دەچێتەوە سەر شەڕە ئابوورییەكە لە دژی هەرێم. ڕاگەیاندنی كوردییش لەم بابەتەدا بە دوو جۆر ڕۆڵی نەرێنی دەگێڕێت، هەرچی ئەو ڕاگەیاندنانەیە كەدژی ئەم شەڕەن، كە بەرانبەر ئەم هەرێمە دەكرێت، نەیانتوانیوە بە وردی و دیققەتەوە ئامانجی ئەم شەڕە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ڕوون بكەنەوە و ڕاستییەكانیان بە جوانی بۆ ڕوون بكەنەوە و، ئۆباڵی ئەم قەیرانە كە بۆ هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە دروست كراوە، ئەنجامدەرە ڕاستەقینەكەی و ئامانجەكانیان بە خەڵك بناسێنن. لە ڕووەكەی دیكەشەوە ئەو ڕاگەیاندنە كوردییانەن كە بەمەبەست بێت، یان بێ ئاگا، چوونەتە بەرەی شەڕەكەوە، ئەوانیش دەیانەوێت پاساو بۆ بەغدا بهێننەوە و حكومەتی هەرێم تاوانبار دەكەن، كە بێگومان بەشێك لەم ڕاگەیاندنانە ئەجێندای سیاسییان هەیە و دەیانەوێت ئەمە بكەنە دەستكەوتی هەڵبژاردن و چەواشەكردنی ئەندامان و جەماوەریان و، بازاڕی خۆیانی پێ گەرم بكەن و، ناڕەزایەتی خەڵك بقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندیی حزبی، یان كەسیی خۆیان. بەشەكەی دیكەش ڕاگەیاندنێكن كە ئەجێندای دەرەكی و پارەداركردنیان نادیارە و دەرەكییە و ئاراستەی دەرەكی و ناحەزەكانی هەرێمیان هەیە.

چی بكرێت وەك پێشنیار بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم شەڕە وئەم قەیرانە؟ باشترین ڕێگە ئەوەیە كە ڕاگەیاندن دەبێت ڕۆڵی ڕوونكردنەوە و گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتی بۆ حكومەتی هەرێم و ڕاستییەكانی ئەم شەڕە ئابووریە بۆ خەڵك بخاتە ڕوو، بەردەوام لایەنە پەیوەندیدارەكان بدوێنێت، خەڵكی پسپۆڕی بواری ئابووری بدوێنێت، چونكە باسی ئابووری و هاوكێشەكانی ئاسان نییە و دەبێ هەموو كەس بەتایبەتی هاووڵاتی سادە تێبگات، بۆیە دەبێت شیكاریی ورد بە داتاوە بۆ ئەم بابەت بخرێتە ڕوو، دەبێت هاووڵاتیانی هەرێم لەو خەوە بێدار بكرێنەوە كە جگە لە حكومەتی هەرێم كە دڵسۆزیانە و دەتوانێت پشتیوانیان بێت، هیچ شوێنێك فریادڕەسیان نابێت و، ئەو ئایدیایەی بۆ هاووڵاتی ئەم هەرێمە دروست كراوە، كە چارەنوسی ئابووری و قووت و مووچە لە دەستی حكومەتی هەرێم نەمێنێت و بخرێتەوە سەر بەغدا خۆشگوزەرانی ڕووت تێ دەكات، هەڵەیەكی گەورەیە. ئەم وریاكردنەوەی هاووڵاتیانە دەبێت كاری لەپێشینە و ئەركی هەنووكەیی ڕاگەیاندنی كوردی بێت و بكرێت بە ڕێنمایی، یان بكرێتە ئەركیش لەم كاتەدا بۆ ڕاگەیاندن لەم هەرێمە. چارەسەری دیكە ئەوەیە جگە لە سەرچاوەی نەوت و وزە، سەرچاوەی داهاتی دیكە و وەبەرهێنانی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان بدۆزرێتەوە، هەروەك دەبینین، هەندێك سێكتەری دیكەی وەك كشتوكاڵ و گەشتیاری لەم ساڵانەی ڕابردوودا زیندوو كراونەتەوە، بەڵام زیاتری پێویستە، جگە لە وەبەرهێنانی حكوومی دەبێت كار بۆ وەبەرهینانی تاكیش بكرێت، بەوەی هاوكاریی جووتیار و باخەوان و ئەوكەسانە بكرێت كە لە ناوچە گەشتیارییەكان دەژین، تاوەكو هاندەر بێت، بۆ ئەوەی پڕۆژەی كەسی هەبێت. لە كۆی گشتیدا ئەمە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی داهاتی گشتی، واتە دەبێت كار لەسەر بەهێزكردنی متمانەی هاووڵاتی و حكومەت بكرێت و پێكەوە بخرێنەگەڕ بۆ زیادكردنی پڕۆژەی وەبەرهێنانی زیاتر، ئەمەش وا دەكات، چیتر چاو لەدەستی بەغدا و داهاتی سەرچاوەی وزە و سووتەمەنی نەبین بە تەنیا.

Top