ئوردن: فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانمان لەسەر سنووری سوریا خستە خوارەوە
سوپای ئوردن ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە مادەی هۆشبەری هەڵگرتبوو، لە سوریاوە هاتبووە خاكی ئەم وڵاتە، خستە خوارەوە.
سوپای ئوردن لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا ڕایگەیاند: هێزە سنوورییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی دژە ماددەی هۆشبەر، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هەڵگری مادەی هۆشبەریان خستە خوارەوە کە لە سوریاوە هاتبووە ناو ئەو وڵاتە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بارەی لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەوە دەستکەوتووە، کە نزیکەی ٢ کیلۆ گرام مادەی هۆشبەرە، دەستی بەسەردا گیراوە.
سوپای ئوردن لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە، کە یەکێکیان پڕ بووە لە چەک و هەوڵیانداوە لە سوریاوە بی پەڕێننەوە بۆ ئوردن.
دوێنێ سوریا و ئوردن کۆبوونەوەیەکی ئەمنییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بە ئامادەبوونی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئوردن و وەزیری بەرگری سوریا و سەرۆکی هەواڵگری سوریا ئەنجامدا.
لەم دیدارەدا باس لە مەترسی ماددە هۆشبەرەکان و سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و قاچاخکردن و هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو كەسانەی کە ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخکردن ڕێکدەخەن و بەڕێوەی دەبەن و هاتنە ناوەوەی نایاسایی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ناو ئوردن لە ڕێگەی سنوورەوە تاوتوێ کران.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سنووری ئوردن لەگەڵ سووریا و عێراق بە سەدان هێرشی قاچاخچییەکانی بەخۆیەوە بینیوە.
گوڵان: سەردار خەلیل