فەرسەت ئەحمەد وەزیری دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بە ئیجتیهاداتی خۆی لێكدانەوە و خوێندنەوەی بۆ ماددە و بڕگە دەستووری و یاساییەكان كردووە دەستوور بە فەلسەفە و دیدگای مەركەزی و شموولی لێكدانەوەی بۆ دەكرێت
ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە بیروبۆچوونی خۆی لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە بۆ لایەنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقی ڕوون بكاتەوە.
دەبێت یاسایەك بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی دابنرێت كە بەپێی دەستوور بێت، چونكە دادگای ئێستا بەپێی دەستوور دانەمەزراوە و هەمواركردنی یاساكە بەپێی دەستوور نەبووە و لەو یاسایەدا هەرێم دەتوانێت زەمانەتی خۆی مسۆگەر بكات
فەرسەت ئەحمەد وەزیری دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵاندا تایبەت بە بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق و جێبەجێنەكردنی ماددە دەستووری و یاساییەكانی تایبەت بە مافی هەرێمی كوردستان بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا، چەند زانیارییەكی یاسایی خستەڕوو، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق دژی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا، لە ئێستادا گرنگترینی ئەو سیناریۆیانە چین كە دەسەڵاتەكانی یاسادانەر و جێبەجێكار و داد لە هەرێمی كوردستاندا بەرانبەر ئەو دادگایە دەیگرنەبەر؟
- ڕێزم بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق و ئەندامە دادوەرەكانی هەیە، بەڵام ئەم بڕیارەی دوایی دادگای باڵای فیدڕاڵی كە دژی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان دەری كرد، بە بڕوای ئێمە گونجاو نییە و لەگەڵ ئەو ماددە دەستوورییانەی كە دادگاكە پشتی پێ بەستبوو لە دەركردنی بڕیارەكەیدا یەك ناگرنەوە. لەم بارەیەوە سەرجەم دەسەڵاتەكانی تەشریعی و جێبەجێكار و قەزائی و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش بە توندی ئەم بڕیارە سیاسییە ڕەت دەكەنەوە. لەم بارەیەوە پەرلەمانی كوردستان جەخت لەسەر شەرعیبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، لەبەر ئەوەی یاسایەكە لەگەڵ حوكمەكانی دەستووردا گونجاوە و هیچ ماددەیەكی ئەم یاسایە لەگەڵ ماددەكانی دەستوور ناكۆك نییە، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستانیش لە هەوڵی ئەوەدایە بیروبۆچوونی خۆی لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە بۆ لایەنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقی ڕوون بكاتەوە، هەرچەندە دادگای فیدڕاڵیی عێراق ناچێتە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە، بەڵام بەو پێیەی دەزگای قەزائی لە حكومەتی فیدڕاڵی لەناو دەوڵەتی فیدڕاڵیدا تەواوكەری یەكترن و پێویستە بۆچوون و تێڕوانینی هەرێمی كوردستانیش لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە بۆ لایەنی پەیوەندیداری ناو دەسەڵاتەكانی فیدڕاڵی ڕوون بكرێنەوە. بەم شێوەیە هەر سێ دەسەڵاتەكانی تەشریعی و جێبەجێكار و قەزائی بە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیشەوە هاوڕان لەسەر ئەوەی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیارێكی نادەستوورییە و وەكو ئەوە وایە بەم بڕیارە دادگاكە دووبارە ماددە و بڕگەكانی دەستوور دەنووسێتەوە و ماددە دەستووری و حوكمەكانی لە ناوەڕۆكەكانی بەتاڵ دەكاتەوە، بۆیە ئەم بڕیارە نادەستووری و نایاساییە زیانێكی گەورە بە هەرێم دەگەیەنێت، چونكە سەرەڕای ڕوونیی دەقە دەستوورییەكان وایە كە پێویست بە هیچ ئیجتیهاداتێك لە دژی هەرێمی كوردستان ناكات، بەڵام دادگاكە بە ئیجتیهاداتی خۆی لێكدانەوە و خوێندنەوەی بۆ ماددە و بڕگە دەستووری و یاساییەكان كردووە، بەمەش دادگاكە لە ڕووی زمان و زاراوە و ناوەڕۆكی دەستووری و یاساییەوە سەركەوتوو نەبووە، بڕیارەكەش لەلایەن دەسەڵاتەكانی هەرێمەوە پاڵپشتی ناكرێت.
* كەواتە دەستوورەكە لە عێراقدا لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە بە لێكدانەوە و ئیجتیهاداتی تایبەتی و بۆ بەرژەوەندیی عێراق و دژی هەرێمی كوردستان بەكار دەهێنرێت، لەم حاڵەتەدا هەرێمی كوردستان دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ئیجتیهاداتە بكات؟
- بە تێڕوانینی ئێمە دەستوور بۆ بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عێراق نووسراوەتەوە، كوردیش وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكی و گرنگ و هاوبەش بەشدار بووە لە نووسینەوەی دەقە دەستوورییەكان و پەشیمانیش نین، بەڵام گرفتەكە كاتێك ڕوودەدات كە دەستوور بە پێچەوانەی ماددە دەستووری و بڕگە یاساییەكانەوە لێكدانەوە و ئیجتیهاداتی تایبەتی و دوور لە یاسا و بە فەلسەفەی مەركەزیی و شموولی بۆ بكرێت، هەتا ئەمڕۆش پێمان وایە ئەگەر دەقی دەستوور و ماددەكانی وەكو ئەوەی هەیە، جێبەجێ بكرایە، نەوەكو ئەوەی لێكدانەوەی بەهەڵەی بۆ دەكرێت و لە واقیعدا هەیە، ئەوا خێر و خۆشی بۆ گەلانی عێراق و كوردستان دەبوو. ئێمە تێبینیمان هەیە لەوەی دەستوور بە فەلسەفە و دیدگای مەركەزی و شموولی لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، بە بەڵگەی ئەوەی زۆر لەو بڕیارانەی لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دەردەچێت بۆ پووچەڵكردنەوە، یان هەمواركردنەوەی ئەو یاسا كۆن و نوێیانەیە كە ناكۆكن لەگەڵ دەستووردا، لەكاتی ناكۆكیی نێوان هەرێم و عێراق لەسەر نەوت ڕاستەوخۆ پەنایان بردە بەر ماددەی (130) كە دەڵێت: «ئەو یاسایانەی بەركارن كاریان پێ دەكرێت، مادام هەڵنەوەشاونەتەوە، یان هەموار نەكراون بەپێی بڕگەكانی ئەم دەستوورە». ئەم ماددەیە بۆ ئەو یاسایانە دانراوە كە دژی ماددەكانی دەستوور نین، چونكە ئەم بابەتە پشتی بە ماددەی (13)ی دەستوور بەستووە كە بەدەق هاتووە «لا يجوز سن قانون يتعارض مع هذا الدستور ويعد باطلاً كل نص يرد في دساتير الاقليم و اي نص قانون اخر يتعارض معه»، ئەمە لە كاتێكدا ئەو داوا یاساییەی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە پێشكەش بە دادگاكە كرا، ڕاستەوخۆ تانەمان لەو بڕیارەی وەزارەتی نەوت دایەوە كە پشتی پێ دەبەستێت و لە ساڵەكانی حەفتاكان و یاسای ساڵی 1985 دەرچووە و، یاسایەكە گوزارشت لە فەلسەفەی مەركەزیی ڕژێمێكی دیكتاتۆری دەكات و لە دوای دەرچوونی دەستوور ناكرێت جێبەجێ بكرێت، چونكە لەگەڵ سەرجەم حوكمەكانی دەستوور ناكۆكە، ئەمەش بە پێچەوانەی ماددەی 13ی دەستوورە و لەگەڵ حوكمەكانی ماددەكانی دیكەی دەستوور ناگونجێن.
* بۆچی لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی لە پێكهاتەی كورد لە ساڵانی پێشوو هەوڵی ئەوەیان نەدا، یاسای نەوت و گاز دابڕێژرێتەوە و پەسەند بكرێت، بۆ ئەوەی نەكەوینە ناو ئەم ئیجتیهاد و ئیشكالات و لێكدانەوانەی لە دژی هەرێمی كوردستان بەكار دەهێنرێت؟
- یاسای نەوت و گاز ستراتیژیەتی نەوت و گازە، پڕۆژەی یەكەمی ئەم یاسایە بە ڕێككەوتن لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2007 داڕێژرایەوە و ئامادە كرا، ئەو دەمەی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بوون، ئەو پڕۆژە یاسایە بۆ ئەنجومەنی شورا بەرز كرایەوە و، دەسەڵاتەكانی ئەم ئەنجومەنە بەپێی دەستوور تەنیا لە داڕشتنەوەی دەقە، بێ ئەوەی بچێتە ناو بوارەكانی بابەتییەوە، لە بڕگەی دووەمی ماددەی 112 كە دەسەڵات دەدات بە حكومەتی فیدڕاڵی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو نەوت و گازەی لە كێڵگەكانی ئێستا دەرهێنراون، بەڵام دەبێت ئەو مافە لەگەڵ حكومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان پیادە بكات، بە واتایەكی دیكە ڕێزی سیاسەتە ستراتیژییەكان بگرێت كە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكێشرێن، تەنیا وشەی (معاً) لەلایەن 21 پەرلەمانتارەوە گفتوگۆی لەسەر كرا، كە من یەكێك بووم لەو پەرلەمانتارانە بە ئامادەبوونی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی و بەڕێز مەسعود بارزانی چەندین زاراوەی دیكە دانرا وەكو (معاً، بمشاركة، بتنسیق، بتعاون، تشاور و...) تا دواجار وشەی (معاً) دانرا تاوەكو لایەنێك بە تەنیا ڕەشنووسی پڕۆژەكە نەنووسێت و بینێرێت بۆ لایەنەكەی دیكە بۆ سەرنج و تێبینی، هەر ئەمەش ڕووی دا و پێكەوە ڕەشنووسەكە داڕێژدرا، بەڵام ئەنجومەنی شورا دەستتێوەردانی تێدا كرد و سەرپێچیی دەستووری كرد، لە كاتێكدا تەنیا دەسەڵاتەكانی داڕشتنەوە بوو، بەمەش لە 30%ی دەقی پڕۆژەكە دەستكاری كرا، ئەگەرچی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەییان دەربڕی و ئامادەش بوون، بەڵام نوێنەرانی وەزارەتی نەوتی عێراق بەبێ ئاگاداركردنەوەی حكومەتی هەرێم، یان ئامادەبوونی نوێنەریان وایان كرد، ئەوەش بە ڕاشكاوی دژی ماددەی (112/پانیا) لە دەستوور بوو. لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دووبارە گفتوگۆكردن لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی ئامادە بووە بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەر، هەر بۆیە دواكەوتنی دەركردنی ڕەشنووسی پڕۆژەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق كە وەڵامیان نەبوو، بەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچار بوو، یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان دەر بكات، ئێمە ئەمەشمان بە دادگای باڵای فیدڕاڵی وتووە و ناكرێت ئەو هەموو ساڵانە چاوەڕوان بین و داهاتەكانمان سنووردارە و بەشی پێدانی موچەخۆران ناكات، كەچی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەم بابەتە گرنگەی بە هەند وەرنەگرت، بۆیە بە بڕیاری هەڵوەشانەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان دادگاكە دەسەڵاتی خۆی تێپەڕاندووە، چونكە هەڵوەشانەوە كردەیەكی پەیوەستە بە یاسادانان و بەو لایەنەی كە یاساكەی دەركردووە كە پەرلەمانی كوردستانە و چەندین بڕگەی دیكەی تێدایە كە دەیسەلمێنێت ئەم بڕیارە زیاتر سیاسییە نەوەكو دەستووری.
* بەپێی تەفسیری حكومەتی فیدڕاڵی بۆ ماددەی (111)ی نەوت و گاز لە دەسەڵاتی حەسری ئەوانە ئایا سەنەدیان لەسەر چی بەستووە؟
- بۆ ماددە دەستوورییەكانی دیكەی 110 و 111 پێویستە بگەڕێینەوە بۆ (یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی ڕاگوزەری)، بەتایبەتی ماددەی 25 كە دەردەكەوێت ماددەی 110 بە تەواوەتی كۆپی كراوە لەم ماددەیە، كە كۆی سامانە سرووشتییەكان كە بابەتی نەوت و گاز دەگرێتەوە، لە بڕگەی (ه) لە ماددەی 25 هاتووە، بەڵام لە كاتی گواستنی ئەم ماددەیە ئەم بڕگەیەی (ه) دەرهێنراوە و دوورخراوەتەوە لە كاتی داڕشتنەوەی ماددەی 110، واتا ئەم ماددەیە بێبەش كراوە لە دەقێك لەسەر سامانە سرووشتییەكان و نەوت و گاز لە ناو دەسەڵاتەكانی حەسریی حكومەتی فیدڕاڵیدا نەماوەتەوە، باشە كاتێك لە ماددەی 111 دەڵێن: «نەوت و گاز موڵكی هەموو گەلی عێراقە بەگشتی لە هەموو هەرێم و پارێزگاكان»، ئایا كوردیش بەشێك نییە لەگەلانی عێراق؟ مەسەلەی موڵكییەت و بەڕێوەبردن لە ڕوانگەی یاساییەوە دوو بابەتی جیاوازن، ناكرێت ماددەكانی 111 و 112 لێك جیا بكرێنەوە كە لە ماددەی (112) بە ڕاشكاوی شێوەی ئیدارەكردنی كێڵگەكانی نەوت و گاز باس كراوە.
* باس لە كێڵگەكانی ئێستای نەوت و كێڵگەكانی نوێ دەكرێت ئایا ئەمە چۆن لە دەستووردا ئاماژەی پێ كراوە؟
- مامەڵەكردنی نێوان هەر دوو حكومەت لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی دەرهێنراو لەو كێڵگانەی كە لەبەرهەمهێناندا بوون، تا بەرواری نووسینی دەستوور و جێبەجێكردنی كە پێیان دەوترێت «كێڵگەكانی ئێستا» و چۆنیەتی دابەشكردنی ئەو داهاتانەی كە لە هەریەكێكیان كۆدەكرێتەوە و، دیاریكردنی پشكی ئەو هەرێمانەی كە زیانمەند بوون و بێبەش كراون بەپێی ماددەی (112/الاول) دەبێت كە ئیدارەیان لە حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمەكان و پارێزگاكان ئەوانەی نەبوونە هەرێم و كێڵگەی نەوت و گازیان بەرهەم هێنابێت لەگەڵ كێڵگە نوێیەكان كە تایبەتە بە ماددەی 115ی ئەو كێڵگانەی نەوتی و گازی كە لە داهاتوودا دەدۆزرێتەوە، دەكەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی حەسریی هەرێمەكانەوە و پێویستە هاووڵاتیانی بەسرا بە هەمان شێوە بە دوای مافەكانی خۆیاندا بچن، لەو كێڵگانەی نوێ دەدۆزرێتەوە و دەسەڵاتەكانی حەسرییە بۆ پارێزگاو هەرێمەكان.
* لە كۆی قسەكانتان دەردەكەوێت كە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە بری ئەوەی ڕێگاخۆشكەر بێت، بەوەی كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم چارەسەر بكات، بە پێچەوانەوە ڕۆڵێكی خراپی گێڕاوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم دادگایە ڕێگا چارەسەرەكانی داخستووە؟
- لەبەر ڕۆشنایی بڕگەكانی دەستوور و ماددە و فۆرمەكانی ڕێككەوتنەكانی نێوان هەر دوو حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە یاساكانی بودجەی ساڵانەی حكومەتی فیدڕاڵیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە، چاوەڕوان دەكرا دادگاكە بڕیارێك دەربكات، ڕێگاخۆشكەر بێت بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام دادگای باڵای فیدڕاڵی لە بڕیارەكانی دژ بە هەرێمی كوردستان زیاتر هۆكار بووە بۆ ئاڵۆزبوون و قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان تەنانەت ڕێگاكانی چارەسەركردنی داخستووە. ئەمە لە كاتێكدا ئەگەر ئەو پشكەی هەرێمی كوردستان كە لە 17% بۆ 12% كەم كراوەتەوە، هەرچی خەرجییە سیادی و حاكیمەكانی لێ دەربهێنرێت، لە ناوەڕۆكدا لە 5%ی نامێنێتەوە و مانگانە پشكی هەرێم تەنیا یەك تریلیۆن دینار دەبێت، هەموو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانیشیان نەداوە، ئەوان مافەكانمان پێشێل دەكەن و پەراوێزی دەخەن، كەچی داوای داهاتی نەوتی كوردستان دەكەن، ئەمە لە كاتێكدا ئێمە بە لە 5%ی خەرجییەكان هەرێمی كوردستانمان پێش خست، كەچی لە ناوەند بە 95% نەتوانرا ژێرخان و خزمەتگوزارییەكانی هاووڵاتیان پێش بخرێت، پێویستە هاووڵاتیانی بەسرە و عێراق ئەو پرسیارە بكەن ئەم هەموو داهات و سامانەیان بۆ كوێ دەچێت؟
* وەكو ئاشكرایە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە دانوستانەكان كرد كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت، هەروەها سوودانی جەختی لەسەر كردەوە بەوەی یاسای نەوت و گاز لە ئەمساڵدا دەردەچێت، ئایا زەمان چییە بەوەی ئەم یاسایەش لە قوبەی پەرلەمان بە دەردی بڕین و كەمكردنەوەی بەشە بودجە ناچێت؟
- هەوڵەكان بۆ دەركردنی پڕۆژەی یاسای نەوت و گاز بەردەوامە، دەبێت هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی پێكەوە ئەم یاسایەی نەوت و گاز بنووسن، لە ئێستادا شاندەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆدان لەگەڵ شاندی حكومەتی فیدڕاڵی و ئەم كارە ئاسان نییە، بەڵام هەر كە نییەتی حكومەتی فیدڕاڵی ساف و ڕاست و دروست بێت، پێویستە لە چەند مانگی دیكەدا بگەنە ڕەشنووسێك كە لەگەڵ بەند و ماددەكانی دەستوور ڕێك بێت و لایەنەكانی سیاسی ڕێككەوتنی خۆیان لەگەڵ هەرێم جێبەجێ بكەن، زەمانەتیش لەوەدایە یاسایەك بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی دابنرێت، بەپێی دەستوور بێت، چونكە دادگای ئێستا بەپێی دەستوور دانەمەزراوە و، هەمواركردنی یاساكە بەپێی دەستوور نەبووە و، لە یاساكەدا هەرێم دەتوانێت زەمانەتی خۆی مسۆگەر بكات، ئەمەش بابەتێكی دیكەیە لێرەدا باسی ناكەین و دەكرێت لەكاتێكی دیكە ئەم بابەتە باس بكەین.