ئێستا دەبینین یانەكانی شارەكانی جیاجیا بەشداری پاڵەوانێتیەكان دەكەن
ئیڤان فەرهاد گۆڵپارێزی كوردی فوتساڵی یانەی قوە جەوییە
ئێستا دەبینین یانەكانی شارەكانی جیاجیا بەشداری پاڵەوانێتیەكان دەكەن
یانەكانی پارێزگای دهۆك گرنگی تەواو بە یارییە جۆراوجۆرەكانی وەرزشیی ئافرەتان دەدەن، چەند یانەیەكی ئەو شارەش بەردەوام گرنگی بە یاری تۆپی پێی دەدەن لە خولەكانی كوردستان و عێراق، چەندین كچە یاریزانی بەتوانا هەیە لە یارییە جۆراوجۆرەكان، كچە یاریزانانی دهۆكی ڕنگین دەیانەوێ لە رێگەی وەرزشەوە زیاتر ئاستی خۆیان بەرەوو پێش ببەن، لە یاری فوتساڵیش شارەكە خاوەنی ژمارەیەك یاریزانی ئاست بەرزە كە ئێستا بۆ یانەكانی دەرەوەی شارەكەیان یاری دەكەن و خاوەن ئاستێكی بەرزن، یەكێك لەم كچە یاریزانانەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراقیش ئەویش گۆڵپارێز ئیڤان فەرهاد-ە ، ناوبراو وەكو گۆڵپارێز یاری بۆ یانەكانی زێرەڤانی و گارە و سێمێل و ئافرەتانی دهۆك و نەفتی میسان و دیفاع جەوی و قوەجەوییە كردوە، لەدایك بووی ساڵی 1997 پارێزگای دهۆكە لە جامی عێراقیش لەگەڵ یانەی قوەجەوییە پلەی دووەمی بەدەستهێنا و نازناوی باشترین گۆڵپارێزی خولەكەی پێدرا ، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو یاری تۆپی پێی هەڵبژارد؟
- ئەوەی ڕاستی بێت لە رێگەی باوكی ئازیزم ئەو ئەم یارییەی بۆمن هەڵبژارد لە رێگەی ئەو من دەستم بەم وەرزشە كرد.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە كە فوتساڵ زیاتر ڕكابەرییە؟
- بەلێ گەلەك وەرزشێكی زەحمەتە، بەڵام ئەم زەحمەتییە خۆشیی دەداتە ئەم یارییە و ڕكابەری بەتامی تێدایە و هەر ساڵ پڕ خۆشی و ناخۆشییە و سەركەوتن و دۆڕانە.
*بۆچی یاری فوتساڵ لە شارەكەتان وەكو پێویست نییە؟
-لەبەر خراپی باری دارایی یانەكانی شاری دهۆكن، هیچ یانەیەك ئامادە نییە چاوی خۆیان بدەنە یاریزانانی كچ ئەم شارە لە یاری فوتساڵ و خەرجی بەشداری كردنیان لە پاڵەوانێتیەكان لە ئەستۆ بگرێت.
* پێشوازی كردن لەم یارییە لە شارەكانی كوردستان بە چ شێوەیەكە؟
- ئێستا دەبینین یانەكانی شارەكانی جیاجیا بەشداری پاڵەوانێتیەكان دەكەن، ژمارەی یانەكان بەرەوو زیاد بوو دەچێ، ئێستا خەڵك یاریزانانی كچ دەناسن و پشتگیری دەكرێن.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-لە ئاستێكی باشدایە و یاریزان و ڕاهێنەری باشمان هەیە لە كوردستان، تەنیا پشتیوانی و پشتگیری باش بۆ وان هەبێت فوتساڵ لە كوردستان دەبێتە ژمارەیەكی قورس لە سەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
-زیاتر گرنگی بەتواناكانی كچان بدرێت و پشتگیری بكرێن بەشێوەیەكی گشتی.
* بەرنامەت چییە بۆ داهاتوو وەكو كچە پاڵەوانێك؟
- بەرنامەی من بۆ داهاتوو بتوانم بخوێنم بە شێوەیەك بگەمە ئاستێكی بەرز، هەروەها بۆ یاری فوتساڵ بەشداری خولی بەهێزكردنی ڕاهێنەری بكەم و ببمە ڕاهێنەرێكی سەركەوتوو لە بواری گۆڵپارێزی.
*چۆن بوو لە جامی عێراقی پەیوەندیت بە یانەی قوە جەوییەی شاری بەغداد كردبوو؟
-یانەی جەوییە یانەیەكی گەورەیە لە عێراق كە ئەوانیش پەیوەندییان بەمن كرد بۆ یاری كردن ڕاستەوخۆ ڕازی بووم ، چونكە یاری كردن لە جەوییە هیوای من بوو توانیم پێی بگەم.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی ڕەنگ دەداتەوە؟
-گرفتی ئەو یارییە ئەوەیە یاریزانانی فوستاڵ ئازاد نین هەر چەند یاریزانێك بە ڕاهێنەرێك گرێدراون لە یانەیەكی كوردستان بۆ یانەیەكی تر دەچن، بۆیە جیاوازییەكی زۆر دەكەوێتە ئاستی یانەكان، ئاستی هەندێك یانە زۆر بەرزە و هەندێك زۆر ئاستیان نزمە ئەمەش لە بەر نەبوونی یاریزانە.
*خەونی وەرزشیت چیە ؟
-خەونی من بۆ بەدەستهێنانی نازناوی باشترین گۆڵپارێز بەدەست بهێنم ئەو خەونەشم بە جێ هێنا.
*لەگەڵ یانەكانی دهۆك بەردەوام دەبیت یاخود بە یەكجاری ڕوو لە شاری بەغداد دەكەیت؟
-تاكو ئێستا هیچ دیار نییە، بێگومان ئەگەر دهۆك بەشداری پاڵوانێتی یانەكان بێت بەدڵنیایی یانەكانی شارەكەی خۆم هەڵدەبژێرم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان بۆخزمەتی بەردەوامی وەرزشیی ناوەخۆبەبێ جیاوازی لە شارەكانی كوردستان خزمەت دەكات.