شڤان حەمدی ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:   ئەم چەمكەی (ئیسلامی سیاسی) داهێنراوە و مەبەست لێی ئەوەیە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ مەبەست و ئەجیندایەكی سیاسیی تایبەت بەكار بهێنرێت

شڤان حەمدی  ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     ئەم چەمكەی (ئیسلامی سیاسی) داهێنراوە و مەبەست لێی ئەوەیە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ مەبەست و ئەجیندایەكی سیاسیی تایبەت بەكار بهێنرێت

 

 

شڤان حەمدی ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و، یەكێكە لەو ڕۆژنامەنووس و توێژەرە مەیدانییانەی كە كاری زۆر جدی لەسەر هزری میانڕەوی و نەتەوەپەروەرانەی زانایانی ئیسلامی كوردستان کردووە و  هەوڵی داوە بەردەوام ئیسلام لە ڕوانگەی بیری نەتەوەیی و نیشتمانییەوە هەر لەو پایە و شكۆ بەرزدا بمێنتەوە كە ڕابەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان برەویان پێداوە، هەروەها كاری زۆر جدیی لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایینە جیاوازەكانی كوردستان كردووە و یەكێك بووە لە ئامادەكەرانی هەر دوو كتێبی (دیدی ئیسلام بۆ هزری توندڕەوی و ، پێكەوەژیان لە كوردستان..دید و تێڕوانینی ئایینە جیاوازەكان) لە گفتوگۆی ئەم جارەدا (ئیسلامی سیاسیی و بەد گومانی لەسەر كەلتوور و ناسنامە) لەم ئەزموونە مەیدانییە  كەڵەكەبووەی خۆییەوە بیربۆچوونەكانی خستە ڕوو.

 

كە دێنە سەر باسی چەمكی ئیسلامی سیاسی، وەك بەڕێزانی ئەم گفتوگۆیەش ئاماژەیان پێكرد، ئیسلام هەر ئیسلامە و ئەم چەمكەی (ئیسلامی سیاسی) داهێنراوە و مەبەست لێی ئەوەیە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ مەبەست و ئەجیندایەكی سیاسیی تایبەت بەكاربهێنرێت و، مەبەست لێی ئەوەیە بە ناوی ئایینەوە پرسی كەلتوور و ناسنامە و بوونمان وەك نەتەوە لە ڕیشەوە هەڵبتەكێنن.

لەم چوارچێوەدا ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژووی سەرهەڵدانی بیری نەتەوەییمان، هەروەها دەستپێكی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، بیریی نەتەوەیمان و دەسپێكی بەرەڤانیی نەتەوەیی و نیشتمانی لەو ڕابەرانەی وەك (ئەحمەدی خانی، مەلای جەزیری، نالی، مەولەوی، شێخ عوبەیدوڵای نەهری، شێخ سەعیدی پیران، شێخ عەبدولسەلام بارزانیی یەكەم و دووەم، شێخ مەحمودی حەفید، شێخ ئەحمەدی بارزان، پێشەوا قازی محەمەد، مستەفا بارزانی) هەموو ئەم  ڕابەر و زانایانەی بیری نەتەوەییمان لە تەكیە و حوجرەی مزگەوتەكانی كوردستاندا پەروەردە بوون، لەمەش زیاتر بیری نەتەوەییمان بەرهەمی بیركردنەوەی (خانی و جەزیری و مەولەوی و نالی و ...هتد) لە ناو حوجرەی مزگەوتەكانی كوردستاندا لەدایكبووە و هەموو تاكێكی كوردیش شانازیی پێوە دەكات.

نەتەوەی كورد كە زیاتر لە 90% موسڵمانە، پابەندی ئایین بووە لە ناو كەلتوور و داب و ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی خۆیدا، هەموو كات لەو ڕوانگەیەوە مامەڵەی لەگەڵ ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا كردووە كە ئیسلام نیشتمان پەروروەریی فەرز كردووە و ئەوەی نیشتمانی خۆی خۆش نەوێت و ئامادە نەبێت قوربانیی لە پێناودا بدا ، ئەوە بە باوەڕداری ڕاستەقینە لە قەڵەم نەدراوە و ئەو فەرموودە بەرزەی پێغەمبەر(د.خ) لەسەری جێبەجێ كراوە كە دەڵێت: «خۆشەویستیی نیشتمان لە باوەڕەوەیە – حب الوطن من الايمان)، هەروەها تێگەیشتنی نەتەوەی كورد بۆ ئایینی پیرۆزی ئسیلام بەو جۆرە بووە کە ئەگەر ئێمە نیشتمانێكی ئازاد و سەربەخۆمان نەبێت، ناتوانین ئایینەكەشمان بپارێزین و برەوی پێبدەین، ئەمەش وەك ڕەفتارە دڕندەكانی ڕژێمە یەك بەدوای یەکەكانی عێراقدا بینیمان زیاتر لە 4500 گوند و شار و شارۆچكەی كوردستانیان كرد بە سووتماك، لە مزگەوتی هەر گوندێكیشدا بە دەیان كتێبی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) سووتاندیان و لە هەڵمەتە بەدناوەكانی ئەنفالیشدا بە دەیان هەزار هاووڵاتی كوردستانیان بە زیندوویی زیندە بەچاڵ كرد، كە هەتا ئێستاش ئیسك و پرووسكی زۆرینەیان نەدۆزراونەتەوە.

ئەم مێژووە پێمان دەڵێت، كێشەی ئێمە لە كوردستان كێشەی ئایین نییە، یان ڕاشكاوانەتر موسڵمانانی كوردستان بێجگە لە كێشەی سەربەخۆیی و ئازادی كێشەیەكی دیكەیان نییە، هەربۆیە كاتێك ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی هاوردەی كوردستان دەكرێت و لە ڕوانگەی ئەم ئایدۆلۆژیەتە زاڵمەوە كۆمەڵگەی كوردستان بە كۆمەڵگەیەكی لادەر لە ئایین و كافر لە قەڵەم بدە، هەوڵ دەدەن وەك بەڕێزانیش ئاماژەیان پێكرد، دووبارە ئیسلام بە كۆمەڵگەی كوردستان بناسێننەوە، ئایا ئەمە هەمان بیركردنەوەی بەعسییەكانی عێراق نییە كە بەسوورەتی ئەنفال نەتەوەیەكیان جینۆساید كرد، ئایا ناونانی هەڵمەتە بەدناوەكانی ئەنفال، تەكفیر و بەكافر تەماشا كردنی نەتەوەی كورد نییە؟ ئایا ئەمە هەمان بیركردنەوەی تیرۆریستانی داعش نییە كە وەك كافر مامەڵەیان لەگەڵ پێشمەرگە دەكرد و سەریان دەبڕین؟، بێگومان گەلی كوردستان زۆر لەوە هۆشیارترە كە حزبە ئیسلامییەكان دەیانەوێت ئەجێندای دەرەكیی بەسەردا فەرز بكەن و لە ڕێڕەوە نەتەوەیی و نیشتمانییەكە دووریان بخەنەوە.

حزبە ئیسلامییەكان كە بانگەشەی ئەوە بۆ خۆیان دەكەن گوایە نوێنەرایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەكەن و ئەوان ئەو پردەن ئێمە دەگەیەننە لای پەروەردگار، ئەوا وەك لە ڕەفتار و سیاسەتەكانیاندا ڕەنگی داوەتەوە، ئەوان ململانێ دەكەن بۆ ئەوەی سواڵی دەنگ بكەن بۆ هەڵبژاردنەكان و پاشانیش چەند پلە و پۆستێك لە پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەكاندا بەدەست بهێنن، بەڵام ئاكامی هەموو هەڵبژاردنەكانی كوردستان ئەو ڕاستییانەی دەرخستووە كە خەڵكی كوردستان متمانەی خۆی ناداتە ئەو حزبە ئیسلامییانە، ئەم هەڵوێستەی گەلی كوردستانیش دوو ڕاستیی زۆر ڕاشكاوانەی لێ دەخوێنرێتەوە، کە ئەو درووشمەی حزبە ئیسلامییەكان بەرزیان كردووەتەوە بریتین لە (بانگخوازی و چاكسازی) لە هەردووكیاندا شكستیان هێناوە، ئەمەش بەو مانایەی لە پرۆسەی بانگخوازیدا شكستیان هێناوە، چونكە خەڵكی كوردستان باوەڕی بە بانگەوازەكەیان نییە، لە پرۆسەی چاكسازییشدا دیسان هەر شكستیان هێنا چونكە چ لە ناو پەرلەمان و چ لەناو حكومەتیش پلەو پۆستی وەزیریان هەبووە، بەڵام لە هەردووكیاندا نەمابنینی پرۆژەیەكی چاكسازییان هەبێت و خزمەتی ئەم نیشتمانە بكات، بەپێچەوانەوە ئەوانیش بەشێك بوون لە پەتای گەندەڵی و گەندەڵییان بۆ حزبەكانی خۆیان كردووە.

گرنگە هاووڵاتیانی كوردستان زۆر باشتر لەسەر چەمكی ئیسلامی سیاسی و ئامانجە بەدەكانیان قووڵتر بیربكەنەوە، بۆ ئەوەی زۆر بە باشی لەو ڕاستییە تێبگەن كە ئەم حزبە ئیسلامییانە ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان كردووەتە ئایدیۆلۆژیەتێك كە ئامانجی كەلتوور و ناسنامە و كوردبوونمان لە ڕیشەوە هەڵبتەكەنێت. 

Top