پڕژە كەریم: دەتوانین مۆبایلەكەی دەستمان بكەینە سەرچاوەی داهات و فێربوون و پێشكەوتن
سەلیقە و دەستڕەنگینیی خانمان ژمارەیەكی زۆریانی بە ناوبانگ كردووە و بە دونیای كاریان بناسێنێت، ئەگەرچی هەر لە كۆنەوە تاوەكو ئەمڕۆ ئافرەتی كورد حەزی ماڵداری و سەرمایەداری هەر هەبووە، لە ئێستاشدا بە هۆی نەبوونی هەلی دامەزراندن و كەمیی دەرفەتی كار لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت، ڕێژەیەكی زۆری خانمان بەهرە شاراوەكانیان دەرخستووە و لەو بوارەی كە شارەزاییان تێیدا هەیە ئەسپی خۆیان تاوداوە و هەوڵی پێشكەوتن و خۆپێگەیاندن دەدەن.
پڕژە كەریم خانمە كابانێكی گەنجی دانیشتووی شارە ڕەنگینەكەی دهۆكە و وەك خۆی باسی دەكات، ماوەی دوو ساڵە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە فێركاری و شێوازی دروستكردنی خواردنەكانی پۆست دەكات. لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان زیاتر باس لە چۆنیەتی كارەكانی دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
پڕژە كەریم تەمەنی 23 ساڵە و لە دایكبووی ڕانیەیە و دانیشتووی شاری دهۆكە، ئەو دەرچووی كۆلێژی زانستی زانكۆی دهۆكە، تا ئێستا هەلی دامەزراندنی بۆ نەڕەخساوە، ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و دایكی كوڕێكە، وەك خۆی باسی كرد، ماوەیەكە خۆبەخشانە كاری فێركاریی هونەری چێشتلێنان دەكات. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ماوەی دوو ساڵە لە ڕێگەی پەیجی تایبەتی خۆمەوە بۆ هەوادارنم شێوازی ئامادەكردنی خواردن و شیرینییەكانم پۆست دەكەم و بەردەوامیش دەبم و بە دڵنیاییەوە بایەخی زیاتری پێ دەدەم. كارەكەم زیاتر فێركاری و هاندانە و هانی ئەو گەنجانە دەدەم كە بەهرەیەكیان هەیە، بۆ ئەوەی ئەوانیش دەست پێ بكەن و بەهرە جیاوازەكانیان بخەنەڕوو، بۆیە دەمەوێ پەیامەكەم ئەمە بێت، وەك دەزانین لە ئێستادا بارودۆخەكە بەگشتی سەخت بووە و دوای تەواوكردنی خوێندن دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان بێكار دەمێننەوە، بەڵام ئەوە نابێتە هۆكاری ئەوەی كە دەستەوەستان بوەستین، هەرچەندە كاركردن و دۆزینەوەی هەلی كار هەوڵ و كۆششێكی زۆری دەوێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە لە ئێستادا بە مۆبایلەكەی دەستمان دەتوانین وەكو سەرچاوەی داهات و سەرچاوەی فێربوون و پێشكەوتن سوودی لێ ببینین، چونكە لە ڕێگەی مۆبایلەوە بە ئاسانی دەگەینە خولی فێركاری و كۆرسی زمان، ئەمەش بۆ داهاتوو بە تایبەت لە دۆزینەوەی هەلی كار سوودی هەیە و كارئاسانی زۆرمان بۆ دەكات».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە هاوكار و هاندەری خۆت كێ بوون؟ گوتی: «هەر لە سەرەتاوە كە دەستم بەم كارەم كرد، خانەوادەی خۆم و هاوژینەكەم زۆر هاوكارم بوون، بەتایبەت هاوژینەكەم تاوەكو ئەمڕۆش هاوكار و پاڵپشتم بووە، هەمیشە هانم دەدات و پێم دەڵێت بەردەوام بە پشتیوانت دەبم».
سەبارەت بە خەون و بەرنامەشی بۆ داهاتۆی خۆی گوتی: «من بەشبەحاڵی خۆم زۆر دەمێكە حەزم بە دروستكردنی شتی جیاوازە، حەزم لە نوێكارییە، دیارە كاری چێشتخانە بەر لە هەموو شتێك هونەرە بەڵام پێویستی بە سەلیقە و تاقەت هەیە. تا ئێستا كارەكانم تەنیا فێركارییە، بەڵام ئەگەر خوا تەمەن بدات، لە داهاتوودا كارێكی باشمان دەبێت بۆ خۆم و خانمانی دەوروبەرم، پەنا بەخوا دەبێتە سوپرایزێكی گەورە، هەم لە ڕووی جلوبەرگ و هەم لە ڕووی خواردن شتی جیاوازمان دەبێت. بەڵام لە ئێستادا بە هۆی ئەوەی منداڵەكەم بچووكە و زیاتر پێویستی بە ناز و خۆشەویستیم هەیە، پڕۆژەكەم دواخستووە، بەڵام هەروەكو گوتم، بۆ داهاتوو لەگەڵ چەند خانمێكی بەتوانا كاری زۆر باشمان دەبێت».