پارێزەر ئاهەنگ ئەنوەر: بە هەزاران كچی كەركووكی خاوەن ئەزموون و بڕوانامەی زانستین، كەچی سوود لە تواناكانيان وەرناگیرێ و لە ماڵەوەدا دانیشتوون

پارێزەر ئاهەنگ ئەنوەر:  بە هەزاران كچی كەركووكی خاوەن ئەزموون و بڕوانامەی زانستین، كەچی سوود لە تواناكانيان وەرناگیرێ و لە ماڵەوەدا دانیشتوون

 

 

بڕیارە لە 18ـی كانوونی یەكەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەبچێت و، لە دوای 18 ساڵ هەمان هەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت. لەوەتەی عێراقی فیدڕاڵی دامەزراوە، لە كەركووك تەنیا یەك جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بەڕێوەچووە، ئەویش لە ساڵی 2005 بوو، كە تێیدا كورد زۆرینەی كورسییەكانی مسۆگەر كرد و، بۆ یەكەم جار بە شێوەیەكی یاسایی ئیدارەی پارێزگاكەی بە دەستەوە گرت.

بۆ ئەمجارەش كورد لە كەركووك بە فرە لیست بەشدار دەبن و بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردن ناكەن، هاوكات لە ناو بەربژێرەكاندا ژمارەیەكی باش لە خانمانی بەتوانا خۆیان كاندید دەكەن و، لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان 9 ئافرەتی بەتوانا و پڕئەزموون بۆ پۆستی ئەنجومەنی پارێزگاكان كاندیدن. پارێزەر ئاهەنگ ئەنوەر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بەربژێرە. پارێزەر ئاهەنگ ئەنوەر خانمێكی بە هەڵوێست و داكۆكیكارێكی سەرسەختی خەڵكی سڤیلی شاری كەركووكە، هاوكات پاڵپشت و خەمخۆری خانمان و كچانی شارەكەیەتی. لە دیدارێكیشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە بەرنامەی كارەكانی دەخاتەڕوو.

 

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«وەكو یاساییەك چاودێریی هەموو یەكە ئیدارییەكانی شاری كەركووك دەكەم و لە هەموو كەموكووڕی و كەمتەرخەمییەكی فەرمانگە ئیداری و یاسایی و خزمەتگوزارییەكان دەكۆڵمەوە، چونكە لە بەشێك لە فەرمانگەكانی ئەم شارەدا كارەكانی خەڵكی كەركوك زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت و لە بەردەم هەر پەنجەرەیەكدا بە دەیان هاووڵاتی بۆ چەند كاتژمێرێك لە ڕیزدا ڕادەوەستن، ئەگەر هاووڵاتییەكی ئاسایی بێت، ڕەنگە تەحەمولی بكات، بەڵام بۆ كەسێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت كە لەسەر عارەبانەكەیەتی و كاری كەوتووەتە فەرمانگەیەكی حكوومی، زۆر دژوارە، بەتایبەت كە تەنانەت هەندێ لە فەرمانگەكان شوێن و ڕێڕەویان بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت نییە، لە لایەكی دیكەشەوە بایەخ بە كەرتی تەندروستی و پەروەردە دەدەین و، هەوڵ دەدەین پەنجە بخەینە سەر ئەو بۆشاییانەی كە لە ناوەندەكانی خوێندن نەخۆشخانەكاندا هەیە».

 پارێزەر ئاهەنگ ئەنوەر، جەخت لەوە دەكاتەوە كە «دۆخی كەرتی تەندروستی لە كەركوكدا لە ئاستێكی زۆر خراپدایە و بە شێوەیەكە خەڵكی شارەكەی بە تەواوی نیگەران كردووە». هاوكات دەڵێت: «هەموو توانام دەخەمەگەڕ بۆ چاودێریكردنی كارەكانی حكومەتی لۆكاڵیی كەركووك و بە جددی لەسەر ئەو جیاكارییانە ڕادەوەستم كە لە ڕووی خزمەتگوزاریەوە لە نێوان گەڕەكەكاندا دەكرێت، چونكە زۆر بە ڕوونی ئەوە دەبینین كە گەڕەكە كوردییەكان بە تەواوی لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە فەرامۆش كراون، هەروەها هەموو هێزم دەخەمەگەڕ بۆ ڕووبەڕووبونەوە و ڕێگرتن لەو پیلانانەی كە دژ بە كوردی شارەكە ئەنجام دەدرێن، چونكە لای هەمووان ئاشكرایە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دژایەتییەكی زۆری كوردی شارەكە كراوە و هەوڵی جددی دراوە بۆ پەراوێزخستنیان لە ڕووی دامەزراندن و وجوودیان لە فەرمانگەكانی حكومەتی ناوخۆیی كەركووكدا، هاوكات زمانی كوردی فەرامۆش كراوە لە نووسین و نووسراوە فەرمییەكاندا و هەوڵ دەدەین كە لە هەموو تابلۆ و نووسراوەكانی شارەكەدا زمانی كوردی وجوودی هەبێت و لە كاتی پشتگوێخستنیدا ڕێكاری یاسایی دەگرینە بەر».

ئەو یاساناسە بەربژێرە لە كاركردن بۆ باشتركردنی ڕەوشی گەنجانیش خافڵ نییە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «بە حوكمی ئەوەی خۆیشم گەنجم، هەوڵ دەدەم بە ڕاوێژكردن لەگەڵ گەنجانی خاوەن توانا و بەهرەی كەركووكدا، بتوانین كایەی ڕۆشنبیری و وەرزشی و هونەری لە شارەكەماندا بگەڕێنینەوە دۆخی سرووشتیی خۆی، چونكە لە ڕابردوودا كەركووك ناوەندێكی ڕۆشنبیریی گرنگ بووە بۆ كوردستان و بە دەیان گەنجی بەتوانای لە بوارە جیاجیاكاندا خستووەتە خزمەتی ئەم وڵاتەوە».

پارێزەر ئاهانگ ئەنوەر ئەوەشی دووپات كردەوە كە «لە ئێستادا دۆخی ژینگەی كەركووك لە ڕەوشێكی زۆر مەترسیداردایە و ڕۆژانە لە نێو هاووڵاتییانی شاردا ڕێژەی نەخۆشییەكان و بەتایبەتی شێرپەنجە ڕوو لە هەڵكشانە، بەهۆی پیسبوونی ئاو و خاك و هەوای كەركووكەوە و ڕێژەی سەوزایی زۆر زۆر كەمە و زبڵ و خاشاكێكی زۆر لە كۆڵان و شوێنە گشتییەكاندا كۆبووەتەوە».

ئەو بەربژێرە سەبارەت بە بەرنامەی كاری خۆی بۆ ئافرەتانی كەركووك گوتی: «وەك دەزانین لە ڕابردوودا ژنانی كەركووك ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە لە كایە جیاوازەكانی ژیاندا، بەڵام بەداخەوە ئەم چەند ساڵەی دواییدا بە هۆی دۆخی نالەباری كەركووكەوە دەبینین چەندین كێشە و گیر و گرفت هاتوونەتە پێشەوە، هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا پەرە بە تواناكانی ئافرەتان بدەین و كەشێك دروست بكەین، كە كەرتی حكوومی و كەرتی تایبەت بایەخێكی زیاتر بە بوونی خانمان لە ناوەندەكانی كاردا بدەن، تاوەكو بتوانن لەسەر پێی خۆیان ڕابوەستن و خزمەت بە كۆمەڵگەی كەركووك بكەن. جێگەی داخە بە هەزاران كچی كەركووكی خاوەن ئەزموون و بڕوانامەی زانستین، كەچی سوود لە توانا مرۆییەكانیان وەرناگیرێ و لە ماڵەوەدا دانیشتوون. ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین لە هەموو فەرمانگەكاندا ڕێژەیان جێگیر بكرێت بە دەزگا ئەمنییەكانیشەوە، لە لایەكی دیكەشەوە كردنەوەی خانەیەك بۆ داڵدەدانی بێ سەرپەرشتان و كچانی بێ كەس و كاری شارەكە كە لە تەمەنی منداڵی و نەوجەوانیدان بە پێویست دەزانین، لەپێناو زامنكردنی داهاتوویەكی تەندروست بۆیان كاری لەسەر بكەین».

Top