قەشە یترۆن یۆنان داود قەشەی كەنیسەی مارگۆرگیس لە دیانا بۆ گوڵان: مەلا مستەفا بارزانی و مارشەمعون یەك ئامانجیان هەبوو كە كوردستان ببێتە شوێنێكی خۆشی و تەنایی بۆ هەموومان

قەشە یترۆن یۆنان داود  قەشەی كەنیسەی مارگۆرگیس لە دیانا بۆ گوڵان:  مەلا مستەفا بارزانی و مارشەمعون یەك ئامانجیان هەبوو كە كوردستان ببێتە شوێنێكی خۆشی و تەنایی بۆ هەموومان

 

 

مسعود بارزانی لەسەر بیر و ڕێبازی مەلا مستەفا بارزانی پارێزگاری لە پێكەوەژیانی ئایین و ئایینزاكان دەكات

 

بە قەزابوونی عەنكاوە شۆڕكردنەوەی

دەسەڵات و بەهێزكردنی پێكەوەژیانە

 

 

 

 پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە بووەتە بەرنامەی كاری ستراتیژیەتی حكومەت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر گەشە دەكات و لە لایەن وڵاتانی دونیاشەوە پێكەوە ژیانی هەرێمی كوردستان بە نموونەیەكی جوان و سەركەوتوو دادەنرێت، ئەوەی زیاتر بووەتە هۆكاری بەهێزبوونی پێكەوە ژیان لە هەرێمی كوردستان بڕیارەكانی سەرۆك مسعود بارزانییە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ یترۆن یۆنان داود قەشەی كەنیسەی مارگۆرگیس لە دیانا سازدا و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

 

* یەكێك لە جوانییەكانی هەرێمی كوردستان كە بووەتە جێگەی شانازیی هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ئەو پێكەوە ژیانەیە كە ئێستا لە كوردستان هەیە، ئایا ئێوە وەك مەسیحییەكان چۆن سەیری ئەم پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان دەكەن؟

- پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان مێژوویەكی دێرینی هەیە و لە دێرزەمانەوە هیچ جیاوازییەك نەبووە لە نێوان كورد و ئاشوورییەكاندا، لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی مۆزەخانەی بارزانیی نەمر لە بارزان جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمووی: تا ئێستا من قەرزاری مەتران (مارشەمعون)م، چونكە جەنابی مەلا مستەفا بارزانی و مارشەمعون یەك ئامانجیان هەبوو، كە كوردستان ببێتە شوێنێكی خۆشی و تەنایی بۆ هەموومان بەبێ جیاوازی، ئەو ئامانجە كە لەلایەن مەلا مستەفا بارزنی و مارشەمعون هەبووە لەو كاتەدا، بۆ ئێستاش بۆ ئێمە جێگای شانازییە و ئەو ڕێگە و ئامانجەش ئەوان هەیان بووە، ئێمە لەسەری دەڕۆین و دەمانەوێت زیاتر و باشتر و بەهێزتر بێت.

لێرەدا نموونەیەك لەو پێكەوە ژیانە دەهێنمەوە لە گوندی دیانا بۆ یەكەم جار بوو ببێتە دابونەریت كە ڕۆژێك لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا نانخواردن و ڕۆژووشكاندنەكەی ئیسلامەكانی ئەو گوندە بكەوێتە سەر كریستیانەكان و، ئەو پێكەوە ژیانە درێژەی كێشاوە لە هەرێمی كوردستان و لە ئێستادا ئەوەی ئێمە دەیبینین زۆر بەهێزتر و قووڵتر بووەتەوە، چونكە لەلایەن سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، بەتایبەت مەرجەعمان كە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانییە بە گرنگییەكی زۆرەوە بۆ پتەوكردنی پێكەوەژیان لە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان هەنگاو دەنێت، ئەمەش وای كردووە، ئێستا خۆمان بە یەك ماڵ و یەك ژیان دەزانین و بەپێی بەسەرهاتەكانی مێژووەش بەتایبەتی لە شۆڕەشی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستان، هەموومان دەست لە ناو دەست لە ناو یەك سەنگەر بەرخۆدان و بەرگریمان لە خاك و گەلی كوردستان كردووە. ئەو پێكەوەژیانەش كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە، بووەتە جێگەی سەرنج و تێڕامانی هەموو كریستیانەكانی دونیا.

* ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان درێژەپێدان و پشتگیریكردنی تەواوی ئەو پێكەوە ژیانەیە، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕوووە چۆنە؟

- حكومەتی تازەی هەرێمی كوردستان كە كابینەی نۆیەمە، هەر لە یەكەم ڕۆژیدا زۆر هەوڵیداوە كە پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان لە شوێنی خۆی ڕانەوستێت، بەڵكو زیاتر گەشە بكات، تا ئەو ئاستەی ببێتە ئەو نموونەیەی كە ئێستا لە نێوەندەكانی وڵاتانی دونیای پێشكەوتوو بە نموونەیەكی جوان و گەشاوە ئاماژەی پێ دەكرێت، ئەمەش بەو كار و هەنگاوانە هاتووەتە دی كە حكومەت كار و پڕۆژەی گرنگ و پێویستی پێشكەش بە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان كردووە و، هەوڵی داوە هەر كێشە و گرفتێك هەبێت لەبەردەم ئەو پێكەوەژیانە چارەسەری بكات و ماف و بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانی لەبەرچاو گرتووە، هاتنی قەداسەتی پاپای ڤاتیكان بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڵگەیەكی دیكەیە كە لە هەرێمی كوردستان پێكەوەژیانی ڕاستەقینە هەیە و، ئاشتیی و لێبووردەیی باڵی بەسەردا گرتووە، لەلایەن سەرچاوە ئایینییەكانی ئێمە وەك كریستیانەكان چ كلدان بێت، یان ئاشووری و ئەرمەن و سریانی بێت، لە هەموو پەیام و ڕاگەیاندنەكانمان ئەوەمان بە قەداسەتی پاپا گەیاندووە كە هەرێمی كوردستان جگە لەوەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزای تێدا بەرقەرارە، كار و ئاراستەكانی حكومەتەكەشی بەو شێوەیە كە دەیەوێت پێكەوەژیانەكە بەرەوپێشەوە بچێت و زیاتر لەوەی ئێستاش كە هەیە بەهێزتر و پتەوتر بێت، ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەوە هەبوو كە قەداسەتی پاپا بە شەخسی لەو دۆخە ناخۆشەی پەتای كۆڕۆنا سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكات و نوێژی قەداس لە گۆڕەپانی شەهید فەرەنسۆ هەریری بە ئامادەبوونی هەزاران كوردستانی و كریستیانەكانی هەرێم و عێراق ئەنجام بدات، ئەمەش پەیامێكی گرنگ و مێژوویی بوو كە بە دونیای ڕاگەیاند، ئارامی و هێمنی و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان هەیە، پێكەوەژیان لەو پەڕی بەهێزیدایە و لە شوێنی خۆیشی ڕانەوەستاوە و هەنگاوی باشتر و قووڵتر بۆ پێشەوە دەنێت.

لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان گرنگیی زۆر و باش بە خزمەت و پڕۆژەكان دراوە بە بێ جیاوازیی ناوچە و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان، هەر بۆ نموونە سەردانی عەنكاوە بكەین، دەبینین جگە لەوەی زۆر بەرفراوان بووە و گەشەی كردووە، هاوكات بەرنامە و پلانی باشتر و زۆرتری بۆ داڕێژراوە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان دامەزراوەیەكی بەرپرسیارییەتی واقیعییە و دەیەوێت بە ستراتیژیەت و پراكتیكی خزمەت بە كۆمەڵگە و نیشتمانە فرە ڕەنگ و دیمەنەكانی بكات، چونكە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان لە هەموو كایەكانی حكومەت و بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بەشدار و هاوبەشن و وەك یەك گرووپ دەبینرێن، ناتوانین نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لەو چوارچێوە فۆتۆگرافییە كوردستانییە لە یەكتر جیا بكەینەوە، بارودۆخی كوردستان لە ڕووی داراییەوە باش نییە، ئەگەر ببێتە خاوەن دارایی سەربەخۆیی خۆی و عێراقی فیدڕاڵ مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بدات، هەرێمی كوردستان لەو سنوور و ناوچەیەی تێدایە وەك مانگی چواردە دەدرەوشێتەوە، چونكە كەسایەتییەكی لێزان و پێشكەوتنخواز و نیشتمانپەروەری بوێر و ڕاشكاو و ماندوویی نەناسی وەك مسرور بارزانی سەركردایەتیی ئەو حكومەتەی هەرێمی كوردستان دەكات. 

* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستاندا سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە، ئایا ئێوە وەك مەسیحییەكان دەتانەوێت مافەكانتان لە دەستووری كوردستاندا چۆن دیاری بكرێت؟

- ئەمە هەڵویستی یەكەمی سەرۆك مسعود بارزانی نییە بۆ ئێمە و هەموو پێكهاتەكان، بەڵكو ئێمە لە جەنابیانەوە فێربووین و تێگەیشتووین كە گرنگییەكی زۆر بە ئایین و ئایینزاكان بدەین، ئەو بڕیار و فەرمانەی جەنابی سەرۆك بۆ ئەوەیە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان ئەندامیان لە نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووردا هەبێت، تاوەكو بە خۆمان كە ماف و بەرژەوەندییەكانمان دەزانین چییە، لە ناو دەستوورەكەدا جێگیری بكەین، چونكە دەستوور لە وڵاتدا وەك قیبلەنما و ڕێگەنیشاندەرێكی یاساییە كە تێیدا ماف و ئیمتیازات و بەرژەوەندییەكان بەپێی یاسا دیاری دەكرێت و مومارەسەكەشی هەر بەو دەستوورە دەبێت، بۆیە ئەو بڕیارەی جەنابی سەرۆك و هەموو بڕیارەكانی دیكەشی هەر بەو جۆرەیە و لەلای ئێمە جێگەی ڕێز و ستایشێكی گەورە و دیاری هەیە.

* لێكدانەوەتان چییە بۆ ئەو بڕیارەی سەرۆك بارزانی كە لە كاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر مووسڵ و چەند شاری دیكەی عێراق و دەشتی نەینەوا، هەموو دەروازە و سنوورەكانی بە ڕووی كریستیانەكان و هەموو ئاوارەكانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی دیكەی عێراقدا كردەوە؟

- ئەمە هەڵوێستێكی بوێرانە بوو، بەتایبەت لەو كات و بارودۆخەدا كە هەرێمی كوردستان بە قەیرانی زۆر گەورەی داراییدا دەڕۆیشت، سەرۆك مسعود بارزانی بڕیاری دا دەروازەكان بە ڕووی ئاوارە و پەناهەندەكاندا واڵا بكرێت و هیچ كۆسپ و ڕێگرییەك لە بەردەم ئاوارەكانی كە لە عێراق دێن بۆ هەرێمی كوردستان نەبێت، لە ناوخۆی هەرێمیش ئامادەكاری كرابوو تا دەگاتە ئەو ئاستەی مزگەوت و شوێنە پیرۆزەكانی ئایینی ئیسڵام دەرگایان واڵا كرا، كە ئاوارەكان تێیدا بحەوێنەوە، ئەو هەڵویستەی جەنابی بارزانی وای كرد، ژمارەیەكی زۆر لە كریستیانەكانی عێراق بەتایبەت شاری مووسڵ و دەشتی نەینەوا و نەتەوەی عەرەب و ئایین و ئایینزاكانی دیكە ڕزگاریان ببێت لە كۆمەڵكوژی لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، هەر بۆیە لەو كاتیش كە جەنابی بارزانی ئەو بڕیارەی فەرموو، ئێمە وەك كریستیانەكان گوتوومانە هەرگیز ئەمە لەبیر ناكەین و ئەو هەڵویستەی سەرۆك مسعود بارزانی لەو كات و ساتە زۆر گرنگ و پێویست بوو، دەبێت بە قەڵەمی زێڕین بنووسرێتەوە و بەڵگەیەكی مێژوویی بێت، كە جەنابیان داكۆكیكارێكی سەرسەخت و بەردەوامیی هەموو پێكهاتەكانە، نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكو لە عێراق و ناوچەكە و هەموو دونیاش.

* ئایا بوونی عەنكاوە لە ناحیەوە بۆ قەزا مانای چییە و تا چەند كاریگەری لەسەر پێكەوە ژیانی هەرێمی كورددستان هەیە؟

- لە ڕاستیدا ئەگەر بە دەستی من بێت، ڕۆژانە بۆ ئەو جۆرە بڕیارە جوامێرانە ئاهەنگ و مەراسیم دەگێڕین، ئەو بڕیارەی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەم خۆی لە خۆیدا بڕیارێكی بوێرانە و حەكیمانە بوو، یەكێكە لە بنەما و هۆكارەكانی گرنگیدان بە پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی بەرفراوانكردن و شۆڕبوونەوەی دەسەڵاتی ئیداری و دارییە بۆ خوارەوە و گرنگیدانە بە كریستیانەكان بە شێوەیەكی گشتی، هاوكات داواكارین كە دیاناش وەك عەنكاوە لە ڕووی ئیدارییەوە گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و بچێتە قۆناغێكی باشتر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

* ئایا جیاوازیی پێكەوەژیان لە نێوان هەرێم و عێراق چۆن دەبینیت؟

- لە سنووری هەرێمی كوردستان بچیتە دەرەوە، ئەوا عێراق ژیانی تێدا نەماوە، بەتایبەت بۆ كریستیانەكان، من جیاوازیی پێكەوە ژیان لە نێوان هەرێم و بەغدا بەو جۆرە دەبینم كە لە هەرێمی كوردستان پێكەوە ژیان وەك چیاكانی حەسەن بەگ و هەڵگورد بەرز و دیارە و لە عێراق وەك بیابانەكانی نزم بێ ژیانە، ئەمەش بۆ ئەو سیاسەتە خراپ و شۆڤێنی و مەزهەبییەی دەسەڵاتدارانی عێراق دەگەڕێتەوە.

 

Top