مامۆستا نووری فارس حەمەخان: ئەو كاتەی مستەفا بارزانی لە ئەشكەوتەكانی كوردستان خەباتی دەكرد، جاش قەڵەم بە شۆڕشیان دەگوت «جەیبی عەمیل» و بە جاشیان دەگوت «سوارەی سەڵاحەدین»
لە ناو گەلـی كورددا، زانایانی ئایینی ڕۆڵی لە مێژینەیان هەبووە لە خزمەتكردن بە دۆزی ڕەوای نەتەوەكەیان، زۆریان خۆیان كردووەتە قوربانیی لە پێناو بەرگریكردن لە گەلە ستەمدیدەكەیان، لە مێژووی نوێشدا تەواوی شۆڕشەكانی كورد بە ڕابەرایەتیی شێخ و مەلاكانی وڵات بووە، هەر لە شێخ عوبێدوڵڵای نەهری، تا سەیید تەهای شەمزینـی، شێخ سەعیدی پیـران، شێخ مەحـموودی حەفید، پێشەوا قازی مـحەمـمەد و مەلا مستەفا بارزانی، بە ئێستایشەوە مەلا ڕەسەنەكانی ئەم وڵاتە هەوێنی ئاشتی و پێكەوە ژیان و بەرگری لە مافی پێشێلكراوی ئەم گەلە ستەمدیدەیەن، لە ئێستادا (مامۆستا نووری فارس حەمە خان) یەكێكە لەو زانا ئایینییە خاوەن قەڵەمانە كە خزمەتێكی ئێجگار زۆری بە (ئیسلامی كوردەواری) كردووە، ئەو لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەی ڕابردوودا هەم لە ڕووی زانستی و نووسینەوە دانەبڕاوە لە خزمەتكردن بە گەلەكەی، هەم لە ڕووی هەستی نەتەوایەتییەوە بەردەوام هاوكاری شۆڕشی كورد بووە، و ڕێز و شكۆیەكی بێ پایان بۆ ڕابەرانی ڕابردووی گەلەكەی دادەنێت، لێرەدا پوختەیەك لە ژیانی مامۆستا و بیـروڕا كوردانە و نەتەوەییەكانی وەبیـر دەهێنینەوە.
مامۆستا نووری فارس حەمە خان حەسەن مستەفا حەنیف، لە هۆزی (ڕۆخزایی) ناوچەی (قەرەداغ)، لە ساڵی (1934) لە گوندی (برایـم ئاوا)ـی، هەمان ناوچە لەدایك بووە، و وەكو تەواوی زانایانی كوردستان بە شوێن زانستدا گەڕاوە، و لە خزمەت ئەم زانا و باش مەلایانەی سەردەمی خۆیدا خوێندوویەتی. (مامۆستا مەلا عەلـی سەرزەلـی) و (مامۆستا مەلا ئەحـمەدی گرگاشی)، (مامۆستا مەلا مـحەمـمەدی قەڵاسووری)، (مامۆستا مەلا عەبدولقادری عەربەتـی)، (مامۆستا مەلا شێخ عەبدولعەزیز پاڕەزانی)، (مامۆستا مەلا مـحەمـمەدی كۆڵیتانی)، (مامۆستا مەلا عومەری ئاشەزیـنـی)، (مامۆستا مەلا مـحەمـمەدی تاڵ)، (مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای چرۆستانی)، (مامۆستا مەلا مـحەمـمەد عومەری قەرەداغی)، (دكتۆر مستەفا زەڵـمی)، (مامۆستا مەلا مـحەمـمەدی دێگەڵەیـی)، (مامۆستا مەلا عەبدولـمەجیدی قوتب)، (مامۆستا مەلا شەریف – لە هەولێر)، (مامۆستا مەلا مـحەمـمەدی قزڵـجی – لە بەغدا)، (مامۆستا عەلائەددین سەججادی – لە بەغدا)، (مامۆستا مەلا عەبدولكەریـمی مودەڕیس)، (مامۆستا شێخ مـحەمـمەدی خــاڵ) و تا دواجار (مامۆستا مەلا ئەسعەدی مەحوی)، لە ساڵی (1957) لە شاری سلێمانی ئیجازەی عیلمیی – مەلایەتی پێ داوە، و لە ئاهەنگێكدا (مامۆستا مەلا ڕەشاد موفتی) مێزەری بە سەردا پێچاوە، و بەرگی مەلایەتی لەبەر كردووە و، دوای وەرگرتنی ئیجازەی عیلمیی – مەلایەتی، لە ناو سوپای عێـراقدا وەك پێشنوێژ و پەروەردەكار دامەزراوە، تا كاتی خانەنشیـن بوونی، و لە گەڵ ئەم ئەركەیدا بەردەوام سەرقاڵی وەرگێـڕانی پەڕتووكەكانی فەرموودە بووە بۆ سەر زمانی كوردی، هەر بۆیە لە ناو زانایان و مەلا باشەكانی كوردستاندا بە (وەرگێڕە كوردەكەی پێغەمبەری خوا (د.خ) ناسراوە، كە لەو پەڕتووكانەیدا هەزاران هەزار فەرموودەی پێغەمبەری (د.خ) بۆ سەر زمانی كوردی پەرچڤە كردووە، و خۆیشی زۆر جوانی فەرمووە:
نووری تا ماوە مەمنوونی خوایە
كە تەرجومانی ڕەسولوڵڵایـــە!
ئەم زانا و فەرموودەناسەی گەلەكەمان، وەك خۆی باسی كرد، هەردەم لە كاروانی خەباتی نەتەوەكەیدا بووە بێ پسانەوە، و دەڵێت: «كاتێكیش لە ناو سوپادا، پێشنوێژ و پەروەردەكار بووم، لە شاری كەركووك لە ناو بازنەی ئەو ڕێكخستنەدا بووم كە (مامۆستا مەلا مـحەمـمەد ئەمیـن، لە تەپەی مەلا عەبدوڵڵا، لە كەركووك) سەرپەرشتی دەكرد، و هەر لە سەرەتای هەڵگیـرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی (مەلا مستەفای بارزانی)، ئێمەیش وەك زۆرینەی مەلاكانی ناو سوپا هاوكار بووین، و شۆڕش مانەوەمانی بە باشتـر زانی، تا نهێنی و حەرەكاتەكانی سوپای داگیـركار بە شۆڕش بگەیەنیـن، هەر بۆیەش سوپا بەرەو هەر جێگایەك هێـرشی بكردایە، دەشكا، چونكە ئێمە پێشوەخت هێزی پێشمەرگەمان لـێ ئاگادار دەكردەوە».
مامۆستا نووری فارس، كەسایەتییەكی زۆر سەرسامە بە باوكی گەلـی كورد، (مەلا مستەفای بارزانی)، زۆریش زیزە لەم دووبەرەكییەی ناو كورد لە نێوان یەكتـریدا و دەڵێت: «ئەم ئاژاوە و فیتنەیەی ئێستا هەیە، كۆنە و من بۆ خۆم هەمان شتم لە شەستەكانیشدا دیوە كە دژی (مەلا مستەفای بارزانی) دەكرا».
ئەو كە پرسیاری ئەوەم لێ كرد، ڕای خۆیم لەسەر (مەلا مستەفای بارزانی) پێ بڵێت، بەم بەسەرهاتە وەڵامی دامەوە:
ڕێزدار موقەددەم (مـحەمـمەد ئەرگوشی)، لە ماڵی (مامۆستا مەلا مـحەمـمەد ئەمیـن)، لە تەپەی مەلا عەبدوڵڵا، لە كەركووك گێڕایەوە و گوتـی: «لە گەرمەی شۆڕشدا و لە شەستەكاندا، شۆڕشگێڕێكی مەزنی ئێرانی، دەیەوێ سەردانێكی (مەلا مستەفای بارزانی) بكات، و زۆر بە پەرۆشەوە و بە نهێنی و بە سواری وڵاخ، دێ بە دێ، بە ناوی خوازراوەوە، ڕۆژێ خۆی دەكا بە مەلا، و ڕۆژێ خۆی دەكا بە شێخ، چەند شەو و ڕۆژێك، ئاوا بە ناو ئەو دەشت و دەر و شاخ و داخەدا، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكدا، كە جارێ دەڵێ: دەروێشی خۆمن، و جارێ دەڵێ: فەقێی خۆمن، بە پێی شوێن، دەخولێنەوە و قوڕ و لیتەی زستان دەشێلن، و سەرما و سۆڵە دەچێژن، هەر تاونـــاتاوێ لە تاو فڕۆكە و تەقەی ڕەبایە و هێرشی جاشان، هەڵدێن، و خۆ لەناو دەوەن و بن بەردێ دەشارنەوە، ڕۆژانە بە چاوی خۆیان گوندی سووتاو و تەرمی شەهید و زامدار، لە هەموو جۆرێ دەبینن، هەتا بەرەبەرە دەگەنە بارەگای (بارزانی)، هەموو شتـێ بە خەیاڵی ئەو مامۆستا ئێرانییەدا دێ! ئەمە نەبێ! كە دەڕوانێ وا تەخت و بارەگا زێڕینەكەی (مەلا مستەفا بارزانی)، وا لە چیایەكی سەخت و دژواری وادا، كە ڕێگەی باڵداری نییە، چ جای پادار، وا لە ناو ئەشكەوتێكی تاریكی شێداری قانگدراو بە چڕە دووكەڵی كۆتەرە داری تەڕ و پڕ لە سەرە بزووتكی كوژاوە و پڕ لە چراووگ، كە بە شەو لە باتی چرا و گڵۆپ و لایت بەكاری دەهێنن، لە پڕ مارێ، یا جانەوەرێ، ئاگری ناو ئەشكەوتەكە گەرمی دەكاتەوە و سڕییەكەی دەردەچێ، و دووكەڵەكە سەری لێ دەشێوێنـێ و مەترسی و تۆقانێ لە ناو ئەشكەوتەكەدا دروست دەكات، لە مەترسیی تۆپ و تانك و فڕۆك و جاش و جەیش ناخۆشتـــر!!
لە لایەكی تریشەوە وا دەڕوانێ (مەلا مستەفا بارزانی) و نزیكانی بارەگا، ئەوەندە تەپ و تۆزی چڕە دووكەڵ چووە بەسەر و چاویانا و تەپ و تۆز لە جلەكانیان نیشتووە، و ئەوەندە بە تەختە بەردی داخ لە ناو ئەشكەوتەكەدا كولێرە ئاشییان كردووە، ڕێك دەڵێی ئاشەوانن و لەناو ئاشدا دەژین!!
گوتی: لەو سەردەمەشدا، بەرەی جاشەكان، بە ڕۆشنبیـر و بە ناڕۆشنبیـریانەوە، واتە: بە جاش چەك و بە جاش قەڵەمیانەوە، تەنگیان بە (بارزانی) هەڵچنی بوو، - هەروەك ئەمڕۆ- و دژایەتییەكی ماددی و مەعنەوییان دەكرد، بە دەیان لێژنە، لە ئەمن و لە ئیستیخبارات، تانە و تەشەر و درۆ و دەلەسەیان، لە دژی شۆڕش دروست دەكرد، و وەك بەچكە كۆتر و بەچكە تووتی دەیانـتـفانە سەر دەمی لایەنە كوردییە نەیارەكانی شۆڕش، و ئەوانیش وەك بنێشت و كاوێژ شەو و ڕۆژ دەیانـجویـیـەوە، و دەیانگوت و دەیانگوتەوە! بە شۆڕشیان دەگوت: «(جەیبـی عەمیل» و بە پێشمەرگەیان دەگوت: «شەمشەمە كوێرە» و بە سەدامیان دەگوت: «زێڕە زێڕە» و بە جاشیان دەگوت: «سوارەی سەڵاحەددیـن» و تاد.
گوتی: جا ئاغای ئێرانی كە ئەم واقیعە قێزەونەی بینی، و ئەم چەواشەكارییەی ڕەچاو كرد، و ئەم ژیانە زبرەی «بارزانی» و پێشمەرگەكانی شۆڕشی بینی، گوتی: (ئاغای بارزانی! تۆ ئاوا خۆت دەكەی بە قۆچی قوربانی، ئەو جاشانەش بەو جۆرە پاداشتت دەدەنەوە!!).
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بكرێت ئەوەیە كە جەنابی مامۆستا نووری فارس ئەم سەرگوزەشتەیەی لە پەڕتووكی (صەحیحی موسلیـم)دا، بەرگی دووەم، لاپەڕە (364 -365)، (چاپی یەكەم – 2011) تۆمار كردووە، لە ڕاڤەی ئەو فەرموودەیەدا كە پێشەوای بڕواداران عومەری كوڕی خەتتاب دەیگێـڕێتەوە، كە دەفەرموێت: بە دوای سۆراخی هەواڵێكدا چووم بۆ خزمەتی پێغەمبەر (د.خ) بینیـم، لە سەر حەسیـرێكی ڕووت بوو، و حەسیـرەكە هیچی تری بە سەرەوە نەبوو، و سەرینێكی بەرگ چەرمینـی لە ژێر سەردا بوو، ناواخنەكەی ڕیشاڵی خورما بوو، لە پایینەوە هەندێ بەرە دارشیلان كە كەوڵی پێ خۆشە دەكرێ، هەڵڕژا بوو، و كۆمەڵ كرابوو، لە ژوور سەریشیەوە بە بنمیچەكەوە چەن كەوڵێ هەڵواسرابوو، كە تەماشایم كرد، گرێی حەسیـرەكە لا تەنیشتی پێغەمبەری (د.خ) دابڕیبوو!!
شایەنی باسە، مامۆستا نووری فارس لە سەرەتای پەنـجاكانی سەدەی ڕابردوودا لە مزگەوتی (بن تەبەقی هەرمنـی) لە شاری سلێمانی، هاوفەقێی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا ئەحـمەدی، ئەحـمەدئاوا بووە، كە پێكەوە لە خزمەت خوالێخۆشبوو دكتۆر مستەفا زەڵمیدا وانەی زانستە شەرعییەكانیان خوێندووە، و شیاوی بیـرخستنەوەیە كە مامۆستا مەلا ئەحـمەدی، ئەحـمەدئاوا یەكێك بوو لە پشتیوانە سەرسەختەكانی ڕێبازی (مەلا مستەفای بارزانی) لە دەڤەری هەورامان و هەڵەبـجە و شارەزوور.سوپاس بۆ خوا تا ئێستایش مامۆستا نووری فارس بە تەندروستییەكی باشەوە لە ژیاندایە و نیشتەجێی شاری سلێمانی (پایتەختی ڕۆشنبیری)یە، و شایانی ئاماژە بۆ كردنیشە كە كوڕێكی مامۆستا بە ناوی (كاوە) شەهیدی ڕێگای ئەم نیشتمانەیە.