د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان: پێویستمان بە ستراتیژیەتێكی نیشتمانی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، ئەم پرسە بەوە چارەسەر نابێت، ئەوانەی ئالوودە بوون، چارەسەریان بكەین و ئەوانەی تاوانی بازرگانی پێ دەكەن سزایان بدەین
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستییە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و، لەگەڵ ئەوەی لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەتای كۆڤید 19 بڵاو بووەوە و هەرێمی كوردستانیش نە ئاماددەباشیی پێشوەختی بۆ ئەم پەتایە هەبوو، نە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەو ئیمكانیەتەی لەبەردەستدا بوو، كە وەك وڵاتان بودجەیەكی گەورە تەرخان بكات، بەڵام بە گەواهی دۆست و دوژمن وەزارەتی تەندروستی توانیی زۆر سەركەوتووانە بە ئاستی ستاندەری جیهانی ئیدارەی ئەم پەتا گەورەیە بكات و هەرێمی كوردستان بپارێزێت، لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەریشدا، دیسان لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە وەك سەرۆكی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەستنیشان كراوە و ئەم ئەنجومەنە تەواوی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و دامودەزگا و سەندیكاكانی تایبەت بەو پرسە لەخۆ دەگرێت، لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ «ماددەی هۆشبەر و مەترسییەكانی» یەكێك لە بەشداربووانی ئەم گفتوگۆیە بوو، زۆر بە وردی باسی گرنگیی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2020ی تایبەت بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرەكان كرد و هەروەها هەڵوەستەی لەسەر ئەو ڕێنمایی و ڕێكارانە كردەوە كە ئەنجومەنی باڵا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر هەڵیگرتوون.
پرسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرەكان، پرسێكی لە ڕاددەبەدەر گرنگە و پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی و كۆمەڵگەوە هەیە، بۆیە لەم لایەنەوە دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، كە بازنەی گفتوگۆی ئەمجارەی بۆ ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە تەرخان كردووە و كۆمەڵێك لایەنی بەرپرس و ئەكادیمی كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بكەین.
سەرەتا دەمەوێت باسی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2020 تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر بكەم، ئەم یاسا لە چوارچێوەی 50 ماددەدا داڕێژراوە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی هەرێمی كوردستان بڵاو كراوەتەوە.
بەپێی ئەم یاسایە ماددەی هۆشبەر بەسەر چەند جۆرێكدا پۆلێن كراون بەمجۆرە: بەشێكی لایەنی تەندروستی و چارەسەركردنی ئەو خەڵكانەیە كە ئالوودەی ماددەی هۆشبەر دەبن، بەشێكی پەیوەندی بە چاندنی ئەم ماددەیە هەیە وەك ڕووەك، بەشێكی دیكەی وەك ماددەی خاو بازرگانی پێ دەكرێت و لە پیشەسازیدا بەكار دەهێندرێت. شێوازی بەكارهێنانی ئەم مادانەش بەشێكی لە بواری پزیشكی بۆ چارەسەر بەكاردەهێنرێت، بەشێكی دیكەش لەلایەن خەڵكەوە خراپ بەكار دەهێنرێت و پێی ئالوودە دەبن، یان هەندێك كەس تاوانی بارزگانیی ماددەی هۆشبەر دەكات، ڕەهەندی كۆمەڵایەتیشی تێدایە، هەر بۆیە بەرەنگاربوونەوەشی پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی هەموو سێكتەرەكانی كۆمەڵگە «حكوومی و ناحكوومی» هەیە.
بۆ دروستكردنی ئەم هاریكاری و هەمانگییە بەپێی ماددەی 3 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، ئەنجومەنێكی باڵا لە حكومەتی هەرێم دامەزراوە، كە تیایدا وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و بەشێك لە سەندیكاكان بەشدارن، هەروەها ئەنجومەن هاریكاری لەگەڵ هەر لایەنێكی دەرەوەی حكومەتیش دەكات، ئەگەر بابەتەكە پێویستی بوو.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم یاسایە ڕێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2023 دەركراوە كە بریتییە لە 15 ماددە، بەم مادانە وردەكاریی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر ڕێك خراوە، هەروەها لەلایەن وەزارەتی داراییشەوە ڕێنمایی ژمارە 2 دەرچووە كە تایبەتە بە كردنەوەی سندوقێك، ئەم سندوقە ئەو پارانە كۆدەكاتەوە كە وەك سزا لەو كەسانە دەسێندرێت كە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەكەن، لە سنوورەكان و لەدادگانیش ئەم پارەیە بەكار دەهێنرێتەوە بۆ خەرجییە تایبەتییەكانی چالاكییەكانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر.
خاڵێكی دیكە كە زۆر گرنگە، ئەوەیە كە ئێمە پێویستمان بە ستراتیژیەتێكی نیشتمانی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەم پرسە بەوە چارەسەر نابێت، ئەوانەی ئالوودە بوون چارەسەریان بكەین و ئەوانەی تاوانی بازرگانی پێ دەكەن، سزایان بدەین، بەڵكو پێویستمان بەوەیە كە ڕێگە نەدەین خەڵك ئالوودە بێت و ڕێگری لەو ڕێگایەنەش بكەین كە تاوانی بارزگانی بە ماددەی هۆشبەری پێ ئەنجام دەدەن، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی و هاریكاری لەگەڵ لیژنەی باڵا ستراتیژییەكی نیشتمانیی زۆر گشتگیریان ئاماددە كرد و لە ڕۆژنامەی وەقایعی هەرێم بڵاو كراوەیە، بەپێی ئەم ستراتیژە نیشتمانییە پێویستە هەڵمەتێكی نیشتمانیی درێژخایەن و بەردەوام بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە نێوان سەرجەم سێكتەرەكانی كۆمەڵگە دروست بكرێت، ئەم گفتوگۆیەی ئێستامان كە كۆمەڵێك لایەن پێكەوە كۆبووینەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە هەستیارە دەكەین، خۆی بەشێكە لەو ستراتیژە، گرنگیشە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئەم ستراتیژە چاپ بكات و بە فراوانی بڵاوی بكاتەوە.
- دەرخستەیەكمان ئاماددە كردووە بە بڕی 8 ملیار دینار و داومانە بە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی دوای تەرخانكردنی ئەو بودجەیە دەست بكەین بە دروستكردنی سەنتەرێك بۆ چارەسەركردن و شیاندنەوەی ئەو كەسانەی بە ماددەی هۆشبەر ئالوودە بوون و جارێكی دیكە تێكەڵاوی كۆمەڵگە ببنەوە، بۆ ئەمەش سوودمان لە ئەزموونی وڵاتانی دەوروبەر وەرگرتووە، بەتایبەتی وڵاتی ئوردن، بەڵام ئێمە چاوەڕێی تەرخانكردنی ئەو بودجەیەشمان نەكرد و بڕیارمان دا هەر ئەمساڵ سەنتەرێك بۆ ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر بكەینەوە و لە داهاتوودا لە سلێمانی و دهۆكیش دەیكەینەوە، ئەم سەنتەرە لە قوتابخانەیەك و بنكەیەكی تەندروستی پێكهاتووە لە نزیكی شەقڵاوەیە و بەشی چارەسەری پزیشكییەكەی سەر بەوەزارەتی تەندروستییە و بەشی شیاندنەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگە سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتییە، ئێستا لە قۆناغی ئەوەداین توێژەری كۆمەڵایەتیی بۆ دابمەزرێنین و پاشان لەلایەن پسۆڕانەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەكردێت و دەست پێ دەكەین، ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر وەك نەخۆش مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و لە تاوانبارانی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و تاوانبارانی دیكە جیا دەكرێنەوە.
- لەگەڵ سەندیكای پزیشكی درافتی ڕەچەتەی پزیشكیی تازە دروست كراوە، بۆ ئەوەی لەلایەن پزیشكەكان و دەرمانخانەكانەوە بەكار بهێنرێت و، بەبێ ڕەچەتە دەرمان بە هاووڵاتی نەدرێت، بەتایبەتی هەندێك دەرمان و شرووب كە بە مەبەستی خراپ بەكار دەهێنرین.
- لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە ئەنجومەنی وەزیران هەماهەنگیمان كردووە، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە هەڵمەتێكی ڕاگەیاندنی نیشتمانی بكەین، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، بۆ ئەم مەبەستەش ئەم وەزارەتانە تەندروستی، پەروەردە، ڕۆشنبیری و لاوان، ئەوقاف و كاروباری ئاینی، فەرمانگەی میدیا و زانیاری، پێكەوە هەماهەنگ دەبن بۆ سەرخستنی ئەو هەڵمەتە.
- لە ئێستادا لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان نەخۆشخانەی دەروونیمان هەیە، لەم نەخۆشخانانە بەشی تایبەت بە تووشبووان و ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر هەیە، لەو سەنتەرانە نۆرینگەی تایبەت هەیە و ڕۆژانە پزیشكی پسپۆڕ خۆبەخشانە ئەو نەخۆشانە دەبینێت، یان لەلایەن دامودەزگاكانی ئاسایشەوە دەنێردرێن، كۆرسی چارەسەریان بۆ دادەنرێت، لە هەمانكاتیشدا هەفتانە پزیشكی دەروونیی پسپۆڕ سەردانی چاكسازییەكان دەكات و تووشبووان و ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دەبینێت و چارەسەریان دەكات.
- هەماهەنگیی تەواو لە نێوان دادگاكانی هەرێمی كوردستان و پزیشكی دادوەری هەیە، زۆر جار دادوەرە بەڕێزكان ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دەنێرن بۆ پزیشكی دادوەری، بۆ ئەوەی ئاستی ئالوودەبوونەكەی دەستنیشان بكات، بەتایبەتی ئەوانەی تاوانیان ئەنجام داوە.
لەم لایەنەوە ئەگەر بەراوردی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەوڵەكانی حكومەتی فیدڕاڵی بكەین، لە ساڵی 1965 یاسای ژمارە 8یان هەبووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و لە 2017ش یاسای ژمارە 50یان بۆ هەمان مەبەست دەركرد، لە كاتێكدا ئێمە لە هەرێمی كوردستان پێش ساڵی 2020 یاسامان هەبوو، نەك ڕێنمایی، بەڵام لە ماوەیەكی كورتدا توانرا لەبەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2020، ئەنجومەنی باڵای بەرەنگابوونەوەی ماددەی هۆشبەر دابمەزرێت و بە ڕێكوپێكی كۆبوونەوەكانی خۆی بكات و ڕێنمایی دەربكات و دەست بەكارەكانی بكات، بەڵام لەسەر ئاستی حكومەتی فیدڕاڵی لەگەڵ ئەوەی شەش ساڵ بەسەر یاسای ژمارە 50 تێدەپەڕێت هەتا، ئێستا هیچ هەنگاوێكیان هەڵنەگرتووە و كۆبوونەوەیەكیان نەكردووە.
لە دوماهیدا دەخوازم ئاماژە بەوە بكەم، لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی میدیا و ڕاگەیاندنەوە زۆر باس لە كارەسات و مەترسیی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەڵام بەراورد بە وڵاتانی دیكە بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ناتوانین بڵێین هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی لەژێر كۆنتڕۆڵ دەرچووبێت و نەتوانین كۆنتڕۆڵی بكەینەوە. بۆیە ڕاسپاردەی من بۆ ئەم گفتوگۆیە و میدیا ئەوەیە كە دەبێت میدیا و ڕاگەیاندن زۆر هاوكار و هەماهەنگ بن لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان و دەبێت لەگەڵ سێكتەرە جیاوازەكانی كۆمەڵگە و هەروەها وەزارەت و دامودەزگانی حكومەت كە پەیوەندیدارن بە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر هاوكار هەماهەنگ بن، دەبێت مامەڵەی دروست لەگەڵ زانیارییەكان بكرێت و، زانیارییەكان بەو ئاراستە و مەبەستە گەورە نەكرێت، كە متمانە لەناو كۆمەڵگە نەمێنێت. هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پشتیوانیی هەموو سێكتەرە جیاوازەكانی كۆمەڵگە دەستی پێ كردووە و، ئامانجی سەرەكیی حكومەت ئەوەیە كە پێش ئەوەی خەڵك تووشی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر بێت و پێش ئەوەی تاوانی بارزگانی بە ماددەی هۆشبەر ئەنجام بدرێت، ئەو ڕێگایانە هەموویان بگرین و خەڵك وەك ئەركێكی نیشتمانی كە دەكەوێتە سەر شانی، بەشدار بێت و هاوكاریی حكومەتی خۆی بكات، لە هەمان كاتدا دەبێت یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2020 بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر زۆر بە توندی جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین ئەم دیاردە ترسناكە لە كوردستان بڵاو ببێتەوە.
ماوەتەوە بڵێم ڕاستە وەزیری تەندروستی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرە، بەڵام ئەنجومەنەكە سەر بە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە و وەزیرێك سەرۆكایەتیی ئەو ئەنجومەنە دەكات بۆ ئەوەی كارەكانی ئەم ئەنجومەنە بباتە ناو ئەنجومەنی وەزیران، ئەگەرنا ئەوەی لەو پرسەدا دەبێتە ئەركی وەزارەتی تەندروستی، تەنیا لایەنی چارەسەركردنی تووشبووان و ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەرەكانە، بە گرنگی دەزانم دووبارە جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە، كە گەورەكردنی مەترسیی ماددەی هۆشبەر زیاد لە قەوارەی خۆی لە هەرێمی كوردستاندا، ئاستەنگ بۆ هەوڵەكانی حكومەت لەم پرسە گرنگە دروست دەكات و ترس و دڵەڕاوكێ لە كۆمەڵگە دروست دەكات و ئاشتیی كۆمەڵایەتی تێك دەدات و متمانە نامێنێت.