بۆكسێنزانانی كوردستان داوای پشتگیری زیاتر دەكەن

بۆكسێنزانانی كوردستان داوای پشتگیری زیاتر دەكەن

بۆكسێنزانانی كوردستان داوای پشتگیری زیاتر دەكەن
لە هەولێر پایتەختی كوردستان بە سەرپەرشتی یانەی وەرزشی زانكۆی جیهان و بە هاوكاری رێكخراوی كوبو، پاڵەوانێتی بۆكسێنی نێودەوڵەتی بە بەشداری 24 یاریزانی شەش ووڵاتی جیاواز دەستی پێكرد، كێبڕكێیەكان لە سەر 12 كێشی جیاواز بوو، پاڵەوانێتیەكی پڕ ملمڵانێ‌ و ئاست بەرز و پڕ بینەری شەیدای ئەم یارییە و تامەزرۆ بۆبینینی شەڕی بەرگری و سەركەوتن، كوردستانیان بۆ ماوەی شەش كاتژمێر لە شەڕی بەهێزدا بوون بۆ ئەوەی توانای خۆیان ببینن كە دەتوانن كاری ئەستەم ئەنجام بدەن، سەرئەنجام لە كۆی 12 بەشداری نێوان یاریزانان كوڕانی كوردستان توانیان حەوت سەركەوتن بەدەست بهێنن و پێش هەموو هەڵبژاردە ڕكابەرەكانیان بكەون، لەم بارەشەوە یاریزانانی پاڵەوانی بەشدار بوو قسەی خۆیان بۆ گۆڤاری گوڵان هەبوو.
ڕاپۆرتی: كارزان كانەبی
لە بارەی رێكخستنی ئەم پاڵەوانێتیە بورهان سابیر سكرتێری یانەی وەرزشی زانكۆی جیهان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئێمە ماوەیەكە هەوڵی ئەوە دەدەین پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی بگوازینەوە هەولێری پایتەخت، بە هاوكاری رێكخراوی كوبو توانیمان ئەو كارە ئەنجام بدەین، ئاستی پاڵەوانیتیەكە زۆر بەرز بوو ژمارەیەكی زۆریش لە هاندەرانی وەرزشی ئامادەی یارییەكان بوو بۆ ماوەی شەش كاتژمێر هانی یاریزانانیان دەدا، هەوڵ دەدەین كاری باشتر و گەورەتر بكەین بۆ وەرزش و بوارەكانی تر، یانەی وەرزشی زانكۆی جیهان ئەوە یەكەم كاری نییە و دواین كاریش نابێت و بەردەوام دەبین لە چاڵاكییە جۆراوجۆرەكانمان، سوپاسی سەرۆكی یانەكەش دەكەین بۆ پاڵپشتی تەواوی چاڵاكییەكانمان.
ئیسماعیل حەسەن ڕاهێنەری یاری بۆكسێن و ئەندامی یەكێتیی بۆكسێن لە بارەی ئاستی ئەم یارییە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئەم یارییە هیچ پشتگیرییەكی نییە وەكو ماددین، یەكێتی بۆكسێن دەیەوێت پێشی بخات، بەڵام كە پارە نەبێت هیچ ناكرێ و چاڵاكی ئەنجام نادرێت، لە هەولێر هیچ شوێنێك نییە بۆ بەرێوەبردنی ئەم یارییە، جگە لە زانكۆی جیهان، ئەو پاڵپشتییەی بۆ یاری تۆپی پێی دەكرێ بۆ بۆكسێن بكرێ زۆر پێش دەكەوێ، تاكو ئێستا خەڵكی خۆمان لەم یارییە تێ نەگەیشتوون، وە ئەم یارییە پێكانی كەمە،زۆر جار لە سەر گیرفانی خۆم پارە بۆ ئەم یارییە سەرف دەكەم بۆ ئەوەی بەردەوام بین، كردنەوەی ئەم جۆرە پاڵەوانێتیانە كارێكی زۆر باشە، سوپاسی یانەی زانكۆی جیهانیش دەكەین كە ئەم پاڵەوانێتیەی ئەنجامدا، ئەگەر ئەم یاریزانانەش بەردەوام مەشق ئەنجام نەدەن ئاستیان دادبەزی، لە بەغدا یانەكان گریبەست لەگەڵ یاریزانان دەكەن، لێرە ئێمە لەسەر گیرفانی خۆمان بەشداری پاڵەوانێتیەكان دەكەین.
عەبدول ودود ئەكرەم یەكێك لە یاریزانە كوردەكانی پاڵەوانی ئەم پاڵەوانێتیەش لەم بارەیەوە قسەی خۆی هەبوو بۆ گوڵان گوتی" ئێمە وەكو یاریزانانی پڕۆفیشناڵ حەز دەكەین ئەم پاڵەوانەتیانە بەبەردەوامی بكرێتەوە، ئەگەر لە هەولێریش بێت كە شاری خۆمانە بۆ ئەوەی زیاتر پێشی بخەین، جگە لەوەش هیچ كەسێك نییە پشتگیری ئەم یارییە بكات، زۆریشمان پێ خۆشە ئەم پاڵەوانیەتیانە هەبێت بۆ ئەوەی سەركەوتنی كوردستان و هەولێر ڕابگەینین، ئەم جۆرە پاڵەوانیەتیە پڕۆفیشنالانە گرنگی خۆی هەیە، داوا دەكەین پاڵپشتی بكرێت لەم یاریزانە پڕۆفیشنالانە، سوپاسی زانكۆی جیهانیش دەكەین بۆ پاڵپشتی كردنی ئەم جۆرە چاڵاكییانە.
عەبدول سەمەد لەتیف یەكێك لە پاڵەوانە بەشداربووەكانی پاڵەوانیەتیەكەش ئەویش بۆ گوڵان قسەی خۆی هەبوو گوتی: پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی بوو ئاستی بەرز پێشكەش دەكرا و ڕكابەری بەهێز لە نێوان یاریزانانی بەشداربوو هەبوو، منیش وەكو كوڕی هەولێر و بە ناوی كوردستان بەشداربووم لە كێشی 80 كگم توانیم لەگەڵ یەكێك لە پاڵەوانەكانی ئەم پاڵەوانێتیە ببمەوە و سەركەوتنی بەسەر بهێنم، هیوادارم گرنگی زیاتر بەم یارییە بدرێت و ئاستی بەرەوو پێش بچێت، سوپاسی یانەی وەرزشی زانكۆی جیهانیش دەكەم بۆ رێكخستنی ئەم جۆرە چاڵاكییانە.
بەهێز ئیسماعیل پاڵەوانی كوردستان و عێراق یەكێك لە بەشداربووەكانی ئەم پاڵەوانێتیە ئەویش بۆ گۆڤاری گوڵان قسەی خۆی هەبوو و گوتی: ئەنجامدانی پاڵەوانێتی زۆر پێویستە بۆ یاریزانان، زۆر جیاواز دەردەكەوێت و زیاتر پێش دەكەوێ و یاری تر دەبینی، لە بارەی گرفتەكانیش گوتی: ئەم یارییە یەكجار گرفتی زۆرە هیچ پشتگیرییەك نییە، وەكو پاڵەوانێكیش من لە كاتژمێر شەش و نیوی بەیانی تاكو شەشی ئێوارە كار دەكەم دواتر دەچمە مەشقەكان ئەوەش ناتوانم ئاستی خۆم بە تەواوی پێشكەش بكەم، چونكە ماندوو بوونێكی زۆر دەبینم، لێرە دەبێ پارەی مەشقەكانیش بدەین، ئەم یارییە ئەگەر چەند پاڵەوانێتیەكی بۆ بكرێتەوە و ڕاگەیاندنەكان بە تەواوی پشتگیری بكات بە خەڵك دەناسیندرێ و یاریزانەكانیش هاندەری تایبەتی خۆیان هەیە لەم یارییە.

Top