حوسێن قلی خان فەیلی بۆ گوڵان: مەلا مستەفا بارزانی وەكو تەحەددایەك لەناو جەرگەی بەغدا و لە ماڵی كوردێكی فەیلی یەكەم كۆنگرەی پارتی بەڕێوە برد  

حوسێن قلی خان فەیلی بۆ گوڵان:  مەلا مستەفا بارزانی وەكو تەحەددایەك لەناو جەرگەی بەغدا و لە ماڵی كوردێكی فەیلی یەكەم كۆنگرەی پارتی بەڕێوە برد   

 

  كوردانی فەیلی لەسەر كوردبوون و پشتگیرییان بۆ دۆزی ڕەوای نەتەوەكەیان و هاوكاریكردنی شۆڕشی ئەیلوول تووشی جینۆساید بوونەوە، لەم ژمارەیەی گۆڤاری گوڵاندا پەردە لەسەر ئەم جینۆسایدە و چەند زانیارییەكی نوێ هەڵدەدەینەوە و، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی حوسێن عەلی قلی خان فەیلی كرد، كە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە ئەدەبی فارسیدا و باوكی یەكێك بووە لەو كەسانەی ئێزگەی دەنگی كوردستانی گەیاندووەتە حاجی ئۆمەران.

 

* مێژووی كوردانی فەیلی وەكو جینۆسایدكردنەكەیان، جۆرێك لە شاردنەوە و ناڕوونی پێوە دیارە، ئەوان دانیشتووانی ڕەسەنی بەغدا و ناوچەكانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە بوون، بەو پێیەی خانەوادەكەتان لە لوڕستان ناوبانگێكی گەورەی هەیە، دەكرێت باسێكی ئەو مێژووەمان بۆ بكەیت؟

- لە مێژووی نوێی هاوچەرخدا دۆزی ڕەوای كوردانی فەیلی بە یەكێك لە دۆزە ئاڵۆزەكان دادەنرێت، دوای داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ململانێیەكی توند لەسەر خێروبێری ناوچەكە و بەتایبەتی لەسەر وزە و نەوتی خاو دەستی پێ كرد، هەموو ئەم ململانێیەش لەسەر حیسابی كوردی ڕەسەنی خاوەن ناوچەكە بوو، ئەمەش دوای ئەوەی زیاد لە چوار سەدە و نیو كورد قوربانیی ئەو ململانێیەی نێوان عوسمانی و ئێرانییەكان بوون، ڕێككەوتنەكانی (قوستەنتینییە، زەهاو، هەمەدان، مەغان ئەرز ڕۆم و ئاستانە و...) ناكۆكی و ململانێكانی دوور خستەوە و، دووبەرەكی و گرفتی گەورەشیان لە نێوان هۆزەكانی ناوچەكە هەڵگیرساند و، گرفتەكانی موڵكداری و «التبعیة» و ڕەگەزنامەش دروست بوون، كە لە سەرەتای حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو دەربەدەربوونی كوردانی فەیلی لێ كەوتەوە و ناوچەكانی لوڕستانیش بووە چەقی ئەو ناكۆكی و گرفتانە، كە شوێنی ڕەسەنی كوردانی فەیلی بوو. لە سەردەمی ئینتدابی بەریتانی و دانانی پادشای عێراقیشدا كوردە فەیلییەكان پەراوێز خران، دوای ئەوەی باپیرم غولام ڕەزا ئەمیری ئیمارەتی لورستان كە لە پاڵ هەر یەك لە مەلیك فەیسەڵی یەكەم و شێخ خەزعەلی پاڵێوراو بوون بۆ چوونە سەر تەختی مەلیكی لە عێراقدا، بەڵام لەبەر كوردبوون و ترسی ناڕەزایەتی هۆزە عەرەبەكان و پاڵپشتی نەكردنی لەلایەن مەرجەعی شیعەكانەوە، ئەم ئەمیرە نەبووە مەلیك، لە چلەكان و شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی ڕابردووشدا لەگەڵ بوونی ململانێ لە نێوان عێراق و ئێران و هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی و پاڵپشتی و پشتگیریی كوردانی فەیلی بۆ مەلا مستەفا بارزانی ڕەمزی بەرگریی و بەرخۆدان، وای كرد، شاڵاوی ڕاپێچكردنی بەزۆرەملێ و كوشتنی كوردانی فەیلی زیاتر ڕوو لە هەڵكشان بكات.

* مەبەستت ئەوەیە لە ساڵی 1980 جینۆسایدی كوردانی فەیلی ڕووی لە هەڵكشان كرد؟ پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم تاوانە دژی كوردانی فەیلی دەچێتە چ خانە و شێوازێكی پاكتاوكردنەوە؟

- سەرۆك مسعود بارزانی لە هەموو كەس زیاتر لە وردەكارییەكانی جینۆسایدی فەیلییەكان شارەزایی هەیە، بارزانی دەفەرموێت: «كوردانی فەیلی لە بارزانییەكان زیاتر جینۆساید كراون»، ئەم كاریزمایە كاتێك بەرگری لە كوردانی فەیلی دەكات، بەرگری لە مێژووی نەتەوەیەك دەكات كە بە درێژایی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق جینۆساید كراون؟ كوردانی فەیلی بە هۆی هەڵوێستی نەتەوەییان و پاڵپشتیكردنیان لە مەلا مستەفا بارزانی كە بە ڕێبەر و باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كوردی دادەنرێت، لەلایەن دوژمنانی كوردەوە جینۆساید كران. باوكم لە ساڵی 1962 لە شۆڕشی ئەیلوولدا بە ناسناوی «میرواسە» یەكێك بوو لەوانەی ئێزگەی دەنگی كوردستانیان گەیاندنە حاجی ئۆمەران، لەو سەردەمەوە حەرەس قەومی و دواتر بەعسییەكانیش دەستیان كرد بە پیلانێكی بەرنامەداڕێژدراو بۆ بەزۆرەملێ ڕاپێچكردنی كوردانی فەیلی و زیندانیكردن و كوشتنی گەنجەكانمان، تەنانەت بە بڕیاری ژمارە 474ی (مجلس قیادة الثورة) دەستیان برد بۆ پیرۆزیی ناو خێزانەكان و ئەوانەی كوردی فەیلیان هێنابوو لە هاوسەرەكانیان جیایان كردنەوە، بە هەموو پێوەرەكان ئەم جینۆسایدە دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و ئامانج لێی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیەكە.

* ئاماژەت بە شۆڕشی ئەیلوول و ڕۆڵی كوردانی فەیلی لەو شۆڕشە و پاڵپشتیكردنیان بۆ مەلا مستەفا بارزانی كرد، تا چەند كوردانی فەیلی ڕۆڵیان لەو شۆڕشەدا هەبوو؟

- كوردانی فەیلی لە هەمووان زیاتر لە ناو جەرگەی بەغدا پاڵپشتییان لە مەلا مستەفا بارزانی دەكرد، ئەوان تا ئێستاش ڕێزێكی زۆریان بۆ ڕەمزی كوردایەتی هەیە، مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی و مسعود بارزانی سیمبولی نەتەوەیی كوردن و داكۆكیكاری سەرسەختی دۆزی ڕەوای نەتەوەكەیانن، فەیلییەكان جگە لەوەی وەكو دكتۆر جەعفەر محەمەد كەریم و حەبیب محەمەد كەریم و یەدوڵڵا فەیلی و سەدان تێكۆشەری دیكە لە ڕیزی پێشەوەی سەركردایەتیی پارتی بوون و لێپرسراوێتی قوتابیان و ئافرەتان و زۆربەی پایەكانی دیكەی پارتییان بەدەستەوە بوو، لە ناو بازرگان و كاسبكار و خەڵكە ئاساییەكەشدا ڕێز و خۆشەویستیی زۆریان بۆ بارزانی هەبوو، كۆنگرەی یەكەمی پارتی لە خانووی سەعید فەهیمی فەیلی بەڕێوە چوو كە لە نزیكی خانووی ڕەشید عالی گەیلانی سەرۆك وەزیران و نزیكی خانووی سەعید قەزازی وەزیری ناوخۆ بوو، ئەمەش وەكو تەحەددایەك بۆ شۆڤێنییەكان بەوەی لەناو جەرگەی بەغدا كۆنگرەی پارتی دەبەستین، تەنانەت كۆنگرەی دووەمیش لە كیفاح و لەناو جەرگەی بەغدا لە خانووی عەلی حەمدی بوو كە ئەویش فەیلی بوو، كۆنگرەی سێیەمیش هەر لە بەغدا لە ماڵی عەلی حەمزەی فەیلی بەسترا. لە ماڵی هەر كوردێكی فەیلی لە بەغدا وێنەیەكی مەلا مستەفا بارزانی هەبوو، لە بیرم دێت من منداڵ بووم، دوو وێنە لە ماڵەكەماندا هەڵواسرا بوون، من لە داپیرەمم پرسی ئەو دوو وێنەیە كێن؟ لە وەڵامدا گوتی: «ئەمەیان وێنەی ئەمیر ئەلموئمنینە و ئەوی دیكەیان وێنەی قوربانی بم مەلا مستەفا بارزانییە. یەدوڵڵا فەیلی بەرپرسی لقی پێنجی پارتی بوو كە گەورەترین لقی پارتی بوو، خۆ وەكو ئەمانەی ئێستا مامەڵەی نەدەكرد، ئەو لەسەر ئەخلاق و ڕەفتار و كردەوەی مەلا مستەفا بارزانی پەروەردە كرابوو، بۆیە هەرچی كورد هەبوو لە بەغدا لە دەوری ئەو لقە كۆببوونەوە و بە بارەگای بارزانییان دادەنا، ڕێپێوانی كوردانی فەیلی بۆ پاڵپشتیكردنی بارزانی لە ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار كە لە ناو گۆڕەپانی تەحریری بەغدا سازدرا، ڕژێمی عێراقی ڕاچڵەكاند، ڕژێمی عێراق هەرگیز چاوەڕوانی ئەو جەماوەرە زۆرەی بۆ مەلا مستەفا بارزانی نەدەكرد، بۆیە دەزگاكانی ئەمن و ئیستخبارات دەستیان بە پلان و هێرشكردنە سەر كوردانی فەیلی كرد و گوتیان: «كار وا بڕوات مەلا مستەفا بارزانی و مسعود بارزانیی كوڕی لە شاخەكانەوە كۆنتڕۆڵی ناو جەرگەی بەغدا دەكەن و گرفت و سەرئێشەی زۆرمان بۆ دروست دەكەن..»، ئەم خۆشەویستی و پاڵپشتییەی كوردانی فەیلی بۆ مەلا مستەفا بارزانی هەروا لە خۆڕا نەبوو، بارزانیی نەمر كوردانی فەیلیی بە بەربەستێكی پۆڵایینی دادەنا لە بەردەم شاڵاوی شۆڤێنی و ڕق و قینی دوژمنانی كورد، گرتووخانەكانی نوگرەسەلمان و ئەبوغرێب و فەیسەڵییە و سەدر و زیندانەكانی موخابەرات شاهیدی جینۆسایدی گەنجەكانمانن، كەچی ئێستا پێم سەیرە پارتی لە ناو جەرگەی بەغدا وا كوردانی فەیلی فەرامۆش كردووە.

* عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بۆچی جینۆسایدی كوردانی فەیلی وا پشتگوێ خستووە، ئایا بۆچی كوردانی فەیلی قەرەبوو نەكرانەوە؟

- كوردانی فەیلی دەوڵەمەندی دەوڵەمەندەكانی بەغدا و عێراق بوون، ڕژێمەكانی عێراق و لە سەروویانەوە بەعسییەكان قۆناغ بە قۆناغ دژایەتییان كردین و ڕاپێچی زۆرەملێی ئێران و ئاوارە و دەربەدەری هەندەرانیان كردین، سەرۆك بارزانی لە كۆنفڕانسەكەدا جەختی لەسەر تاوانی عەكاشات كردەوە كە لەگەڵ بارزانییەكان كوردانی فەیلی تاقیكردنەوەی كیمیاوی و بایۆلۆژییان لەسەر دەكردن، بە هۆی كوردبوونمانەوە لە عێراقدا پشتگوێ خراوین و هەر ئەمەشیان لێ چاوەڕوان دەكەین.

* لە دوای كۆنفڕانسی بە جینۆسایدناساندنی تاوانی دژ بە كوردانی فەیلی، ئایا هیچ هەنگاوێكی نوێ نراوە، بەتایبەتی كە سەرۆك بارزانی داوای كرد، قەرەبووی كوردانی فەیلی بكرێتەوە و دامەزراوەیەكیش بۆ بەدواداچوونی كاروبارەكانیان دابمەزرێت؟

- سەرۆك بارزانی بۆ ئێمە كوردانی فەیلی پشت و پەنایە، لێژنەیەك لە بەغدا دامەزراوە، من جێگری سەرۆكی ئەو لێژنەیەم و لەسەر پێشنیار و داواكارییەكانی سەرۆك بارزانی كار دەكەین، بەڵام داوكارین لە پارتی گرنگیی زیاتر بە كوردانی فەیلی لە بەغدا بدات و بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵ نەكرێت و پێویستە بە چاوی سەرۆك بارزانی مامەڵەمان لەگەڵدا بكرێت، تاوەكو بتوانین پێكەوە مافە زەوتكراوەكانی كوردانی فەیلی لە عێراق بگەڕێنینەوە و كوردیش پێگەیەكی زیاتری لە ناو جەرگەی بەغدا بۆ بگەڕێتەوە.

* بەو پێیەی باوكی ڕەحمەتیت یەكێك بووە لەوانەی ئێزگەی دەنگی كوردستانی گەیاندە پەمۆ، حەز دەكەین لە دواپرسیارماندا باسێكی ئەو ئێزگەیەمان بۆ بكەیت؟

- مەلا مستەفا بارزانی بیرۆكەی ئەوەی هەبوو، ئێزگەیەكی هەبێت تاوەكو دەنگی كورد بگاتە هەموو كووچە و قوشبنێكی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان، ئەوە بوو لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی ئەم ئێزگەیە پاشماوەی جەنگ بوو، لە ساڵی 1962 بە پارەی بازرگان و كاسبكارەكانی كوردانی فەیلی لە ئەڵمانیاوە كەلوپەل و ئامێر و كەرەستەكانی ئەم ئێزگەیە كڕدرا و گەیشتە كوەیت و دواتر بەسرا و لەوێشەوە بۆ بەغدا، ئەو دەمە بە لۆرییەكی مارسیدس كە موڵكی حەمید كەڕادی بوو، شوفێرەكەشی ئەكرەم كۆكی بوو لەگەڵ باوكمدا ئێزگەكەیان گەیاندە حاجی ئۆمەران، یەكەمین كەسیش كە تێستی كرد و گوتی: «ئێرە دەنگی كوردستانە» تاڵیب جەبار داود مەلەكشاهی بوو كە ئەویش كوردی فەیلی بوو، ئەمەش لەسەر داوای سەركردە ئیدریس بارزانی بوو، ئەو كەسەی لە ناوەڕاستی وێنەكەی گەیاندنی ئێزگەكە بۆ حاجی ئۆمەران دەردەكەوێت، باوكی ڕەحمەتیی منە.

Top