پڕۆفیسۆر شاون شافێر بۆ گوڵان:   هێشتا ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی بایەخی خۆی لە دەست نەداوە، بەڵام مایەی سەرسامییە هەتا ئێستاش ڕۆژنامەنووسان بە هەمان شێوە ڕووداوەكان ڕووماڵ دەكەن

پڕۆفیسۆر شاون شافێر بۆ گوڵان:     هێشتا ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی بایەخی خۆی لە دەست نەداوە، بەڵام مایەی سەرسامییە هەتا ئێستاش ڕۆژنامەنووسان بە هەمان شێوە ڕووداوەكان ڕووماڵ دەكەن

 

 

شاون شافێر، پڕۆفیسۆری بەشی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنە لە زانكۆی دەنڤەر لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، پسپۆڕ و شارەزا و وانەبێژی چەند بوارێكی دیاریكراوە، وەك یاسای ڕاگەیاندن، ئەخلاقییانەی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەگەریی ئازاد، ژیری دەستكرد لە ناوەندە ئەكادیمییەكاندا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بەو دژواری و ئەو كێشانەی ئێستا ڕووبەڕووی ڕۆژنامەگەریی ئازاد بوونەتەوە، بەتایبەتی بە هۆی بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا و چۆنیەتی كاركردن لەسەر چارەسەركردنی بابەتەكانی پەیوەست بە بڵاوكردنەوەی زانیاریی هەڵە و بێ بنەما و چەواشەكاری و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

 

* بە دڵنیاییەوە وەك كەسێكی شارەزا و وانەبێژی بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری دەزانن كە لە ئێستادا ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی لە هەلومەرجێكی تەواو جیاوازدا كار دەكات، ئەو كێشە و گرفتانەش كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە جیاوازن بەراورد بە ڕابردوو، لەم ڕووەوە دەمانەوێت بپرسین لە تێڕوانینی ئێوەدا گرنگترین، یان دژوارترینی ئەو ئاڵنگاری و كێشانە چین كە لە ئێستادا ڕووبەڕووی ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی بوونەتەوە؟

- من پێم وایە گەورەترین ئاڵنگاری كە ئێستادا ڕووبەڕووی بووینەتەوە، ئەوەیە كە كەسانێك لە ئارادان وا هەڵسوكەوت دەكەن و وا كار دەكەن، وەك ئەوەی ڕۆژنامەنووس بن، بۆیە لە ئێستادا زۆر زەحمەتە بتوانرێت بە هۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و بوونی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، زانیاریی بابەتییانە لەسەر ڕوودا و پرسەكان دەستەبەر بكرێت، لە ڕاستیدا كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە ڕۆژنامەنووسان ناتوانن بە باشی لە نێو ئەم هەلومەرجانەدا سەرنجەكانیان لەسەر كار و ئەركەكانیان چڕ بكەنەوە.

* ئایا مەبەستی ئێوە گۆڕانكاری و تا ڕاددەیەك پشێوییە كە هاتۆتەئاراوە بە هۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە؟

- بەڵێ، ئەمە پوختكردنەوەیەكی دروستە بۆ ئەوەی من ئاماژەم پێ كرد، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئەوە نادیدە بگرین، كە خودی ڕۆژنامەگەری لە نێو گۆڕانكاریدا كار دەكات و ڕەنگە بتوانین بڵێین ڕۆژنامەنووس لە هەر كەسێكی دیكە زیاتر مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكاندا دەكات. هەر لە پەیوەندی بە تەكنەلۆژیاوە، ئەوا گۆڕانكارییەكە ئەوەیە كە لە ئێستادا بووەتە هۆی ئەوەی ڕۆژنامەگەری و بابەتە ڕۆژنامەگەرییەكان بەردەست بن، بەڵام زەحمەتییەكە لەوەدایە كارێك بكەین كە خەڵكی كلیك لەسەر بابەتەكانمان بكەن و بیانخوێننەوە. چونكە ئاشكرایە كە ئێستا زۆرێك لەو خەڵكانەی بابەتە ڕۆژنامەگەرییەكان دەخوێننەوە بە شێوازە تەقلیدییەكە ئەم كارە ناكەن و نزیكەی هەموویان بابەتەكان بە ئۆنلاین دەخوێننەوە. ئەگەر پوختی بكەمەوە، ئەوا هێشتا خەڵكی چەندین كاتژمێری خۆیان لە ڕۆژدا بۆ سەیركردنی بابەتەكان تەرخان دەكەن، بەڵام هەروەك باسم كرد، تەحەددییەكە ئەوەیە بتوانیت كارێك بكەیت كە بابەتەكانی تۆ بخوێنرێنەوە و وێنەیەكی دروست و واقیعی لە هەلومەرجەكە بە خەڵك بگەیەنیت.

* بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو بەرەوپێشچوون و گۆڕانكارییانەش ئایا دەتوانین بڵێین هێشتا ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی ڕۆڵی خۆی لەدەست نەداوە و هێشتا دەتوانێت پەیامی خۆی ئەدا بكات؟

- بە دڵنیاییەوە هێشتا ڕۆژنامەگەری تەقلیدی ڕۆڵ و پێگەی خۆی لە دەست نەداوە، بگرە یەك لەو شتانەی مایەی سەرسامییە ئەوەیە كە هێشتا چەندین ڕۆژنامەنووسی تەقلیدی هەن ڕووماڵی ڕووداو و پەرەسەندنەكانی نێو كۆمەڵگە دەكەن و خەڵكیش لە ڕێیانەوە زانیاری پێ دەگات لەبارەی ئەوەی بە ڕاستی دەگوزەرێت و ڕوو دەدات. ڕاستە هەندێ لە كارەكان بابەتە تەرفیهیشی تێكەڵ كراوە و ئامانجەكەش ئەوەیە كە كەسەكە بۆ درێژترین ماوە بهێڵێتەوە لەسەر ئەو پەیجە، یان وێبسایتە، هەروەها ڕاستە ڕووماڵكردنی كاروبار و سیاسەتەكانی حكومەتێكی مەحەلی، یان ئەنجومەنی شارێك پڕ جۆشترین كارێك نییە كە بیكەیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە كارێكی گرنگ و پڕ بایەخە. واتە ئەوە ڕاستە كە خەڵكی هەندێ جار وەك شیرینییەكی دوای نانخواردن حەز بە بابەتێكی تەرفیهی دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كاری ڕۆژنامەگەری گرنگە و بابەتە بایەخدارەكانیان پێشكەش دەكات و دەكرێت وەك ژەمە خۆراكە سەرەكییەكە ئاماژەی پێ بكەین كە تەندروستیت پێویستی پێیەتی.

* لایەنێكی نەرێنیی پێشكەوتن و بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا ئەوەیە كە ئێستا هەر كەسێك دەتوانێت لە ڕێی ئەنتەرنێتەوە و بەتایبەتی لە سۆشیال میدیا زانیاری بڵاو بكاتەوە و، تەنانەت ڕوودەدات زانیاری هەڵە و ساختە و بێ بنچینە و بنەماش بڵاو بكەنەوە، بە بۆچوونی ئێوە چۆن دەكرێت بەرەنگاری ئەم حاڵەتە ببینەوە؟ 

- لە ڕاستیدا ئەوەی كاری ڕۆژنامەگەری جیا دەكاتەوە ئەوەیە كە ڕۆژنامەنووسەكان لە كارەكانیاندا سەرچاوەیان هەیە، و زانیاری و ڕاستییەكان لە كەس و سەرچاوەكەوە وەردەگرن و بڵاوی دەكەنەوە، ئەمە بە پێچەوانەی هەندێ لە زانیاریی دیكەوە كە بڵاو دەبنەوە و كاتێك دەتەوێت بەدوای سەرچاوەكەی بگەڕێیت، ئەوا ناتوانیت پشتڕاستی بكەیتەوە و لێی دڵنیا بیت. ئەمە لە كاتێكدا ڕۆژنامەنووسەكان زانیارییەكان لە چەند لایەك و چەند سەرچاوەیەكی پشتڕاست دەكەنەوە. یەكێك لەو شتانەی هەمیشە فێری قوتابییەكانمی دەكەم، ئەوەیە كە نابێت تەنها وتە و لێدوان و زانیاری لە كەسێكەوە بگوازنەوە لەبارەی بابەتێكی دیاریكراوەوە، بەڵكو دەبێت بچنە نێو واقیعەكە و بزانین ڕای گشتی چییە و بزانن ئەو كەسانەی كاریگەرن بەم بابەتەوە چۆن لەم مەسەلەیە دەدوێن و لێی دەڕوانن. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە كە لایەنی پشتڕاستكردنەوەی ڕاستییەكان و دروستیی زانیارییەكان لایەنی هەرە قورس و زەحمەتی كاری ڕۆژنامەگەریی تەقلیدییە، بەڵام هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كارەكەی بایەخدار و بەهادار بێت. بەڵام ئەوەی ئێوەش لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ داوە ڕاستە، كە ئێستا دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە دەستی هەموو كەسێكدان و هەر كەسێك مۆبایلێكی پێ بێت، دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بكات كە ڕۆژنامەنووسە و لەوانەیە دیمەنێك ببینێت و وێنەی بگرێت و بڵاوی بكاتەوە و لێدوانی خۆی لەسەر بدات، بە بێ ئەوەی بە كاری سەختی پشتڕاستكردنەوە و بەدەستهێنانی سەرچاوەدا تێپەڕێت، كە ئەمە ڕاستی و دروستیی زانیاری و هەواڵەكانت بۆ یەكلا دەكاتەوە، نەك ئەوەی كە بڵێیت ئەمە هەستی منە لەبارەیەوە.

* بەڵام ئەگەر تەكنەلۆژیا دۆخێكی دروست كردبێت كە بتوانرێت زانیاریی هەڵە و چەواشەكارانە بڵاو بكرێتەوە، ئایا ناكرێت هەر سوود لە تەكنەلۆژیاش وەربگرین بۆ جیاكردنەوەی هەواڵی دروست لە هەواڵی ساختە و ناڕاست؟

- بە دڵنیاییەوە دەكرێت، بەڵام یەكێك لەو كێشانەی ڕووبەڕووی دەبینەوە ئەوەیە كە ئەو كەسانەی هەواڵ و زانیارییەكان دەخوێننەوە، كاتێكی خۆیان تەرخان ناكەن بە چەشنی ئەوەی كە ڕۆژنامەنووسێك ئەم كارە دەكات، مەبەستم ئەوەیە كاتێك گوێیان لە هەواڵێك، یان قسە و باسێك، یان ئەگەرێك دەبێت، بەدواداچوون و پشتڕاستكردنەوەی بۆ ناكەن و هەوڵ نادەن بگەنە سەرچاوەی ئەو قسە و باسە و لە ڕاست و دروستییەكەی بكۆڵنەوە و كێی دیكە ئەم قسە و زانیارییەی لا هەیە و كێ دەتوانێت ئەمە پشتڕاست بكاتەوە، كە لە میانەی ئەم كارەدا و لە دەرئەنجامی ئەم بەدواداچوونەدا دەتوانیت خۆت یەكلا بكەیتەوە و بڕیار بدەیت كە ئەوەی دەیخوێنیتەوە هەواڵێكی ڕاست و دروستە، یان تەنیا قسە و باسێكە و بۆ سەرقاڵكردنە. ئێوە لە پرسیارەكەتاندا باسی تەكنەلۆژیاتان كرد كە دەكرێت لەم ڕووەوە هاوكار بێت، كە لە ڕاستیدا هەندێ شێواز و ڕێگە هەن، بۆ نموونە دەكرێت ئەو وێنەیەی بڵاو كراوەتەوە لە نێو گووگڵدا بگەڕێیت و لێی دڵنیا بیت، یان ئەو كەسەی لێدوان و قسەیەكی كردووە، دەتوانیت لە ئەنتەرنێتدا بگەڕێیت بۆ ئەوەی بۆت یەكلا ببێتەوە، ئایا ئەم كەسە تایبەتمەندە لەو بوارەدا و دەتوانێت لەم بوارەدا قسە بكات؟ كە ئەم بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیە ئەو كارەیە كە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامی دەدەن، بەڵام ئەگەر ڕاشكاو بین، ئەوا زۆربەی خوێنەرانی هەواڵ ئەم كاتەیان نییە بۆ ئەوەی بە چەشنی ڕۆژنامەنووسان ئەم كارە ئەنجام بدەن. كەواتە دەكرێت تەكنەلۆژیا هاوكار بێت، بۆ نموونە ئێوە پەیوەندیتان پێوەكردین و ئێمەش دەتوانین لەوە دڵنیا ببینەوە كە ئێوە وێبسایتێكی ئینگلیزیتان هەیە و بوونتان هەیە و ئەم كارە و ئەو كارە دەكەن، مەبەستم ئەوەیە ئێمە هەموومان دەتوانین ئەم كارە ئەنجام بدەین، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە ئەوەی زۆربەی جار بەدی دەكەیت، ئەوەیە كە زۆربەی ئەو كەسانەی هەواڵ و زانیاری و بابەتە ڕۆژنامەگەرییەكان دەخوێننەوە، یان ئەوەی دێتە بەردەستیان دەیخوێننەوە و دواتر هاوبەشی پێ دەكەن لەگەڵ كەسێكی دیكەدا، بە بێ ئەوەی بچنە بنچ و بنەوانی و ڕاستی و دروستیی ئەو هەواڵ و زانیارییە ساغ بكەنەوە.

 

Top