ماهیر محەمەد ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:   پەكەكە بڕوای بە بیروباوەڕی نەتەوەیی و ئاشتی نییە، بۆیە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێتەوە

ماهیر محەمەد ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:     پەكەكە بڕوای بە بیروباوەڕی نەتەوەیی و ئاشتی نییە، بۆیە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێتەوە

 

 

پەكەكە لە دروستبوونیەوە بڕوای بە هێڵی نەتەوەیی و ئاشتی نەبووە، هەمیشە دژی ڕزگاركردنی كوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان بووە، هەروەها پێشڕەویی داگیركاران و دوژمنانی كورد دەكات و لە هەرێمی كوردستان ئەجێندا و مەرامی وڵاتانی دژ بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكات. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ماهیر محەمەد ئەندامی پێشووی پەكەكە ساز دا.

 

* پەكەكە ماوەیەكە جموجووڵە گوماناوییەكانی دژی هەرێمی كوردستان زیاتر كردووە، ئایا كێ لەپشت ئەم كارەوەیە و مەبەست و مەرامی پەكەكە چییە؟

- پەكەكە كاتێك خۆی ناساند و بووە هێزێكی چەكداری لە كوردستانی باكوور، ئەو دەمە شۆڤێنییەتی تورك لەو پەڕی توندوتیژیدا بوو، بەتایبەتی بەرانبەر گەلی كورد، بۆیە كوردی باكووری كوردستان بۆ كەسانێك دەگەڕان پەنایان بۆ بەرن، تاوەكو لەو زوڵم و چەوسانەوەیە ڕزگاریان بكات، لەو سەردەمەدا پەكەكە جەماوەری كوردستانی باكووری فریو دا و بە لافی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە خەڵكانێكیان لە خۆیان كۆكردەوە، بەڵام دواتر بەرنامەكەیان دەركەوت كە بەرنامەیەكی كۆمۆنیستییە و كار بۆ یەكپارچەیی خاكی توركیا دەكەن، دژی هەموو پارت و گرووپ و لایەنێكی سیاسییش ڕاوەستانەوە كە نەتەوەیین و بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەوڵ دەدەن، هەر لەبەر ئەم دوژمنكارییەی هێڵی نەتەوەیی و نیشتمانییە پەكەكە دوژمنی سەرەكیی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چونكە ئەم حزبە گرنگییەكی زۆری بە لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی داوە و بە پارێزەری ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان دادەنرێت. لەو كاتەوەش كە هەرێمی كوردستان بووەتە قەوارەیەكی نیمچە سەربەخۆ و سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمان و حكومەتی خۆی هەیە، ئەوەندەی دیكە پەكەكە و تاقمەكەی قەندیل دژی هەرێمی كوردستان ڕاوەستاونەتەوە و، هەموو هەوڵ و پیلانێكیان بۆ تێكدانی بارودۆخی ئەم هەرێمە ئازاد و سەربەخۆیە بووە، هەر بۆ ئەوەش بوو كە بارەگە و كارە گێرەشێوێنەكانیان لە باكووری كوردستان گواستەوە بۆ باشووری كوردستان، ئەمەش بە داگیركردنی قەندیل و ئێستاكەشی لەگەڵدا بێت، چەكدارانی پەكەكە بەهۆی ئەو پەرشوبڵاوبوونەوەیەیان لە چەندین شوێنی باشووری كوردستان وەك دەڤەری ڕاپەڕین و ماوەت و پێنجوێن و سلێمانی و شنگال و گەرمیان كە لێرە و لەوێ بە گرووپی چوار كەسی و پێنج كەسی چەكدار دەردەكەون، لە هەوڵی نانەوەی خراپەكاری و تێكدانی بارودۆخی سەقامگیریی هەرێمی كوردستاندان، تەنانەت هەندێ كردەوەی وا دەكەن كە زۆر دوورە لە ڕەفتاری مرۆڤایەتییەوە، بەڵكو هەموو مرۆڤێك بێزیان لێ دەكاتەوە.

* لەگەڵ ئەم كارە تێكدەرانە و دوژمنكارییانەش كاروچالاكیی پەكەكە نەك تەنیا لە ناو باكووری كوردستان و توركیا، بگرە لە هەرێمی كوردستانیش توانای سەربازییان زۆر كەم بووەتەوە، ئایا ئەمە بە هۆی چییەوەیە؟

- سەركردەكانی پەكەكە لە قەندیل لە ئێستادا ئەوەندەی سەرقاڵی پارە كۆكردنەوە و داهاتی كاری ناڕەوا و قاچاخچێتی كردنن، ئەوەندە سەرقاڵی كاری پارتیزانی نین دژی سوپای توركیا، ئێستا سەرقاڵی پاوانخوازین لە ناو قوڵایی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوەی زیاتر سوپای توركیا ڕابكێشنە ناو هەرێمی كوردستان و زیان بە هەرێمەكە و گوندنشینەكان بگەیەنن. لایەنگرانی پەكەكە بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەم بوونەتەوە، تەنانەت ئەو گوندانەی لە پەكەكەوە نزیك بوون، ئەوانیش گوندەكانیان چۆڵ كردووە، لەو ماوەیەی پێشوودا لە ترسی هێرشی درۆن و فڕۆكەكانی توركیا، پەكەكە ویستیان بارەگاكانیان بگوازنەوە ئەو ناوچانەی كە پێشتر حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لێ بووە، لە كاتێكدا ئەو شوێنانە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پاسەوانانی سەرسنوور پڕ دەكرێنەوە و ڕێگە نادرێت هیچ فەراغێكی سەربازی دروست ببێت، ئەوەی ماوەتەوە پشتیوانی و پاڵپشتیی چەكدارانی پەكەكەیە لەلایەن هەندێك گرووپی حەشدی شەعبییەوە، كە بە پشتگیریی وڵاتانی ئیقلیمی پشێوی و نائارامی لە هەرێمی كوردستان دەنێنەوە.

* مەبەستت كاری ناڕەوا ئەو كارە تیرۆرستی و ئاژاوانەیە كە لە كوردستان ئەنجامی دەدەن، وەك تیرۆر و تەقاندنەوە دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خەڵكی سڤیل؟

- بەڵێ، لە ڕاستیدا چەكدارانی پەكەكە هەرگیز نەتەوەیی نەبوون و بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەوڵیان نەداوە. پەكەكە بووەتە چەند گرووپێكی چەكداریی بەكرێگیراو و كار بۆ ئەو لایەن وڵاتانە دەكەن كە داگیركەر و دوژمنی كوردستانن، هەروەها لە مێژووی كورد و هەموو حزبەكانی كوردستاندا بیر لە كردەوەی تیرۆریستی نەكراوەتەوە، كەچی لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە ئەو كار و كردەوانە بەشێكی دانەبڕاون لە پیلان و بەرنامەكانیان، لەسێ تا چوار ساڵی ڕابردوودا چەندین كاری تیرۆریستی و قێزەوەنیان ئەنجام داوە لە دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تەواوی خەڵكی هەرێمی كوردستان، هەر وەك ئەوەی دیتمان كە چەندین جار مین و تەقەمەنییان لە پێش هاتووچۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستان داناوەتەوە و هەوڵی تیرۆری شەخسییان داوە و لەم دواییانەشدا هەستان بە دانانەوەی TNT لە ناوجەرگەی شاری هەولێر و لەسەر پردێكی پەڕینەوەی پیادە، تەنانەت پەكەكە كاری تیرۆریستی بەرانبەر چەكدارانی خۆشیان پیادە دەكەن، هەر ئەمەشە وای كردووە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە دەیان كەس لە ئەندامانی دڵسۆزی كورد كە ڕاستیی ئەوانیان بۆ دەركەوتووە لە دەرفەتێكدا خۆیان ڕزگار كردووە و پەنایان بۆ ژێر ئاڵای هەرێمی كوردستانی ئازاد هێناوە، كەچی پەكەكە لێرەش تیرۆریان كردوون و بەردەوام هەڕەشەیان لێ دەكەن.

* چەكدارانی پەكەكە چی دەكەن لە هەرێمی كوردستان، بۆ ناچن لە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیان خەبات بكەن؟ بۆچی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و لێرەش كێشەی زۆریان ناوەتەوە، ئایا ئەمە چی پێ دەگوترێت؟

- هەموو لایەن و حزبێكی نەتەوەیی و كوردستانی كە لە هەر پارچەیەكی كوردستان دروست دەبێت، بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی ئەو بەشە شۆڕشی ڕزگاریخوازیی خۆی كردووە، هەماهەنگی و هاوكاریی یەكتریشان كردووە، هەر وەك مێژووش سەلماندوویەتی كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەو سەردەمەی لەسەر دەستی مەلا مستەفا بارزانی دەستی بە شۆڕشی ڕزگاریخوازی بۆ كوردستان كرد، تا ساڵی 1991 و ئێستاكەش بە سەرۆكایەتیی جەنابی مسعود بارزانی سەربەستی و ئازادییەكیان بۆ باشووری كوردستان مسۆگەر كردووە، بەرهەمەكەشی خۆی لە سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەت و پەرلەمانی كوردستان و فیدڕاڵییەت بۆ عێراقدا بینییەوە، ڕاستە لە هەندێ كات و قۆناغدا بە ناچاری پەنایان بردووەتە بەر بەشەكانی دیكەی كوردستان، چ ڕۆژهەڵات، چ ڕۆژئاوا، چ باكوور بێت، بەڵام قەت نەبوونەتە سەرئێشە و نانەوەی بارودۆخی نەخوازراو و خراپ بۆ ئەو بەشانەی دیكەی كوردستان. چەكدارانی پەكەكە بەپێچەوانەوە لەو ڕۆژەی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەو چەند ساڵەی دواییدا لەبری ئەوەی لە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان كە باكووری كوردستانە كار و خەبات بكەن، كەچی هاتوونەتە باشووری كوردستان و دەستی هێز و سەرباز و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیایان ڕاكێشاوە بۆ ناو خاكی باشووری كوردستان، بەمەش نەیانهێشتووە نزیكەی 600 گوند ئاوەدان بكرێنەوە، یان ئاوەدانیش كرابن، دووبارە چۆڵیان كردووەتەوە.

لە ئێستادا چەكدارانی پەكەكە جگە لە سەرئێشە و زیانی گیانی و ماددی بۆ هەرێمی كوردستان، هیچ كار و بەرهەمێكیان لە ناو خاكی باكووری كوردستاندا نەماوە، ئەوان بە گرووپ گرووپی بچووك بۆ ئاژاوە و پشێوی لە دەڤەری سلێمانی و ڕاپەڕین و گەرمیان دەسووڕێنەوە و بەدوای كۆكردنەوەی پارەن بە شێوەی نایاسایی و نائەخلاقی، هەموومان ڕووداوەكەی فڕۆكەخانەی عەربەتمان بینی، كە چۆن ڕۆڵەی كورد بە هۆی كاری قێزەوەنی ئەوانەوە بوونە قوربانی، لە ئێستادا بە هۆی چەكدارانی پەكەكەوە هیچ شوێنێك پارێزراو نییە لە بەردەم درۆنی توركیا كە پەكەكەی لێ بێت.

* حكومەتی هەریمی كوردستان دەیەوێت بە ڕێگەی ئاشتی كێشەی چەكدارانی پەكەكە چارەسەر بكات، كەچی چەكدارانی پەكەكە مین بۆ هێزی پێشمەرگە دادەنێن و پێشمەرگە شەهید دەكەن، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ پەكەكە بكرێت كە لە زمانی ئاشتی و دیالۆگ تێناگەن؟

- پەكەكە ئیستغلالی ئەوەیان كردووە كە سەرۆك بارزانی شەڕی كورد لەگەڵ كوردی حەرام كردووە، ئەوان كاتێك هاتنە باشووری كوردستان و لەلایەن حزبە كوردستانییەكانەوە پاڵپشتییان لێ كرا تەنیا بۆ ئەوە بوو بە فریای كوردی باكوور بكەون، ئێمە كە ئەندامانی كۆنی پەكەكەین، كاتێ بە مەبەستی نەتەوەیی و كوردستانی شەرەفی ئەوەمان پێ بڕابوو، خزمەتێك بە خوێنی خۆمان بە كوردستان بكەین، بۆمان ئاشكرا بوو كە پەكەكە ئەوە نییە كە كورد پشتی پێ ببەستێت، هاتینە باشووری كوردستان و لەژێر ئاڵای بەرزی كوردستان لە هەرێمی كوردستانی ئازاد و خاوەن یاسا دەژین، دەبێت هەموو كەس و لایەنێكیش لە كوردستانی باشوور و پارچەكانی دیكەی كوردستان بزانن كە وشەی ئاشتی لە پەیڕەو و بەرنامەی چەكدارانی پەكەكەدا نییە، جگە لەوەش هەموو كات ئەو گرووپە لە هەوڵی نانەوەی شەڕ و دووبەرەكیدان، هەر بۆیەش لەو كاتەی جەنابی سەرۆك بارزانی هەوڵی دا پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان پەكەكە و توركیا بگەیەنێتە ئەو شوێنەی كە كورد و باكووری كوردستان بكەونە قۆناغێكی باش و دوور لە شەڕ و لەناوچوون و خەڵكی سڤیل مافەكانیان بەدەست بهێنن، كەچی پەكەكە بە فیت و دەستی وڵاتانی ناوچەكە پرۆسەی ئاشتییان تێكدا و شەڕی خەندەقیان هەڵگیرساند و ڕۆڵە و گەنجی كوردیان بە كوشت دا لەپێناو ویست و خواستی دەرەكی، ئەوان دەزانن لە كار و پڕۆسەی ئاشتیدا بەرژەوەندییان لەبار دەچێت، تەنانەت پەكەكە فەرمانی جەنابی سەرۆكیان بە دەرفەت زانی بەوەی شەڕی براكوژی حەرام كردووە، بۆیە زیاتر كێشە و گرفتیان بۆ باشوور و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دروست كرد.

* ئەم شكست و لاوازییەی پەكەكە وای كردووە لەگەڵ حەشدی شەعبی و هەموو ئەو دەزگا سیخوڕی و هەواڵگری و سەربازییانەی ناوچەكە، دژی هەرێمی كوردستان دەست تێكەڵ بكەن، بۆ نموونە لە شنگال و مەخموور و پێنچوێن و گەرمیان و زۆر شوێنی دیكە، چۆن ئەمە تەفسیر دەكرێت؟

- پەكەكە پێش ئەوەی لاوازیش بێت و شكستی گەورەی لێ بكەوێتەوە، دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان بووە، بۆیە نەیارانی كورد و دوژمنانی كوردستان ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە، تاوەكو یارمەتیی دارایی و هاوكاریی سەربازیی پەكەكە بكەن، ئەوەتا ئەو بارودۆخە نەخوازراو و ناسەقامگیرەی لە شنگال هەیە لە دوای داعش بۆ چەكدارانی پەكەكە دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لە ڕفاندن و هەڵخەڵەتاندنی كچ و كوڕانی خوار تەمەن 18 ساڵان و چەكداركردنیان، ئەگەر چەكدارانی پەكەكە بۆ هاوكاریی خەڵكی شنگال هاتوون، ئەوا ئێستا كاریان كۆتایی هاتووە، دەبێت ناوچەكە چۆڵ بكەن و نەبنە ڕێگر لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال.

 

Top