قەشە سەمیر عەتاڵڵا لە كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی كۆن لە پارێزگای دهۆك بۆ گوڵان:   دڵنیاین و متمانەمان بە حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان هەیە كە بە بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی پارێزگاری لە هەموو پێكهاتەكان دەكات

قەشە سەمیر عەتاڵڵا  لە كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی كۆن لە پارێزگای دهۆك بۆ گوڵان:     دڵنیاین و متمانەمان بە حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان هەیە كە بە بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی پارێزگاری لە هەموو پێكهاتەكان دەكات

 

 

پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان زۆر پێشكەوتووە و بووەتە جێگەی سەرنجی ناوچەكە و هەموو دنیا، كاتێ داعش پەلاماری مووسڵ و دەشتی نەینەوای دا، سەرۆك بارزانی بڕیار و فەرمانی دا، دەرگا و دەروازەی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو ئاوارەكان بكرێتەوە، جەنابی سەرۆك بارزانی لە هەڵویست و پەیامێكی دیكەیدا بڕیاری دا، هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی كوردستان لە نووسینەوەی دەستووردا بەشداربن، بۆ ئەوەی بزانین كریستیانەكان چۆن تەماشای ئەو پێكەوەژیانەی هەرێم و هەڵوێست و بڕیارەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی و چەندین پرسی دیكە دەكەن، گۆڤاری گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ قەشە سەمیر عەتاڵڵا ئەنجام دا و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* هەرێمی كوردستان لە ڕووی پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانەوە بە شێوەیەكی زۆر جوان سەرنجی ناوچەكە و وڵاتانی دونیای ڕاكێشاوە، ئایا ئێوە چۆن لەم پرسی پێكەوەژیانە دەڕوانن؟

- پێكەوەژیان لە نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكاندا لەلایەن خوداوە بە ئەرك و پەیوەندییەكی بنەڕەتی و گرنگ بۆ مرۆڤەكان دانراوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە هەموو تاك و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لەسەر زەویدا بە ئاشتی و ئارامی لەگەڵ یەكتر بژین و مومارەسەی ژیانی خۆیان بكەن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و هەرێمی كوردستانیش بە تایبەتی نیشتمان و خاكی چەندین نەتەوەی وەك كورد و ئاشووری و ئایینەكانی ئیسلام و كریستیان و جوو و چەندین ئایین و ئایینزای دیكە بووە، لە هەموو كارەسات و خۆشی و ناخۆشی و لە بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و دیكتاتۆرییەتیش هاوبەش بوون، هەر بۆیە ئەم یەكتری قبووڵكردنە بە هەبوونی جیاوازییەكانیشەوە بووەتە هۆكاری سەقامگیری و لێبووردەیی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی، پێشتریش كۆمەڵگەی كوردستان بەتایبەتی لە دەستپێكردنی شۆڕشی ڕزگاریخوازیی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفای بارزانی، ئەو پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردنە بەرجەستە بوو، كە بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی شۆڕشگێڕەكان بەشدار بوون لە دژی ئەو زوڵم و ستەمەی ڕووبەڕووی گەلی كوردستان دەبووەوە، هەر لە ئەنجامی ئەو شۆڕشانە و لە ئازاری ساڵی 1991 ڕاپەڕینی مەزنی گەلی كوردستان سەری هەڵدا و حكومەت و پەرلەمان و دامودەزگاكانی ئێستای هەرێمی كوردستانی لێ هاتەبەرهەم، ئێستاش بە ڕابەرایەتیی سەرۆك مسعود بارزانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن لە كوردستاندا زیاتر گەشەی كردووە و بووەتە نموونەیەكی جوان و سەرنجڕاكێش و سەركەوتوو لە ناوچەكەدا، بۆیە ئێمە پێمان وایە ئەو پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان بووەتە مایەی دڵنیایی و متمانەمان بە خاك و نیشتمان و حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەم پێكەوەژیانە لە شوێنێك ڕاناوەستێت، بەڵكو بەردەوام گەشە دەكات، وەك ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەبینرێت كە چۆن بووەتە جێگەی سەرنج و تێڕامانی سەرجەم وڵاتانی دونیا.

* ئایا خوێندنەوەی ئێوە چییە كە لەو كاتەی تیرۆریستانی داعش پەلاماری عێراقیان دا، بەتایبەتی شارەكانی ناوەڕاستی عێراق و مووسڵ و دەشتی نەینەوا كە كریستیانەكان بەر ئەو شاڵاوە تیرۆریستییە كەوتن و ناوچە و شار و ماڵی خۆیان جێهێشت، لەو كاتەدا جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بڕیار و فەرمانی دا كە هەموو دەرگاو دەروازە و سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بە ڕووی هەموو ئاوارەكاندا بكرێتەوە و ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن؟

- بێگومان لە 10/6/2014 كە تیرۆریستانی داعش پەلاماری مووسڵیان دا و داگیریان كرد، ئێمە وەك كریستیانەكان لە دەشتی نەینەواو، بەتایبەت لە قەزای حەمدانییە، ماینەوە و ژمارەیەكی زۆریش نەك تەنیا كریستیان، بەڵكو لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان ڕوویان لە دەشتی نەینەوا كرد، بەڵام داعش هاتە ئەو ناوچە و شوێنانەش، ئەوە بوو هەموو دانیشتووانی ئەو ناوچانە و ئەوەی ڕووشیان لەوێ كردبوو كەوتنە بارودۆخێكی نالەبار و ژیانیان كەوتە مەترسییەكی زۆرەوە، لەو كاتەدا هەر كەس و خێزانێك دەیویست بێتە هەرێمی كوردستان لە بازگەكان پرسیاری ئەویان لێ دەكرا، ئەو ئاوارانە كێن و لە كوێ هاتوون، ئێنجا بەرەو ناو هەرێم بەڕێ دەكران، بەڵام لەو كاتەدا جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی وەك باوك و كەسایەتییەكی مرۆڤدۆست بڕیاری دا، هەموو سنوور و دەروازەكانی هەرێمی كوردستان بە ڕووی ئاوارەكانی مووسڵ و دەشتی نەینەوا و شوێنەكانی دیكەدا بكرێتەوە، بەبێ ئەوەی لە هیچ كەس و ئاوارەیەك پرسیار بكرێت كە ئێوە چین و لە كوێوە هاتوون، ئەوە بوو كریستیانەكانی ئەو شوێنانە و ئاوارەكانی دیكە هاتنە شارەكانی هەرێمی كوردستان، واتە ئەو بڕیارە حەكیمانەیەی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە هۆی ئەوەی ئاوارەكان ڕزگاریان ببێت لە كۆمەڵكوژیی تیرۆریستان، ئەگەرچی لەو كاتەدا بارودۆخی هەرێمی كوردستان زۆر خراپ بوو، لە ڕووی داراییەوە، بەتایبەت بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان و، هاتنی ئێمەش بۆ هەرێم بارێكی زۆر قورس و زەحمەت بوو، بەتایبەتی لە ڕووی پێشكەشكردنی كارە خزمەتگوزارییەكانەوە، سەرباری ئەوەش حكومەتی هەرێمی كوردستان شوێنی حەوانەوە و پێداویستیی ڕۆژانەی وەك هەنگاوی یەكەم بۆ هەموومان دابین كرد و دەرگای مزگەوت و شوێنە ئایینییەكان بەبێ جیاوازی بە ڕووی ئاوارەكاندا كرایەوە، ئەو هەڵویست و بڕیارەی كە وای كرد ژیانی سەدان هەزار كەس و خێزان لە كوشتن و كۆمەڵكوژی ڕزگار بكات، هەرگیز ناتوانرێت لە بیر و هزر و ویژدانماندا فەرامۆش بكرێت. هەروەها دەمەوێت ئاماژە بەوەش بكەم كە لە سەرەتادا ڕێكخراوە خێرخواز و مەدەنییەكانی هەرێمی كوردستان شانبەشانی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرنامە و پلانێكی جوان پێشوازییان لە ئاوارەكان كرد و شوێنی حەوانەوە و خواردن و خواردنەوە و پێداویستیی ڕۆژانەیان دابین كرد، لە پاشان كە كەمپەكان كرانەوە ڕێكخراوی خێرخوازیی بارزانی ڕۆڵێكی كاریگەر و سەرەكیی لە خزمەتكردنی ئاوارەی ناو كەمپەكاندا دیت، كە تا ئێستاكەش لە كارە خێرخوازییەكانیان لەو كەمپانە بەردەوامن. لەلایەكی دیكەوە ڕێكخراوی خێرخوازیی بارزانی لە سەرەتای هاتنی ئاوارەكان پێش ئەوەی بچنە ناو كەمپەكان كاریان بۆ ئاوارەكان كرد، ئەویش لە بواری تەندروستیدا، بەتایبەت بۆ ئەو كەس و ئاوارانەی كە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەبوو، هەر ئەو كارە خێرخوازییەش بووە هۆی ڕزگاركردنی ژیانی دەیان ئاوارە كە بە دەست نەخۆشیی درێژخایەنەوە گرفتار ببوون، ئەو ڕێكخراوە لە ناو كەمپی ئاوارەكاندا لە هەموو بوارەكانی ژیاندا هەر لە خزمەتگوزاریی ژینگەیی تا دەگاتە پەروەردە و فێركردن و تا دەگاتە دابینكردنی خواردن و ئاو و ئازووقە درێخییان نەكردووە، تا ئێستاش بەردەوامن، دەتوانین بڵێین ئەو دەزگا خێرخوازە فریادڕەسی پاراستن و بەردەوامیی ژیانی ئاوارەكان بووە و پێویست بە بەڵگە و شاهید ناكات، بەڵكو كار و پڕۆژە و خزمەتە مرۆڤایەتییەكانیان هەر لە ناوی پیرۆزی ڕێكخراوەكە دەوەشێتەوە، كە ئەویش ناوی پیرۆزی مەلا مستەفای بارزانیی نەمرە، بێگومان كار و بەرنامەكانی ئەو ڕێكخراوە خێرخوازییەش یەكێك بوو لەو خاڵ و بنەما گرنگانەی كە وای كردووە، پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان لە گەشەكردنی بەهێز و زیاتر قووڵبوونەوەی یەكترقبووڵكردن و لێبووردەیی و سەقامگیریدا بێت .

* ئایا ئێوە وەك كریستیانەكان چۆن سەیری ئەو بڕیارەی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەن كە بڕیاری دا هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان لە نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری كوردستاندا بەشداربن، تا خۆیان ماف و بەرژەوەندییەكانیان لە ناو دەستووردا بە یاسا جێگیر بكەن؟

- بە دڵنیاییەوە لە نووسینەوەی دەستووری هەر وڵات و گەلێكدا دەبێت پێكهاتەكانی لەبەرچاو بگیرێت و ڕاوبۆچوون و مافی پێكهاتەكان ڕەچاو بكرێت لەلایەن پێكهاتەی سەرەكییەوە، لە هەرێمی كوردستاندا پێكهاتەی سەرەكی كوردە بە هەموو ئایین و ئایینزاكانی و لە نووسینەوەی دەستووردا دەبێت ماف و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەموو پێكهاتەكان یەكسان بێت، وەك ماف و بەرژەوەندیی پێكهاتە سەرەكییەكە، لەم ڕوانگەیەوە لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتییەوە جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیاری دا كە دەبێت هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە لێژنەی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور بەشدار بن و خۆیان ماف و پێداویستی و بەرژەوەندییەكانیان لە دەستوورەكەدا دەستنیشان بكەن و جێگیری بكەن.

* ئایا لە كابینەی نۆیەمدا بەتایبەت لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی تا چەند ڕەچاوی خزمەتگوزاری و كاروبارەكانی كریستیانەكان و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان كراوە؟

- گومانی تێدا نییە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم پێكهاتەكان بە بێ جیاوازی كردووە، بەتایبەتی بۆ ئایین و ئایینزا جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، لەم ڕووەوە لە نێو وەزارەتی ئەوقاف بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتیی تایبەت بە كاروباری كریستیانەكانیان دامەزراندووە، كە لەم ڕێگەیەوە داخوازی و داواكارییەكانمان دەگەیەنین، پاشان لەلایەن حكومەتەوە دەخرێتە نێو بەرنامەی كارەوە، واتە حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە بەردەوام خزمەتگوزاری و كار و پڕۆژەی پێشكەش بە كریستیانەكانی هەرێمی كوردستان كردووە كە ئەمەش بنەمایەكی دیكەی گرنگیدانی ئەم حكومەتەیە بە پێكەوەژیان، لەپەرلەمانی كوردستانیش كە ئەندام و نوێنەری كریستیان و پێكهاتكان هەر یەكەی بەپێی خۆی هەیە، لەو ڕێگەیەشەوە توانراوە بە یاسا كاروبارەكانمان ڕێك بخرێت، هەموو ئەمانە وای كردووە، متمانە هەبێت و دڵنیا بین لە حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، كە بە بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینییەوە پارێزگاریمان لێ دەكرێت.

 هەر لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە هاتنی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان ڕووداوێكی گرنگی مێژوویی بوو و تەنیا مەبەستی ئەوە نەبوو كریستیانەكانی هەرێمی كوردستان ببینێت، بەڵكو بەرجەستەبوونی ئەو ڕاستییە بوو كە دەیویست پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا بە چاوی خۆی ببینێت، ئەوە بوو لە نزیكەوە پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستانی بینی و بووە مایەی خۆشحاڵبوونی، دواجاریش سوپاسنامەیەكی پێشكەش بە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی كوردستان كرد، بۆ ئەو كار و هەوڵانەیان بۆ هێنانەئارای ئەو پێكەوەژیانە سەركەوتووە .

* یەكێك لە ئاماژەكانی گرنگیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە خزمەتكردنی زیاتری پێكهاتەكان بڕیاری گۆڕینی عەنكاوە بوو لە ناحیەوە بۆ قەزا، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن؟

- بڕیاری جەنابی مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بە گۆڕینی عەنكاوە لە ناحیەوە بۆ قەزا، یەكێكە لەو كار و پڕۆژانەی كە بۆ خزمەتی زیاتری كریستیانەكان پێشكەشی دەكات و جێگەی ستایشە، ئەمە لە ڕووی ئیدارییەوە زیاتر كاریگەری ئەرێنی دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی خزمەتگوزاریی زیاتر پێشكەش بە عەنكاوە و كریستیانەكانی هەرێمی كوردستان بكات، ئاشكرایە حكومەتی كوردستان بەبێ جیاوازی خزمەت بە هەموو شار و شارۆچكە و گوند و دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، لە لایەكی دیكەوە من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە هەر تەنیا عەنكاوە نا، بەڵكو هەموو شوێنێكی هەرێمی كوردستان ماڵی كریستیان و هەموو پێكهاتەكانیەتی و لە هەموو كوردستاندا كریستیانەكان ماف و ژیانیان پارێزراوە و مومارەسەی ئایین و پیرۆزییەكانی خۆیان بە باشی دەكەن، واتە هەموو هەرێمی كوردستان بۆ كریستیانەكان وەك عەنكاوەیە.

Top