سەركەوتن بۆ هەموو كەسێك هەستێكی خۆشە

سەركەوتن بۆ هەموو كەسێك هەستێكی خۆشە

دییە تەحسین یاریزانی كاراتێ‌ یانەی سلێمانی

سەركەوتن بۆ هەموو كەسێك هەستێكی خۆشە
یاری كاراتێ‌ یەكێك لەم یارییانەی كە بە یاری تاكەكان دادەنرێـت، بەردەوامیش یاریزانە كوردەكانی یانەكانی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوەی عێراقیش مەدالیای جۆراوجۆریان بەدەست هێناوە توانای كچی كوردستانیان پێشان داوە بە ڕكابەرەكانیان، یانەی سلێمانی یەكێك لەم یانانەی كە بەردەوام گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی یارییە تاكەكان دەدەن لە سەر هەردوو ئاستی كچان و كوڕان، تیپی كاراتێ‌ یانەكەكەش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی پاڵەوانێتیەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە وكێبڕكێ كردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەی سلێمانی دییە تەحسین-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2006 و پێشووتر یاری بۆ هەریەك لە یانەی ئەفرۆدێت كردوە، ئێستاش بەردەوامە لە تیپی كاراتێ‌ یانەی سلێمانی ، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو دونیای وەرزشیت هەڵبژارد؟
- من لە تەمەنێكی زۆر بچووكەوە چوومەتە ناو جیهانی وەرزشیەوە، لە منداڵیەوە ئاواتم ەوە بووە كە ببم بە یاریزانێكی لێهاتوو لە بوارەكەی خۆمدا، بۆیە لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە چوومەتە ناو وەرزش، وەرزش لە ڕووی جەستەییەوە و هەم لە ڕووی مێشكەوە بەهێزمان دەكات وامان لێ دەكات كەسێكی جیاواز بین لە ناو كۆمەڵگەدا.
* لە نێو ئەم هەموو یارییە وەرزشیە چۆن بوو یاری كاراتێت هەڵبژارد؟
-حەز و ئارەزوویەكی خۆم بوو، وە من بەهرەمی خۆم لە وەرزشی كاراتێ‌ بینییەوە.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە؟
-هەموو كارێك بەشی خۆی قورسە، وە هیچ شتێك بێ ماندوو بوون بەدەست نایەت، بۆیە دەبێت یەكەم قوربانی بدەین بۆ ئەو شتانەی كە دەمانەوێت بەدەستی بهێنین.
*ئاستی یارییەكانی كاراتێ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- دەتوانین بڵێین لەم یەك دوو ساڵەی ڕابردوو ئاستی وەرزش باشتر بووە و پەرەی پێ دەدرێت، بەڵام هێشتا كەمە.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
-بوونی كارگێڕییەكی باش و هاندانی ڕۆڵی وەرزشی و دروستكردنی پاڵه وانێتی و پاڵاوتنی یاریزانە باشەكان و خەڵات كردنیان.
*هۆكاری چییە یانەكانی كوردستان تیپی كاراتێ‌ كچانیان لە یانەكانیان پشتگوێ خستووە؟
-بوونی كچ لەم یارییە كەمە بە زۆری ئاستی كوڕان باشترە و زیاتر ئەوان ئەم یارییە دەكەن، بۆیە زیاتر پەرە بە كوڕان دەدرێت، بەڵام دەتوانم بڵێم لە ئێستادا كچانیش وەكو كوڕان ڕكابەری یەكتر دەكەن و خۆیان دەسەلمێنن.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە پاڵەوانێكی كوردستان؟
-بەرنامەم بۆ داهاتوو ئەوەیە كە ئاستی خۆم زۆر لە ئاستی ئێستام باشتر بكەم بتوانم هەنگاوی گەورەتر بهاوێم.
*سەركەوتن چ هەستێكت پێ دەبەخشێ‌؟
-سەركەوتن بۆ هەموو كەسێك هەستێكی خۆشە، بەڵام بۆ ئەو كەسە خۆشتر دەبێت یات تایبەت تر دەبێت كاتێك بە هەوڵ و ماندوو بوون و رەنجی خۆی وبوونی ڕاهێنەرێكی دڵسۆز ئەو سەركەوتنە بەدەست دەهێنێت هەستێكی زۆر جیاواز دەبێت، هەموو كەسێك ئەو هەستەی نابێت .
*كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی؟
-هیچ كەسێك بە ڕكابەری خۆم نازانم.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك لەم یارییە؟
-هیوا و ئاواتی من ئەوەیە كە لە داهاتوودا وەكو كچە یاریزانێكی كورد لە پاڵەوانێتی جیهان بەشدار بم بە ئاستێكی زۆر باش.
*بۆچی كچان بە كەمی ڕوو لەم وەرزشە دەكەن؟
-كچان بە هەلە لەم یارییە تێگەیتشوون، ئەگەر ئێمە بێین لە سەر ئەم وەرزشە بخوێنینەوە ئەوا دەزانین كە یارییەكی چەند بە سوودە، یارییەكی چەند گرنگە بۆ ئێمەی كچ بە تایبەت، یارییەكە فێرمان دەكان چۆن بەرگری لە خۆمان بكەین لە كاتی پێویستدا و فێرمان دەكات كە باوەڕ و متمانەمان بەخۆمان بێت، قسەیەكی داهێنەری كاراتێ گیچین فوناكوشی هەیە دەڵێت(كاراتێ‌ بە نەرمان ونیانی دەست پێ دەكات و بە نەرم و نیانی كۆتایی دێت)
*هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش نەكردووی؟
- من بە حوكمی ئەوەی یاریزانێكی كۆنم و دەمێكە یاری دەكەم نەخێر نەبووە و ئەگەر گرێبەستم بۆ بێت قبوڵی ناكەم، چونكە من لەم یانەیە گەورە بووم و دەركەوتووم بووم بەو یاریزانەی ئێستا.
*خانەوادەكەت تا چەند پاڵپشتن بۆ وەرزش كردن؟
-. بێگومان بۆ كچێك كە ئەم یارییە جیاوازە بكات بە پاڵپشتی خێزانەكەی نەبێـ ناگاتە ئەم ئاستە،سوپاس بۆ خوا هەمیشە پاڵپشتیم دەكەن.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان كە خزمەتی وەرزشی ناوەخۆ دەكات، سوپاس بۆ ڕاهێنەرەكانم بەهۆی ئەوانەوە كە من ئێستا لەو ئاستەم.

 

Top