شۆخان كوێخا حسێن شوانی: هەمیشە ئامانجم بووە خزمەت بە خاك و نیشتمان و نەتەوەكەی خۆم بكەم
بڕیارە لە 18ـی كانوونی یەكەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەبچێت و، لە دوای 18 ساڵ هەمان هەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت. لەوەتەی عێراقی فیدڕاڵی دامەزراوە، لە كەركووك تەنیا یەك جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بەڕێوەچووە، ئەویش لە ساڵی ٢٠٠٥ بوو، كە تێیدا كورد زۆرینەی كورسییەكانی مسۆگەر كرد و، بۆ یەكەم جار بە شێوەیەكی یاسایی ئیدارەی پارێزگاكەی بە دەستەوە گرت.
بۆ ئەمجارە كورد لە كەركووك بە فرەلیست بەشدار دەبن، هاوكات لە ناو بەربژێرەكاندا ژمارەیەكی باش لە خانمانی بەتوانا خۆیان كاندید دەكەن و، لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان 9 ئافرەتی بەتوانا و پڕئەزموون بۆ پۆستی ئەنجومەنی پارێزگاكان كاندیدن. شۆخان كوێخا حسێن شوانی، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بەربژێرە و خانمێكی بە هەڵوێست و داكۆكیكارێكی سەرسەختی خەڵكی سڤیلی شاری كەركووك بووە، هاوكات پاڵپشت و خەمخۆری خانمان و كچانی شارەكەیەتی. لەم دیمانەیەدا لەگەلأ گۆڤاری گوڵان باسی بەرنامەكانی كاری خۆی دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
شۆخان كۆێخا حسێن شوانی، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بەربژێرە و بەمجۆرە باسی بەرنامەی كاری خۆی لە ئەگەری سەركەوتنی دەكات:
«هەر لە سەرەتای گەنجێتیمەوە ئامانجم بووە، وەكو هەر تاكێكی كورد و كەركووكی خزمەت بە خاك و نیشتمان و نەتەوەكەی خۆم بكەم، كوردبوون ئاسان نەبووە و نییە، بەتایبەت لە شارەكەی مندا (كەركووك)، چونكە لە هەموو ڕوویەكەوە لە نێوان نەتەوەكانی كەركووك جیاوازییەكی زۆر بەدی دەكرێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانی بە زۆر سەپێندراو بە سەر ئەم شارەدا، بەتایبەتی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، هەر ئەمەش بوو بە هۆكار بۆ خۆبەربژێركردنم بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بە ئامانجی ئەوەی بتوانم، بە شێوەیەكی مەیدانی هەوڵ بدەم بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازییە ناڕەوایە لە نێوان نەتەوەكانی شاری كەركووكی دڵی كوردستان، جیاوازییەكانیش زۆرن، بۆ نموونە :
١- جیاوازیی زمان، دەبێت كارێكی وا بكەین، زمانی كوردییش لە دامودەزگاكان بە شێوەیەكی یاسایی و دەستووری وەكو زمانی دووەمی عێراق كاری پێ بكرێت.
٢- جیاوازیی خزمەتگوزاری، كە خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی گەڕەكە عەرەب نشینەكان و پشتگوێ خستنی گەڕەكە كوردنشینەكان شتێكی زۆر بەرچاون.
٣- گەڕاندنەوەی زەوی و زاری جووتیارانی كورد، كە لەلایەن عەرەبە شۆڤێنییەكانەوە داگیر كراون و، گەڕانەوەیان بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانی خۆیان و بەكارخستنەوەی ماددەی 140 و وەرگرتنی قەرەبوو بۆ زیانلێكەوتووانی ئەو ماددەیە.
٤- جیاوازی لە ڕووی دامەزراندن، جیاوازییەكی زۆر و بە ڕێژەیەكی بەرچاو دەكرێت لە نێوان دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانی نەتەوەكان و پشكی كورد لەچاو نەتەوەكانی دیكە بۆ دامەزراندن، زۆر بە كەمی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو جیاوازییە گەنجانی نیگەران كردووە، هۆكاری ئەم جیاوازییە نەتەوایەتییەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەسەڵاتە بە زۆر سەپێندراوەی ئێستای كەركووك، كە زۆر پێویستە هەوڵی چارەسەركردنی بدەین.
شۆخان كوێخا حسێن شوانی، سەبارەت بە ئافرەتان پلاتفۆرمی خۆی هەیە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «بۆ داهاتووی خانمانی كەركووك پلانم هەیە، وەكو ئێستاش كە خۆم پارێزەری مافی ئافرەت و خانمانی كەركووكم، داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانی خانمان بووم و دەبم لە هەموو ڕوویەكەوە، چونكە ئافرەت گەورەترین سەرچاوەیە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی وشیار و تەندروست بەتایبەت لەشاری كەركووكدا. دەتوانم بڵێم ئافرەتان بەتواناترین چینی كۆمەڵگەن و لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتییەی لەم شارەدا هەیە، گەورەترین ئەرك و ماندووبوونیان لەسەرە، هەر بۆیە پێویستە و مافی خۆیانە هاوكاری بكرێن. من بە پێویستی دەزانم لە كەركووك چەندین سەنتری ڕۆشنبیری و پیشەیی بۆ بەهرەمەندكردنی خانمان بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ڕێگەی خولەكان و دیالۆگەوە ئافرەتی سەركردە و خاوەنكار پێ بگەیەندرێن، تاكو ئافرەتانی دیكەش لەسەر دەستی ئەوان پێبگەن. هەروەها زۆر پێویستە گرنگی بە ئافرەتان بەگشتی و ئافرەتانی ماڵەوە بەتایبەتی بدەین و، لە نزیكەوە گوێ بۆ كێشەكانیان بگرین، بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری بكەین. دەبێت بەرنامەمان بۆ دابینكردنی شوێنی تایبەت بۆ ئەو ئافرەتانە هەبێت، كە تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی دەبنەوە، كردنەوەی شەڵتەر و خانەی بەساڵاچووانی ئافرەتان و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان بەپێی یاسا و مافی مرۆڤ دەبێت لە ئەولەوییەتی كارەكانمان بۆ ئافرەتان بن».
ئەو بەربژێرە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆتایی وتەكانیدا جارێكی دی داكۆكیی لە ئافرەتان دەكات و دەڵێت: «پاراستن و دانانی لێكۆڵەری ئافرەت لە بواری تایبەت بە كەیسی دەستدرێژیكردنە سەر ئافرەت بە هەموو شێوەیەك پێویستە و هەروەها دەبێت هەوڵ بدەین، خولی سەربازی و پاسەوانی بۆ ئافرەتان بكرێتەوە، بەتایبەتی بۆ گرتووخانەكانی تایبەت بە ئافرەتان و نەوجەوانان. هاوكات لە بەرنامەی كارمدایە گرنگییی زۆر بە خولی فێرخوازیی گەوران بدەین، بۆ ئەو ئافرەتانەی كە دابڕاون لە خوێندن و هەوڵ بدەین بۆ دووبارە گەڕانەوەیان بۆ خوێندن و ببنە خاوەن بڕوانامەی خۆیان، هەروەها ڕەخساندنی هەلی كار بۆ ئافرەتانی بێ بڕوانامە كە بتوانن لە كارگە و شوێنی شیاو كار بكەن، بۆ ئەوەی ببن بە خاوەن داهاتی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بایەخی زۆر بە لایەنی بازرگانیی ئافرەتان هاوكاریكردنیان لەو ڕووەوە بدەین. ئەم بابەتانە و چەندین پرسی دیكە لە بەرنامەی كارمدان و دەبێت بە ئامانجمان بۆ چوونە ئەنجومەنی پارێزگا تا بتوانین بە شێوەیەكی مەیدانی كاری بۆ بكەین و بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە بە پشتیوانی خودای گەورە