بەداخەوە تۆپی باسكە لە كوردستان و عێراق هیچ پێشكەوتنێكی نییە

بەداخەوە تۆپی باسكە لە كوردستان و عێراق هیچ پێشكەوتنێكی نییە

هاژە كامەران یاریزانی تۆپی باسكەی یانەی سابیس

بەداخەوە تۆپی باسكە لە كوردستان و عێراق هیچ پێشكەوتنێكی نییە
هەر چەندە یاری باسكە لە شارەكانی كوردستان وەكو پێویست گرنگی تەواوی پێ نەدراوە، تەنیا بەشێك لە یانەكان نەبێت كە ئەوانیش بەدەستی دەست دەژمێردرێن گرنگی كە یارییەكانی تۆپی باسكەی كچان دەدەن، بەڵام ژمارەیەك یاریزانی ئاست بەرز لە شارەكانی كوردستان گرنگی زۆریان بەتواناكانی خۆیان داوە و بوونەتە جێگای سەرنجی زۆربەی یانەكانی كوردستان و عێراق، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان ئەویش كچە یاریزان هاژە كامەران-ە لە دایك بووی ساڵی 1993ی پارێزگای سلێمانییە ناوبراو یاری بۆ هەریەك لە یانەكانی كەمال سەلیم و سیروانی نوێ و ژیما و هەڵەبجەی شەهید و ئەكادی عەنكاوە و ئێستاش یاریزانی یانەی سابیس ئەربیلی شاری هەولێرە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بووبڕیار هاتنە نێو وەرزشتدا؟
- لە تەمەنی منداڵیەوە من یاری دەكەم و حەزم بە وەرزش بووە.
* لە نێوان ئەم هەموو یارییە وەرزشییە بۆچی یاری باسكەت هەڵبژارد؟
- زۆربەی یارییەكانم ئەنجامداوە وەكو گۆڕەپان و مەیدان و بالە و تێنس و باسكە، بەڵام بەهۆی چەند هاوڕێیەكم بەیەكەوە چووین بۆ یانەی كەمال سەلیم و دەستمان كرد بە یاری باسكە زۆر حەزم دەكرد ببم بە یاریزانێكی باش.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە؟
- بۆمن یارییەكە قورس نییە، چونكە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باشتر بووم لەم یارییە، هەوڵی زۆریشم دا ڕاستە بەهۆی باڵاوە كێشەیە، بەڵام بەم دەرجەیە نییە ئەگەر خۆت هەوڵ بدەی.
*ئاستی یاری تۆپی باسكە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-بەداخەوە تۆپی باسكە بۆ كچان و كوڕان لە كوردستان و عێراق هیچ پێشكەوتنێكی نییە، كەس گرنگی پێ نادات. تا ئێستا هیچ هەڵبژاردەیەكی وا بۆ كچان دروست نەكراوە كە بەشداری پاڵەوانێتی دەرەوە بكەن وەكو هەموو ووڵاتانی عەرەبی، بەڵام لە وولا َتانی تر وەكو ئێران و ووڵاتە عەرەبیەكان تۆپی باسكە یارییەكە زۆر گرنگی پێ دراوە.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەوو پێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
- دەبوایە لەلایەن سەرۆك یانەكانەوە گرنگی تەواو بۆ یاری باسكە هەبوایە، بە تاكە كەس هیچ ناكرێ و تەنانەت هۆلێكی باشمان نییە بچین یاری تێدا بكەین.
*هۆكاری چیە یانەكانی كوردستان ئەم یارییەیان پشتگوێ خستووە؟
- هیوادارم لایەنی بەرپرس هەوڵێك بدەن یاریزانە زۆر باشەكان هەیە پشتگوێ نەخەن، زیاتر بێن لە نزیكەوە لەگەڵیان بن، تەنانەت جگە لە كچان كوڕانیش پشتگوێ خراون، یانەكان و یەكێتیە وەرزشیەكان هۆكارن بۆ پشتگوێ خستنی ئەم یارییە.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت؟
-من لە ئێستادا یاریزانی یانەی سابیسم بەردەوامم تا بتوانم یاری بكەم لە دەرەوەش بەردەوام دەبم بۆ ئەوەی بتوانم ئاستم بەرەوو پێش ببم.
*سەركەوتن چ هەستێكت پێ دەبەخشێ‌؟
-ئەوكاتەی بە باشترین یاریزان هەڵبژێردرام زۆر دڵخۆش بووم، چونكە خۆم زۆر هەوڵم داوە بگەم، جگە لەوەش هەر تیپێك یاریم بۆ كردبێ لە پلەكانی یەكەم و دووەم بووە ئەوەش مایەی خۆشحاڵییە بۆمن.
*كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی؟
- هیچ كەس بە ڕكابەری خۆم نازانم لە كوردستان و عێراق.
*هیواو و ئاواتت لە وەرزش كردن؟
- بەهیوای ئەوەم بتوانم زیاتر گرنگی بەتواناكانی خۆم بدەم و ئاستی خۆم زیاتر بەرەوو پێشببەم.
*بۆچی كچان بە كەمی ڕوو لەم وەرزشە دەكەن؟
- چونكە وەكو پێویست گرنگی بەم یارییە نەدراوە و ژمارەی یانەكان زۆر كەمن بۆ یاری تۆپی باسكە، بەڵام لەمە بەدواوە زیاد دەكات ، بەڵام پەنا بەخوا لەمە بەدواوە زیاد دەكات بەهۆی ئەم كەمپی هاوینانە بۆ تیپەكانی باشە.
* هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش كردووی؟
- بەلێ چەندین یانە هەبووە بگرە لە عێراقیش وەكو یانەكانی ئەكاد و سابیس و دیالە.
* دوویاری لە یەك كات ئەنجام دەدەی تۆپی باسكە و لەشجوانی لەكامەی سەركەوتوو تری؟
- لە هەردووكیان سەركەوتووم ئەویش تەواوكەری یەكترە، من زیاتر یاری لەشجوانی و هێزی لەش دەكەم كە ئەوەش هێزێكی جەستەیی باشت پێ دەبەخشێ‌ ئەوە زۆر باشە بۆ تەركیزی هێزی جەستەیی.
* بە چی یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت؟
- هەریەك لە یاریزانان A ja Wilson ،kelsey plum
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان بۆخزمەتی بەردەوامی وەرزشیی ناوەخۆ.

Top