سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان: بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییان و کۆمەڵکوژی شنگال، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "بەهۆی خۆسەپێنیی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/8/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییان و کۆمەڵکوژی شنگال، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: "نۆ ساڵ لەمەوبەر، تیرۆریستانی داعش هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری، بەوهۆیەوە هەزاران كەس لە دانیشتوانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە کران."
سەرۆكی حكوومەت دەشڵێت: "لەم یادە خەمگینەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە، هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی خۆڕاگری و قارەمانیەتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە، کە ئەفسانەی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان ڕزگار کرد و داستانێکی مێژووییان تۆمار کرد."
مەسرور بارزانی هەر لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە: "دەستخۆشی لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی کوردی ئێزدی بە فەرمی بە جینۆساید ناساندووە، هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت لە کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان."
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كردووە: "بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە و بەهۆی خۆسەپێنیی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و ناوچەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە."
مەسرور بارزانی هەروەها دەڵێت: "لەم یادەدا، پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە و پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت، هەروەها جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی ئەو هێزە نایاساییانەی لە ناوچەکەدا هەن، دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بە هاوکاریی حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەڤەرەکە ئاوەدان بکرێتەوە و دەسەڵاتی ناوچەکەش بگەڕێتەوە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال."
سەرۆكی حكوومەت لە كۆتایی پەیامەكەیدا ڕایگەیاند: "سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کۆمەڵکوژی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین."