ژمارەیەك لە یانەكانی كوردستان گرنگی بە یارییە تاكییەكان دەدەن
زەینەب زییا ڕاهێنەری كاراتێ یانەی ئاڵا
ژمارەیەك لە یانەكانی كوردستان گرنگی بە یارییە تاكییەكان دەدەن
شاری هەولێری پایتەختی كوردستان خاوەنی چەندین یانەیە كەوا گرنگی بە یارییە تاكەكان دەدەن، یانەی وەرزشیی ئاڵای سەر بە یەكێتی قوتابیانی كوردستان یەكێك لەو یانانەیە كەوا گرنگی زۆر بەتوانای كوڕ وكچە یاریزانەكانی دەدات، جگە لەم گرنگیدانە و یانەكە پشتگیری زۆری یارییە تاكەكان دەكات لە یانەكەی، یاری كاراتێ یەكێك لەم یارییانەی كە بە یاری تاكەكان دادەنرێـت، بەردەوامیش یاریزانە كوردەكانی یانەكانی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوەی عێراقیش مەدالیای جۆراوجۆریان بەدەست هێناوە یانەكەش خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستە وكێبڕكێ كردنە لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق، یەكێك لە ئافرەتە بەتواناكانی یانەكەش زەینب زییا-یە ئەو ئێستا ڕاهێنەر و ناوبژیوانە لە یاری كاراتێ و سەرپەرشتی تیپی یانەی ئاڵا دەكات، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1994 وخاوەنی پشتێنی ڕەشی سێ دانە، پێشووتر یاری بۆ هەریەك لە یانەی حەمرین و ئارارات ونیشتمان كردوە، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو دونیای وەرزشیت هەڵبژارد؟
- حەزێكی منداڵیم بوو كە وەرزش هەڵبژێرم.
* لە نێو ئەم هەموو یارییە وەرزشیە چۆن بوو یاری كاراتێت هەڵبژارد؟
- بۆ سەیركردنی یاری برایەكەم چووم، بەڵام خولیای یاری كردن كەوتە دڵمەوە و لەگەڵ ئەو دا دەستم پێكرد لە ساڵی 2002.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە؟
-بەڵێ قورسە بۆ ئافرەت، بەڵام هەمیشە حەزم بەكاری ئاسان نەبووە، هەوڵم داوە ئەستەمەكان ئەنجام بدە،بەڵام كاراتێ شەڕانگیز نییە، بەڵكو هونەری بەرگری كردنە لە خۆت
*ئاستی یارییەكانی كاراتێ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- تاڕادەیەك باشە و ژمارەیەك لە یانەكانی كوردستان گرنگی بە یارییە تاكییەكان دەدەن و خەڵكی دڵسۆز هەیە لە نێو یارییە.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
-زیاتر چوونە ناو ووردەكاری یارییەكە چی پێویستە بۆی بكرێت بۆ ناساندنی و كردنەوەی هۆڵی زیاتر و ئاشناكردنی بە تاكەكانی كۆمەڵگە.
*هۆكاری چییە یانەكانی كوردستان تیپی كاراتێ كچانیان لە یانەكانیان پشتگوێ خستووە؟
- هۆكارەكەی لەوە دەبینم كە یارییەكی تاكە كەمتر گرنگیی پێ دەدرێت بە ڕێژەی گرنگیی یارییە تیمیەكان.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە پاڵەوانێكی كوردستان؟
-پلانی داهاتووم بەرەوپێشچوونە لە بوارەم چ لە ڕووی ڕاهێنەری یان دادوەری گرنگ خزمەت كردنە و ببینە هۆكاری دروست بوونی پاڵەوانەكانی داهاتووی ووڵات.
*سەركەوتن چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
-سەركەوتن هەستێكی جوان و بە چێژە ووزە دەبەخشێت بۆ بەردەوام بوون.
*كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی؟
-كاتێك كەسێكی سەركەوتوو بیت و بگەیتە پلەیەكی باش زۆر كەس دەبنە ڕكابەرت، گرنگ ئەوەیە هەمیشە توانیومە سەركەوم.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك لەم یارییە؟
-بەردەوام بوونمە لە بوارەكەم، چونكە بڕوا بە خۆبوون و ئیرادە لە دڵدا دەچەسپێنێت.
*بۆچی كچان بە كەمی ڕوو لەم وەرزشە دەكەن؟
- زۆربەی كچان وا هەست دەكەن كە توانایان نییە بۆ ئەم وەرزە، كۆمەڵگەش ڕۆلێكی بەرچاوی هەیە لەم بابەتە.
*هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش نەكردووی؟
- ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ یانەی وەرزشی ئاڵا وەكو ڕاهێنەر گرێبەستم هەیە و خزمەت بەم وەرزشە دەكەم و پاڵپشتێكی زۆر بەهێزن، سوپاسی سەرۆكی یانە و تەواوی ئەندامانی دەكەم كە دڵسۆزن بۆ یاری كاراتێ.
*خانەوادەكەت تا چەند پاڵپشتن بۆ وەرزش كردن؟
-پاڵپشتی خانەوادە زۆر گرنگە بۆ بەردەوام بوون لەم هەموو ساڵە سەرەتا دایك و باوكم پشتگیرم بوون لە ئێستادا هاوسەرەكەم بگرە زیاتریش پشتگیرم دەكات بەهۆی ئەوەوە بەردەوامم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان كە بەردەوام لە خزمەتی وەرزشكارانی كوردستانە بەبێ جیاوازی.