خانمان كاروچالاكییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵدەسەنگێنن

خانمان كاروچالاكییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵدەسەنگێنن

 

 

ڕۆژی 30 ئەیلوولی 2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی زۆرینەی كورسیی پەرلەمان بوو، لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و چەند لایەنێكی دیكە، حكومەتی هاوپەیمانییان پێكهێنا و مەسرور بارزانی بە هۆی توانا و لێهاتوویی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەركە سەختەكاندا، ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت و لە ڕۆژی 10ی تەمووزی 2019 دا، بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمان متمانەی پێ درا.

مەسرور بارزانی بە دیدگایەكی ڕوون و كارنامەیەكی دەوڵەمەندەوە، شانی دایە بەر بەرپرسیارێتییەكی سەختی حكومەت، سەرەڕای كەڵەكەبوونی ژمارەیەكی زۆری كێشە و قەیرانی چارەسەر نەكراو، یەكەم هەنگاوی سەرۆك وەزیرانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕووبەڕووبوونەوەی شێوە جیاوازەكانی گەندەڵی و جێبەجێكردنی چاكسازی بوو.

 لەم ڕوانگەیەوە و لە ڕاپۆرتێكی گۆڤاری گوڵان خانمانی كوردستان هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەنجامدانی چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قەیرانی دارایی و دەرهاوێشتە خراپەكانی كۆڤید 19 بەرز دەنرخێنن و كابینەی نۆیەم بە كابینەیەكی خۆڕاگر وەسف دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

ئاشنا بابان مامۆستای زانكۆ، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «كابینەی نۆیەمی هەریمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی، لە دەستپێكی كارنامەی كارەكانی ئەو كابینەیە كە بریتیی بوو لە كۆمەڵێك كار و پڕۆژەی گرنگ و چاكسازی و گۆڕانكاری لە پیناو خزمەتگوزاری و بەرژەوەندیی گشتی و نیشتمانیدا و بەهیزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها بەهێزكردنی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتانی ناوچەیی و جیهانیدا، لەگەڵ ئەوەی لە كاتی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم دوو قەیرانی جیهانی سەریان هەڵدا، ئەوایش بڵاوبوونەوەی پەتای فایرۆسی (كۆڤید١٩) ناسراو بە كۆرۆنا لە جیهاندا، هەرێمی كوردستانیش بەدەر نەبوو لە و پەتایە كە بووە هۆكاری وەستانی كار و چالاكیی گشتی و هەروەها كاریگەریی نەرێنی هەبوو، بەتایبەتی لە پرسی سنوورداركردنی بازرگانی و وەستانی جووڵەی ئابووری و كەرتی تەندروستی و كەرتی پەروەردەدا، بەڵام بەسەر ئەو هەموو گرفتانەدا زاڵ بوو».

ئاشنا بابان ڕای وایە «قەیرانی ئابووری و ناسەقامگیری ئابووریی جیهانی لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر ئەو دەوڵەتانەی داهاتی سەرەكییان پشتبەستن بوو بە نەوت، هەرێمی كوردستانیش كاریگەریی قەیرانە جیهانییەكانی لەسەر بوو، بەڵام خۆشبەختانە تێیپەڕاند»، گوتیشی: «كابینەی نۆیەم جگە لە قەیرانە جیهانییەكان كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، كۆمەڵێك كیشە و گرفتی ناوچەیی و ناوخۆیی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ هەبوو. هەر لەو ڕوانگەیەوە ئەوەمان بۆ دەرئەكەوێت كە كار و ئەركی ئەم كابینیە ئاسان نەبوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵنگارییانەدا توانی كار و پڕۆژە و بەرنامەكانی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە و گۆڕانكاری و چاكسازییەكانی بەردەوام بێت، ڕەنگە بە تەواوی بە هۆی ئەو هۆكار و قەیرانانەی سەرەوە كە باسمان كرد، نەتوانرابێت گەندەڵی لە ڕیشەوە چارەسەر بكرێت، بەڵام تا ئاستێكی بەرز گەندەڵی كەم بووەتەوە و چاكسازی و گۆڕانكارییەكان بە ئاشكرا دیارن لە چاكسازی بەڕێوەبردن و كارگێڕی و پێشكەوتن و كاری خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان بە ڕاددەیەكی بەرچاو دەبیندرێت، كابینەی نۆیەم جگە لە گرنگی پێدان بە كەرتی كشتوكاڵ و كارەبا و خوێندنی باڵا و پەروەردە، گرنگی بە دروستكردنی بەنداو و ڕێگاوبان و سنوورداركردنی دیاردەی هەڵگرتنی چەك دا و هەوڵەكانی بۆ بە ئەلیكترۆنی كردنی و دروستكردنی حكومەتی دیجیتالی بەردەوامە».

سەبارەت بە پەیوەندییە سیاسی و دیپڵوماسییەكانی نێوان هەرێم و بەغداش گوتی: «جگە لە پتەوكردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەغدا، پەیوەندییە هەرێمە ناوچەییەكان و دەوڵەتانی عەرەبی و كەنداو و دەوڵەتانی جیهانیش پەرەی پێ درا، كە لە ڕووی سیاسییەوە گرنگییەكی زۆری بۆ پیگەی هەریمی كوردستتان هەیە».

جەختی لەوەش كردەوە كە «ئەوەی لە كابینەی نۆیەم هاتە بەرهەم لەگەڵ ئەو هەموو گرفت و ئاستەنگانەی هاتنە بەردەمی، پێداگری بوو لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان كە مایەی دەستخۆشی و دڵخۆشییە».

شنیا هۆشیار كارگێڕی لقی هەڵەبجەی (ی،ق،ك) سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «كابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتاوە بە گیانێكی متمانە بەخۆبوونەوە دەستی بە كاركرد و خاڵەكانی ناو بەرنامەكەی بریتی بوون لە داوا وخواستەكانی خەڵك، بە جۆرێك كە سێكتەرە هەرە گرنگەكانی پەیوەست بە ژیانی خەڵكی كردبووە ئامانجی خۆی بۆكاركردن و لە پێش هەموویانەوە دژایەتیكردنی گەندەڵی و بەگژداچوونەوەی بەهەدەردان بوو». گوتیشی: «لەم كابینەیەدا كاری زۆر باش كراوە و گەلێك كەیسی گەورە دەستیان بۆ براوە، وەك زیادكردنی داهات و شەفافكردنی بڕی داهات و خەرجی مۆدێلێكی نوێ بوو كە ئەم كابینەیە هێنایە كایەوە، كە بووە هۆی ئەوەی خەرجی كەم بكرێتەوە و لەو هەموو قەیران و نەهامەتی و ئابڵوقە جیاوازانەدا حكومەت بتوانێت مووچەش بدات و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانیش بەردەوامییان هەبێت».

ئەو چالاكە سیاسییە ئەوەشی دووپات كردەوە كە «سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی كابینەكەی هەمیشە هەماهەنگ بوون لەگەڵ پەرلەمان و لێژنەكانیدا و داتا و زانیاریی پێویستیان پێشكەش كردوون، كە ئەمەش لە متمانەبەخۆبوونەوە سەرچاوەی گرتووە، كابینەی نۆیەم لەبەر ئەوەی خواستی خەڵكی كردبووە ئامانج لەلایەن گەندەڵكاران و مشەخۆرەكانەوە دژایەتی كرا و بەربەستی بۆ دروستكرا، بەڵام ئیڕادەی بەهێزی سەرۆك وەزیران و پشت ئەستووریی بە هێزی خەڵك و هاووڵاتیان وایانكرد بەسەر بەربەستەكاندا سەركەوێت و هەنگاوی گەورە لە دژایەتیكردنی گەندەڵیدا بنێت، خێراكردنی خزمەتگوزارییەكان و كرداری زۆر و قسەی كەم لە سیما هەرە سەرەكییەكانی ئەم كابینەیەی حكومەتن».

تەرزە حسێن كارگێڕی ناوچەی ناوەندە ئەكادیمییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «سەرەتای دەست بەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی قەیران و ئابووریی لاواز و نەبوونی ژێرخانێكی بەهێز هاتە ئاراوە، بەڵام بەسەر هەموو گرفت و قەیرانەكاندا زاڵ بوو. ئەم كابینەیە بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی توانی لە ماوەی چوار ساڵی كابینەكە زۆربەی ئەو قۆناغە سەخت و دژوراە تێپەڕێنێت، ئەمەش بە بڕیارە بەهێز وكاریگەرەكانی سەرۆكی حكومەت بوو». هاوكات دەڵێت: «چاكسازی بەردی بناغەی ئابوورییەكی بەهێز بوو، لە كاتێكدا ئەو لەمپەر و دوژمنە ناوخۆیی و دەرەكییانەی كە هەمیشە دژی بڕیارە چاكسازییەكانی كوردستان بوون، لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆیان دژایەتیی كارنامەی سەرۆكی حكومەتیان دەكرد و دەیكەن. ئەوەشمان بیر نەچێت گرنگی زۆری دا بە بەڕۆڵی بەشداری كردنی ئافرەتان لە دامودەزگا حكومییەكان و پێگەیاندنی كادری ئەكادیمی و نوخبە لە سێكتەرە جیاوازەكان و بەرەوپێشچوونی لاوان و ڕەخساندنی هەلی كار لە كەرتی تایبەت وفەراهەمكردنی مافەكانیان. دەستكەوتەكانی ئەم كابینەیە زۆرن و گەشبینم بەوەی تاكو فەرمانڕەوایەتی لە دەستێكی ئەمینی وەك ڕێزدار (مەسروربارزانی) بێت هەنگاوەكان بۆ بەرەوپێشچوون وخزمەتكردنی هاووڵاتیانی كوردستان زیاتر دەبن».

مینا سامی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «‎حەقی خۆیەتی ئەو ناوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بنێین، كە حكومەتی بەهێز و حكومەتی خەڵكە، ڕەنگە كاتێ ئەم ناونیشانە بەرچاوی خوێنەران بكەوێت، وای بزانن باس لە كابینەیەكی حوكمڕانیی وەهمی یان ( مەدینە فازلە) بێت، بەڵام لە ڕاستیدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كوردستانی زۆر بەرەو پێش برد. ‎سەرباری ئەوەی كە تمووحاتی ئێمە زۆر لەوە زیاتر بوو، كە كابینەی ئێستا بتوانێ فەراهەمی بكات بۆ هاووڵاتیان، بەڵام ئەم كابینەیە وەك شیلدی ڤاگكنەرەكانی ئیرلەندا بەهێز و بەناوبانگ بوو لە چەندین لایەنەوە لەوانە؛ ‎ئەم كابینەیە توانی ڕووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێتەوە كە زۆربەی ئیدارەكانی جیهان شكستیان هینا لەوەی بتوانن ئیدارەی ئەو دۆخە بكەن، لە هەندی وڵات بوو بە فەوزا و ترس و دڵەڕاوكێ، بەڵام لە كوردستان بە یارمەتیی هاووڵاتیان و كادرەكانی تەندروستی توانرا بە سەر ئەو دۆخە سەركەوین، بێ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران بوەستێ، لە كاتیكدا لە جیهان ڕكوودی ئابووری تەنگی پێ هەڵچنیبوون.

‎كاریگەرترین قەیران كە لەم كابینەیە توانرا ڕووبەڕووی ببنەوە، بریتی بوو لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و دانەوەی قەرزی حكومەت و بەردەوامبوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، كە بۆی هەیە ئەمە ڕێك وەك شیلدی ڤاگنەرەكان بێت كە ئەم حكومەتە كردوویەتی، بە هیچ شێوەیەك وا چاوەڕوان نەدەكرا و، زۆر كەس و لایەن گرەویان لەسەر لە بارچوونی ئەم حكومەتە كردبوو، كە هەر لە شەش مانگی یەكەم هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام ئەم نەهجە و پیلانە ناوخۆییەكان و دەرەكییەكان بە تەواوەتی شكستیان هینا».

گوتیشی: «ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (مسرور بارزانی) و پارتەكەی زۆر بۆیرانە كاریان لەسەر یەكڕیزی و تەبایی نێوماڵی كورستان كردووە، هاوتەریب لەگەل هەوڵە ناوازەكانی جەنابی سەرۆك و ڕیزدار سەرۆكی هەریم توانرا بە زووترین كات تیمی یەكێتی بۆ سەر كارەكانیان بگەڕێننەوە».

Top