ناتالیا سیران: پێویستە هونەرمەندانی کورد شارەزای گشت شێوەزارەکانی کوردی بن

ناتالیا سیران: پێویستە هونەرمەندانی کورد شارەزای گشت شێوەزارەکانی کوردی بن

لەم دواییە خانمە ناتالیا سیران، هونەرمەندی کوردی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو ژمارەیەک بەرهەمی هونەری نوێی بڵاوکردەوە کە یەکێکیان بە شێوەزاری کرمانجی خواروو بووە، سەبارەت بەم بەرهەمانە چەند پرسیارێکمان ئاراستە کرد بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* کەمێک باسی کارە هونەرییەکانت بکە لە ساڵانی ڕابردوودا؟
سوپاس بۆ خوا کارە هونەریەکانم زۆر بە باشی بە ڕێوە دەچن لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دوو ئەلبوومی هونەریم بڵاوکردۆتەوە و ئەلبوومی سێیەمیشم تەواو کردووە لە داهاتوويەکی نزیکدا بڵاوی دەکەمەوە، ئەلبووم یەکەمم کە بە ناوی (ئەڤینا دلا) بوو لە ماوەی ڕابردودا بڵاوکردەوە و گۆرانییەکیشم بە کلیپ بڵاوکردەوە بەشێوەکی گشتی وەک گوتم کارەکانم زۆر بە باشێ بەڕێوە دەچن، سێ کاری نوێم لەبەردەستە لە داهاتووێکی نزیکدا ئەنجامیان دەدەم کە بریتییە لە سێ بەرهەمی تایبەت بە کوردانی قەفقاز، هەروەها سوپرایزێکی تێدایە کە پێشکەشی جەماوەرەکەمی دەکەم.
* سێ بەرهەمە نوێیەکە چین؟
- ئەو سێ بەرهەمە نوێیەم گۆرانی تایبەت بە کوردانی قەفقازە لە ساڵی داهاتوو لە وڵاتی ئازەربایجان بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاویان دەکەمەوە لەلایەن دەرهێنەرێک کە یەکەم جارە کاری لەگەڵ دەکەم، ئەمەش بۆ من ئەزموونێکی هونەری نوێیە و هیوادارم بتوانم بەم کارە خزمەتێکی بچووک لە ڕێگای هونەرەوە پێشکەش بە کوردانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بکەم، پێشبینی دەکەم ئەمانە کاری باش بن و تێیدا سەرکەوتوو دەبم، چونکە بە عەشقەوە ئەو کارە ئەنجام دەدەم و پێشکەش بە خوشک و برایانمی دەکەم لەو ناوچەیە.

ناتالیا سیران: پێویستە هونەرمەندانی کورد شارەزای گشت شێوەزارەکانی کوردی بن

* بیرۆکەی گۆرانی ئای ناز چۆن درووستبوو؟
- من خۆم بە هونەرمەندی هەموو کوردێک دەزانم لە هەر شوێنێکی ئەم زەمینە بێت و لە ڕێگای هونەرەکەمە وە هەوڵ دەدەم کەلتوور و زمانی ڕەسەنی کوردی بپارێزم و پەرەی پێ بدەم، لە ساڵی 2002 ئەلبوومێکم بڵاوکردەوە یەکێک لە گۆرانییەکانی بە شێوەزاری کرمانجی خواروو بوو، لەو کاتەوە بەردەوام حەزم دەکرد کە چەند بەرهەمێکی تر بە کرمانجی خواروو و شێوەزارەکانی تر بڵاو بکەمەوە و پێشکە بە گەلی کوردی بکەم لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆیە بیرۆکەی گۆرانی (ئای ناز) کە دیۆیەکە لەگەڵ هونەرمەندی لاو کاک ئاراس کە ئەویش نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە لەوێوە درووستبووە، تێکستی گۆرانییەکی هی دەڤەری سلێمانییە، هەست دەکەم مافی گۆرانییەکەم داوە و تا ڕاددەیەکیش تێیدا سەرکەوتوو بووم، بەڵگەشم ئەوەیە کە لە ماوەی چەند ڕۆژێک دوای بڵاوکردنەوەی لە یوتیوب ژمارەی بینەرانی گەیشتە زیاتر لە سەد هەزار کەس، سەبارەت بە گرفتی وتنەوەی گۆرانییەکە چەندین جار تێکستەکەم خوێندەوە و وابزانم توانیومە لە وتنی گۆرانییەکە سەرکەوتوو بم. کاری میوزیک و میکس و ماسترینگی لەلایەن ڕێناس میران کراوە.
*بەرهەمی ترت دەبێت بە شێوەزاری کرمانجی خواروو؟
- وەک گوتم من هونەرمەندی هەموو کورد و هەموو پارچەکانی کوردستانم، بۆیە بەرهەمی دیکەشم دەبێت لە ئێستاوە کار بۆ بەرهەمی تر دەکەم بە شێوەزاری کرمانجی خواروو، هەورامی تەنانەت بە شێوەزای زازاکیش بەرهەمم دەبێت، لە دوو ساڵی دوو هەزار بیست وپێنج بەنیازم جارێکی تر سەردانی هی کوردستان بکەم و ئەم جارەیان چوار تا پێنج بەرهەمی نوێ بڵاو دەکەمەوە یەکێک لەو بەرهەمانە دووبارە گۆرانییەکی تر دەبێت بە شێوەزاری هەورامی بە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ، ئەمەش یەکەم جارە کە هونەرمەندێکی کوردی یەکێتیی سۆڤیەت بەرهەمێک بە هەورامی بڵاوبکاتەوە.هونەرمەندی کورد پێویستە هەوڵ بدات بە گشت شێوەزارەکان گۆرانی بڵێت و شارەزای بێت ئەمەش لەبەر تایبەتمەندی شێوەزار و سیاسی.
* هۆکار چییە لە ماوەی ڕابردوودا کارە هونەرییەکانت زۆر کردووە؟
- من کەسێکم بەبێ هونەر ناتوانم بژیم، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەبەر چەند هۆکارێکی تایبەت نەمتوانی وەک پێویست لەو بوارەدا بەردەوام بم وەک ژیانی تایبەتی خۆم، چونکە منداڵەکانم تەمەنیان بچووک و پێویستیان بە خزمەت و خۆشەویستیی من هەبووە، بێگومان کاری هونەریش پێویستە کاتی زۆری بۆ تەرخان بکرێت، هەروەها ئیش و کاری ڕۆژانەشم هۆکارێکی دیکە بووە، بۆیە زۆر تامەزرۆ و بە حەسرەت بووم بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە کاری هونەری، ئێستا تا ڕاددەیەکی زۆر ئەو ئاستەنگانە نەماون، بۆیە دوای نەمانی کۆرۆنا دەستم بە کارەکانم کردووە و بەپێی توانا هەوڵ دەدەم لەو ڕووەوە بەردەوام بم لێرەشدا پێویستە سوپاسی چەند کەسێک بکەم کە یارمەتییان داوم لەوانە دەرهێنەری هێژا ڕێناس میران کە زۆر هاوکارم بووە.بەڵێنیش دەدەم کە بەردەوام بم لە پێشکەش کردنی کاری نوێ و هیوادارم بە دڵی جەماوەر بێت، چونکە خزمەتکردنی جەماوەر و هونەر و کەلتووری کوردی ئامانجی سەرەکیی منە.

Top