ماجید سۆرەمیری فەیلی كەسایەتیی ناسراوی ناو كوردانی فەیلی بۆ گوڵان:   مەلا مستەفا بارزانی بۆ كوردانی فەیلی ئەو كاریزمایە بوو كە هەموو كوردان لە دەوری كۆبوونەوە و لە سەردەمی ئەودا ئەو هەموو ناكۆكی و پەرتەوازەیە نەبوو

ماجید سۆرەمیری فەیلی  كەسایەتیی ناسراوی ناو كوردانی فەیلی بۆ گوڵان:     مەلا مستەفا بارزانی بۆ كوردانی فەیلی ئەو كاریزمایە بوو كە هەموو كوردان لە دەوری كۆبوونەوە و لە سەردەمی ئەودا ئەو هەموو ناكۆكی و پەرتەوازەیە نەبوو

 

 

كوردبوون و پاڵپشتی و پشتگیرییان بۆ شۆڕشی ڕەوای گەلەكەیان هۆكاری سەرەكیی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی بوو. ئەو تراژیدیایە كە دەرهەق كوردانی فەیلی لە عێراق ئەنجام درا، بووە هۆی گۆڕینی تۆپۆگرافیای كورد لە بەغدا و ڕۆژهەڵاتی عێراق بەتایبەتی لە پارێزگای دیالە. سەرۆك بارزانی لە كۆنفڕانسی بەجینۆسایدناسانی كوردانی فەیلیدا، وێڕای ئەوەی تاوانەكەی بەبیر گەلانی دونیا هێنایەوە، داواشی كرد، سەنتەرێك بۆ دیراسەتكردن و بەدواداچوونی كەیسی بەجینۆسایدناسانی كوردانی فەیلی دابمەزرێت. گۆڤاری گوڵان لەم ژمارەیەیدا دیدارێكی لەگەڵ ماجید سۆرەمیری فەیلی كەسایەتیی ناسراوی ناو كوردانی فەیلی سازدا. لێرەدا پوختەی وتەكانی بڵاودەكەینەوە.

 

 

 

* سەرەتا با لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەین، لە ژێر چ پاساوێكدا ڕژێمی بەعس تاوانی جینۆسایدی كوردانە فەیلی ئەنجام دا؟ ئایا تا چەند بە هۆی كوردپەروەرییان و پاڵپشتییان بۆ شۆڕشی ئەیلوول ئەم تاوانە قێزەوەنەیان دەرهەق ئەنجام درا؟

- هەڵوێستی كوردانی فەیلی لە دۆزی ڕەوای گەلەكەیان و پاڵپشتی و پشتگیرییان بۆ سەركردەی كورد مەلا مستەفا بارزانی دیار بووە و هەمیشە پاڵپشتی شۆڕشەكانی كورد بوون، بەتایبەتی لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا گەنجانی كوردی فەیلی پەیوەندییان بە ڕێكخستنەكانی شۆڕشەوە كرد و بازرگان و دەوڵەمەندەكانیشیان بە هاوكاری دارایی پشتگیری شۆڕشیان كرد، پێشتریش كوردانی فەیلی ڕۆڵیان هەبوو لەدامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمانە هەمووی بوونە هۆكارێك بۆ ئەوەی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بەتایبەتی ڕژێمی بەعس ترس و ڕق و كینەیەكی زۆریان لە دژی كوردانی فەیلی لا دروست بێت، ئەم ڕق و كینەیەی كە لە زەمەنی ڕەشید عەلی گەیلانی لە ساڵی 1941ـەوە دەستی پێ كرد، زیاتر بوو كاتێك مەلا مستەفا بارزانی لە یەكێتیی سۆڤێتی ئەو كات گەڕایەوە و لە بەسراوە تاوەكو بەغدا بە درێژایی ئەو ڕێگایە مەلا مستەفا بارزانی پێشوازییەكی گەرمی لێ كرا و وەكو كارێزمایەكی نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵ كرا، تەنانەت ئەو كاتەی لە بەغداش مایەوە، شوێنی نیشتەجێبوونی بووە شوێنی كۆبوونەوە و سەردانیكردنی كوردانی فەیلی. مەلا مستەفا بارزانی لە شوێنی حەوانەوەی لە بەغدا ڕۆژانە پێشوازی لە كەسایەتییەكان دەكرد، بەتایبەتی لەناو كوردانی فەیلی كە ئەو سەردەمە لە بەغدا پێگەیەكی بەهێزی جەماوەری و هێزێكی ئابووریی قورسیان پێك دەهێنا، لە كاتی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری مێژوویی كوردانی فەیلی ژمارەیەكی بەرچاویان لەو كوردانە پێكدەهێنا كە لە ڕێپێوانی پشتگیریی ڕێككەوتننامەكە بۆ پاڵپشتیكردنی مەلا مستەفا بارزانی بەشداریی ئەو ڕێپێوانەیان كرد. یەكەمین ئێزگەی دەنگی كوردستانیش بە كۆمەك و لەسەر دەستی كوردانی فەیلی دابین كرا و گەیەندرایە شۆڕش، تەنانەت یەكەمین كۆنگرەی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە ماڵی كوردێكی فەیلی بە ناوی دكتۆر كامیل بەسیر ساز درا، یەكەمین ئافرەتیش لە یەكێتیی ئافرەتان كو بەرپرسیارێتی هەبوو، زەكیە ئیسماعیل حەقی بوو، بۆیە ڕژێمی بەعس بە پاساوی «التبعیة الایرانیة» شاڵاوەكەی دەست پێ كرد و سەدان كادیری كوردی فەیلی لەناو پارتی و حزبی شیوعی دەستگیر كران و بێسەروشوێن كران و ژمارەیەكی زۆری خێزانەكانیشیان بە زۆرەملێ ڕاپێچی ناوچە سنووریەكانی ئێران كران و ماڵ و حاڵیان دەستی بەسەردا گیرا. ژمارەیەكی دیكەی زۆری خێزانەكانی كوردانی فەیلی دوور خرانەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق و دەیان تاوانی دیكەیان بەرانبەر ئەنجام درا، هەموو ئەم تاوانانەش دژی هەموو ماددە و بەڵگەنامەكانی مافی مرۆڤ و میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان و بگرە دەستوور و یاسای عێراقیش بوون، كە لە بەرچاوی دونیا و بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جینۆسایدەكە جێبەجێ كرا.

* وەكو ئاماژەت پێ دا، گواستنەوە و كۆچپێكردنی نێوخۆیی كوردانی فەیلی تاوانێكی دیكەی ڕژێمی بەعس بووە، ئایا بە هۆی تەعریبكردنی ناوچەكانی كوردانی فەیلی، كوردانی فەیلی تاچەند بوونەتە قوربانیی ئەم سیاسەتە شۆڤێنییە و بووەتە هۆی كۆچكردن لە ناوچەكانیان؟

- سرووشت و پێكهاتەی كوردانی فەیلی لە بەغدا وای كردبوو، قورساییەكی باشیان لە ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی هەبێت، كوردانی فەیلی لە دوای ئەوەی جوولەكەكان لە بەغدا دەركران و كۆچیان كرد بۆ ئیسرائیل، بوونە هێزێكی گەورەی ئابووری، زۆربەی كاسبكار و پیشەوەران و بازرگانەكانی شۆرجە لە كوردانی فەیلی بوون. ئەگەر لاپەڕەكانی مێژوو هەڵبدەینەوە، شاهیدیی ئەوەمان بۆ دەدات، كە زۆربەی كارگە و كارخانە و دەزگا پیشەسازییەكانی ئەو سەردەمە لە بەغدا كوردانی فەیلی خاوەنی بوون، تەنانەت لە كاری بازرگانیكردن بەتایبەتی لەگەڵ ئێراندا كوردانی فەیلی ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبووە، لەناو حكومەتی عێراقیشدا ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەرانی بەغدا كوردانی فەیلی بوون. ئەمە جگە لەوەی لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا و لە ناوچەكانی خانەقین و دیالەی دەوڵەمەند بە كێڵگەی نەوت، خاكی ڕەسەنی كوردانی فەیلی بوون. بۆیە لێدانە ئابوورییەكە وەكو ئەوەی لە ئێستادا ڕوودەدات و كار بۆ لاوازكردنی پێگەی ئابووریی كورد لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەو سەردەمەش ڕژێمی بەعس لە دژی كوردانی فەیلی بە هەمان شێوە مامەڵەی كرد و خوازیار نەبوو كوردانی فەیلی وەكو هێزێكی ئابووری بمێننەوە.

* ئاماژەت بە كۆچپێكردنی زۆرەملێ و دوورخستنەوەی كوردانی فەیلی كرد بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئایا ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریبكردن و تەرحیل هاتووە؟

- كوردانی فەیلی لە پێشەوەی پێكهاتە ڕەسەنەكەی كورد بوون، كە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكەی عێراق تەعریب و تەرحیلی كردوون، ئەوەی ڕێگای لە فراوانكردنی تەعریب كرد، شۆڕشی ئەیلوول و ڕۆڵی مەلا مستەفا بارزانی بوو، لە دوای نسكۆی شۆڕش سیاسەتی تەعریب بە شێوەیەكی دڕندانە و بێبەزەییانە دژی كوردانی فەیلی جێبەجێ كرا، لە تەواوی ناوچەكانی دیالە و كەركووك و سەلاحەدین و دیهاتەكانی دەوروبەری خانەقین و جەلەولا ڕاگواسترانەوە بۆ باشووری عێراق، بەمەش لە تەواوی ناوچەكانی كوردانی فەیلی گۆڕانكاریی تۆپۆگرافیا ڕووی دا و كورد خاكێكی بەپیت و دەوڵەمەند بە نەوتی لەدەست دا و، سزایەكی توند و دڕندانە و دژ بە مافی مرۆڤ بوو ئەنجام درا. بە ددانپێدانانی مالیكی خۆی كە گوتی 22 هەزار گەنجی كوردی فەیلی بێسەروشوێن كراون و شەهید بوون، ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە زیاتر ئاشكرا كرا. ڕێزدار سەرۆك بارزانی لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بەوە داوە، كە زانیاریی وردیان لەبەردەستدا بووە، بەوەی كە كوردانی فەیلی لەگەڵ بارزانییەكان تاقیكردنەوەی كیمیاییان لەسەر ئەنجام داون، بە داخیشەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەڕان بە دوای ڕوفاتی كوردانی فەیلی ئەنجام نەدرا و زۆربەی ئێسك و تەرمەكانی شەهیدەكانمان بەدەست نەكەوتەوە.

*  ژیانی ئاوارەیی و دەربەدەریی كوردانی فەیلی زۆر بە دەگمەن تیشكی خراوەتە سەر و كەم باس دەكرێت، لە كاتێكدا كۆچپێكردنی بەزۆرەملێی ژمارەیەكی وا زۆری كوردانی فەیلی بۆ ئێران لەو سەردەمەدا ئاسان نەبوو، دەكرێت باسێكی ئەو ڕاپێچكردنە بەزۆرەملێیەمان بۆ بكەیت؟

- لە قۆناغ و سەردەمێكی هەستیار و سەختدا كوردانی فەیلی ڕاپێچی ئێران كران. ئەوان وێڕای ئەوەی ماڵ و حاڵیان دەستی بەسەردا گیرابوو، ژمارەیەكی زۆری گەنجەكانیان ڕاپێچی زیندانەكان كرابوون، لە ئێرانیش بارودۆخە ئابوورییەكە باش نەبوو، لە سەروبەندی هەڵگیرسانی شەڕ بوون لەگەڵ عێراق، لەوێ پێمانیان دەگوت كوردی عێراقی و بە كارت و بەڵگەنامە نەبووایە، نەماندەتوانی هاتوچۆ بكەین. كوردانی فەیلی لە ئۆردوگاكانی ئێران ببوونە قوربانیی سێگۆشەی مەرگ. ئەوەشی بە ناچاری لە هەشتاكان و نەوەدەكاندا ڕووی لە هەندەران كرد و لەناو ئەو كۆمەڵگەیانەدا منداڵەكانیان گەورە بوون و لەم وڵات و ئەو شار بەرش و بڵاوبوونەوە و هێزی یەكگرتووییان لەدەست دا، تەنانەت زۆرێكیان نەگەڕانەوە بۆ عێراق و بە سۆراخی ماڵ و حاڵیان و قەرەبووكردنەوەیانەوە نەچوون. زۆربەی كوردانی فەیل ئامادە نەبوون بچن دوای دادگایەكی ناكۆكیی موڵكایەتیی عێراقی بكەون، لە كاتێكدا هەمووان دەزانن دادگا و یاسا لە عێراقدا ڕۆڵی كزە و ساڵانێكی دەوێت تاوەكو بە ناوی «النزاعات الملكیة» وەڵامێك وەربگریت.

* لە كۆنفڕانسی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی، تاچەند ئومێدتان بۆ گەڕایەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە گرنگی بە ناساندنی جینۆساید و قەرەبووكردنەوەی قوربانییەكان بدرێت؟

- من خۆم لە خزمەتی سەرۆك بارزانیدا میوانی كۆنفڕانسەكە بووم، سەرۆك بارزانی بە كردەیی هەنگاوی بۆ ناساندنی جینۆسایدەكە هەڵگرت و فەرمانی دامەزراندنی سەنتەرێكی دا بۆ ناساندنی ئەم جینۆسایدە و یەكلاكردنەوەی كەیسی ئەو كوردانەی فەیلی كە تاكو ئێستا بێ چارەسەر ماونەتەوە. بەداخەوە تاكو ئێستا ئیجرائاتی پراكتیكی هەنگاوی بۆ نەنراوە، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگ بڕیارەكەی سەرۆك بارزانی بچێت و دامەزرانی سەنتەرێك تەنیا بۆ كۆكردنەوەی دیكۆمێنت و بەڵگەنامەكان نەبێت، بەڵكو بۆ بەدواداچوونی كەیسی كێشە و گرفتەكانی كوردانی فەیلی بێت و ڕۆڵ و پێگەی بەهێزیان لە بەغدا و ناوچەكانی پێشووی خۆیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

* ئایا ئەم فەرامۆشكردن و واقیعە نوێیەی مەزهەبی لە عێراقدا كاریگەریی نەرێنی كردووەتە سەر یەكدەنگی و یەكگرتوویی كوردانی فەیلی؟

ئێمە دەبێت لەگەڵ خۆمان و سەركردایەتیی كوردیشدا ڕاستگۆ بین، فەرامۆشكردنی حزبە كوردستانییەكان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا و دیالە و ناوچەكانی دیكەی عێراق و ناوچە جێناكۆكەكان كە كوردێكی زۆری فەیلی لێیە، كە هاوكاتە لەگەڵ باڵادەستی و قۆرخكاریی حزب و لایەنە سیاسییەكانی شیعە دۆخەكەیان قۆستووەتەوە. من هەرگیز ناڵێم و گومانم لە كوردپەروەریی كوردانی فەیلی نییە، بەڵام لە ئێستادا توێژێكی گەنجیان هەیە و پێویستیان بە دامەزراندن و گرنگیدانە، دەبێت سەرۆك بارزانی گرنگی بە هۆزەكانی كوردانی فەیلی بدات، بۆ نموونە لە خانەقین دوو هۆزی گەورەی كوردانی فەیلی هەن كە هۆزەكانی سۆرەمیری و ئەركەوازین، لە دوای 2003 تەنیا 50%یان گەڕانەوە بۆ خانەقین و لە شوێنەكانی خۆیان جێگیر بوون و منداڵەكانیان گەورە بوون و توانای كاری جووتیارییان نییە، هەروەها چەند هۆزێكی دیكەی كوردانی فەیلی هەن، لەوانە هۆزی قەڵەوس لە بەغدا، بۆیە ڕەنگە لێرە و لەوێ كەمێك قەرەبوو كرابنەوە، بەڵام بە زەحمەت ماڵ و حاڵیان دەست كەوتەوە. بە شێوەیەكی گشتی ناتەبایی و نەبوونی یەكدەنگی لەناو حزب و لایەنە كوردستانییەكان، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەكێتی ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر دۆخی هەموو كورد و كوردانی فەیلی هەبووە، لە كاتێكدا ئێمە لە بەرەی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی تەعریب و تەرحیلین. كاتی ئەوە هاتووە هەنگاوی عەمەلی بۆ كۆكردنەوە و سەرپەرشتیكردنی كوردانی فەیلی بنرێت و پەلە بكرێت لە هەنگاوەكانی كردنەوەی سەنتەری بەجینۆسایدناسانی كوردانی فەیلی و بە هەموو چین و توێژەكانەوە كۆبكرێنەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتیی تەواوی سەنتەرەكە بكات، بەداخیشەوە لەناو خودی كوردانی فەیلی ناكۆكی و ناتەبایی هەیە و بوونەتە چەند لایەنێك.

Top