وروژێنەرەكانی وشكبوونی چاو

وروژێنەرەكانی  وشكبوونی چاو

وشكبوونی چاو Dry eye بە نەخۆشیی هەژمار دەكرێت و بریتییە لە نەبوونی توانای فرمێسك بۆ تەڕكردنی تەواوی ڕووی چاو بە شێوەی كەمیی فرمێسك یان خراپی كوالێتی فرمێسك. خۆپاراستن لە وروژێنەرەكانی وشكبوونی چاو بە كلیلی سەرەكی چارەسەركردنی حاڵەتەكانی وشكبوونی چاو دەژمێررێت. وروژێنەرەكانی وشكبوونی چاو بریتین لەو هۆكارانەی كە نیشانەكان زیاتر و سەختتر دەكەن، باوترین وروژێنەرەكان ئەمانەن: كەشی وشك و گەرم، بای بەهێز، بەركەوتنی چاو بە دوكەڵ و تۆز و ماددەی كیمایی دیكە، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان وەكو دەرمانی دژەهیستامین، زیاد سەیركردنی شاشەی تەلەڤزیۆن یان شاشەی مۆبایل كە هۆكارە بۆ كەمتر داخستنی پێڵووی چاوەكان، بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو Contact lenses، هەروەها كەمی ڤیتامین A. هەنگاوەكانی خۆپاراستن: دەستنیشانكردنی هۆكارە وروژێنەرەكان، بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاویی گەورە لەكاتی چوونە دەرەوەدا، كەمكردنەوەی سەیركردنی شاشەی تەلەڤزیۆن و شاشەی شین، ڕۆژانە خواردنەوی بڕێكی باشی ئاو، تەرخانكردنی كاتی تەواو بۆ نووستن، خۆپاراستن لە بەركەوتن بە تۆز و دوكەڵ، بەكارهێنانی ئامێری كارەبایی شێداركەرەوە Humidifier لەناو ماڵ، هەروەها خواردنی خۆراكی دەوڵەمەند بە ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا3.

 

Top