ئاگرێکی بەرفراوان لە هاوایی بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٣٦ کەس

ئاگرێکی بەرفراوان لە هاوایی بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٣٦ کەس

 

لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەی بەرفراوانی دارستانەکان لە دوورگەی مائوئی لە دوورگەکانی هاوای ئەمریکا، تا ئێستا ٣٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە ئێستادا ئاگرەکە لە ٣ ناوچەی جیاوازی دوورگەی مائوئی بەردەوامە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرکەوتوو نەبوون لە کوژاندنەوەی. باس لەوەش دەکرێت کە ناوەندە پزیشکییەکانی ناوچەکە پڕن لە بریندارەکان و ئەوانەی بەهۆی ئاگرە گەورەکەی ویلایەتی هاوایەوە زیانیان بەرکەوتووە.

دەسەڵاتدارانی خۆجێی ڕاپۆرتی بەردەوامی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و گیانلەدەستدانی ٣٦ دانیشتووی شارۆچکەی لاهانیایان راگەیاند،  ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن لە دوورگەی مائوێی بەردەوامن و پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا 14 دانیشتووی ئەو دوورگەیەیان ڕزگارکردووە کە بۆ دەربازبوون لە بڵێسەی ئاگرەکە پەنایان بۆ زەریا بردووە.

ڕیچارد بیسن جونیۆر سەرۆکی شارەوانی مائوئی ڕایگەیاند: کە زۆبەی زۆری خانووەکانی شارۆچکەی لاهانیا سووتاون و بەلەم و کەشتییەکی زۆریش زیانیان بەرکەوتووە.

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ویلایەتی هاوایی گواستنەوەی زیاتر لە ١١ هەزار کەسی لە دوورگەی مائوئیەوە بۆ دوورگەکانی دیکەی ئەو ویلایەتە بە فڕۆکە ڕاگەیاندووە.

لە هەمان کاتدا سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن فەرمانی بە سوپای ئەم وڵاتە کردووە کە یارمەتی هێزە  ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن و ئاگرکوژێنەوە لە دوورگەی مائوئی بدەن.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

 

Top