سیپان شێروانی ئەندامی لێژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:     تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی بەبێ مشتومڕ نابێت، بەڵام دەبێت یاساكە ڕەنگدانەوەی فیدڕاڵییەت و دەستووری عێراق بێت

سیپان شێروانی  ئەندامی لێژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:        تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی بەبێ مشتومڕ نابێت، بەڵام دەبێت یاساكە ڕەنگدانەوەی فیدڕاڵییەت و دەستووری عێراق بێت

 

 

 

هۆكاری سەرەكیی كێشەكانی چەندین ساڵەی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر بۆ نەبوونی یاسایی نەوت و غاز دەگەڕێتەوە، هەروەها نەبوونی یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی وای كردووە كێشەكانی عێراق زیاتر دەربكەوێت و لە جێبەجێكردنی دەستووریشدا زۆرینە و كەمینە و بیری تەسكی تائیفی و مەزهەبی ڕۆڵی خۆی دەبینێت، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسی دیكە، ئەو دیمانەیەمان لەگەڵ سیپان شێروانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا، بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

* ئێستا چاوەڕێی وەرزێكی تەشریعیی تازەی پەرلەمانی عێراق دەكرێت، لەم وەرزەدا چاوەڕێ دەكرێت یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی یەكێك بێت لە پرۆسەكانی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق، ئەم یاسایەش وەك باس دەكرێت، ڕەشنووسەكەی تەواو بووە و لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان، بە ڕای ئێوە ئایا ئەم ڕەشنووسی یاسایە وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت، یان ئەمیش وەك پڕۆژە یاسای بودجە گۆڕانكاری تێدا دەكرێت؟

- بابەتی یاسای نەوت و غاز زۆر هەستیار و گرنگە و ئێمە لەو باوڕەداین نەبوونی ئەم یاسایە هۆكاری سەرجەم كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقە، واتە بە شێوەیەكی گشتی نەبوونی ئەو یاساییە هەم زیانی لە فیدڕاڵییەت داوە لە عێراق، هەم جۆرێك لێكدابڕان و كێشەی قووڵی لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست كردووە، لە هەمان كاتدا بە بەربەستی فرۆشتنی نەوتی كوردستان دادەنرێت، كاریگەریی نەرێنیشی لەسەر داهاتی عێراق بەتایبەتی داهاتە نەوتییەكانی هەبووە، لە ڕاستیدا دەرچوواندنی ئەم یاسایە بێ مشتومڕ نابێت، بەڵام ئێمە پێداگری دەكەین لەسەر ئەوەی كە ئەم یاسایە بە چەشنێك دەربچێت و دابڕێژدرێت كە ڕەنگدانەوەی فیدڕاڵییەت و دەستووری عێراق بێت، بە دڵنیاییەوە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ دەرچوواندنی ئەم یاسایە، چونكە داكۆكیكاری سەرسەختی دەرچوونی ئەو یاسایە تەنیا كوردە و بەپێی كارنامەی حكومەتیش دەبێت لە ماوەی شەش مانگی دەستبەكاربوونی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی، یاسەكە دەربچووبایە، بەو پێیەش دەرچوونی یاساكە دواكەوتووە، لەبەر ئەوەی بارودۆخەكە هەستیار بوو، ئەولەوییەتیش بۆ دەرچوونی یاسای بودجە بوو، بەڵام ئێستا كات و دەرفەتی ئەوەیە یاسای نەوت و غاز دەربچێت و لەوە زیاتر دوانەكەوێت.

* بەپێی ئەو مەنهەجە وزارییەی محەمەد شیاع سوودانی لە پەرلەمان پێشكەشی كرد، بێجگە لە یاسای نەوت و غاز، پێویستمان بە یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵییش هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەی هیچ دەوڵەتێك بە كردەیی نابێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی تا ئەو ئەنجومەنەی نەبێت، ئایا تاچەند كار بۆ داڕشتنی ڕەشنووسی یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی كراوە‌؟

- یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی هەر وەك یاسای نەوت و غاز زۆر گرنگ و پێویستە و ئەوە (20) ساڵ بەسەر هاتنەئارای عێراقی فیدڕاڵیدا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا ئەنجومەنی فیدڕاڵی دانەمەزراوە، هەروەك لە پرسیارەكەی ئێوەشدا ئاماژی پێ كراوە، هیچ دەوڵەتێك بە كردەیی نابێتە فیدڕاڵی تا ئەنجومەنی فیدڕاڵی دانەمەزرێت، نەبوونی ئەو ئەنجومەنە هۆكارێكی سەرەكیی ئەوە بووە كە هەمیشە بە زۆرینە ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان و بە بێ لەبەرچاوگرتنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەردەچێت. ئێمە لە سەرەتای پێكهێنانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتدا پێداگریمان لەسەر ئەوە كردووە كە ئەنجومەنی فیدڕاڵی یەكێك لەو كار و یاسایانە بێت كە دەبێت لەو خولەی پەرلەماندا دەربچێت، دواتر ئێمە نەك هەر لەم خولەی پەرلەماندا، بەڵكو لە هەموو خولەكاندا هەوڵی جددیمان داوە و لەم خولەشدا بە جددییەتێكی زیاترەوە كاری بۆ دەكەین، هەر بۆیە پێویستە چیتر كات بەفیڕۆ نەدرێت و دەبێت یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی دەربچێت.

* لایەنێكی دیكە كە زۆر گرنگە لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا هەبێت، بوونی (دادگای باڵای فیدڕاڵی)یە بەپێی دەستوور، ئەو دادگا فیدڕاڵییەی ئێستا لە عێراقدا هەیە، بەپێی دەستوور دانەنراوە و یاسای لە پەرلەمانەوە بۆ دەرنەچووە، ئایا پەرلەمانی عێراق یاسایەك بۆ دادگای فیدڕاڵی دادەڕێژێت بۆ ئەوەی بە كردەیی ئەم دادگایە ببێتە دادگای باڵای فیدڕاڵیی دەوڵەتی عێراق؟

- ئەو دادگایەی لە ئارادایە بە ناو دادگای باڵای فیدڕاڵییە دەستووریی نییە، ئەمەش لە كاتێكدا ئەركیشی پاراستنی دەستوورە، دادگایەك كە بە پێی دەستوور دروست نەبووبێت، چۆن دەتوانێت دەستووری ئەو وڵاتە بپارێزیت؟ لە ڕاستیدا ئەمە پرسێكە بەتایبەتی لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەراندا كارمان لەسەر كردووە و ڕەشنووسی یاساكە ئامادە كراوە و پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەرانیش كراوە، كار لەسەر ئەوە دەكەین لە گەڵ ئیدارەی دەوڵەت و هاوپەیمانانمان لە عێراق پابەند بن بەو بەڵێنەی خۆیان، ئەوەش لە مەنهەجی وزاریدا هەیە، هەر بۆیە ئەگەر ئەو یاسایە دوا بخرێت و یاری بە كات بكرێت، ئەوە دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران كاردانەوەی هەبێت و لێپێچینەوە لە حكومەت بكات لەسەر دواكەوتنی پێشكەشكردنی ئەو یاسایە، یان لە ئیدارەی دەوڵەت ئەو بابەتە دووبارە بوورووژێنرێت و هاوپەیمانەكانمان لەسەری بێنینە سەر خەت، تاوەكو ئەو بابەت و یاسایە لە كات و ماوەی خۆیدا پەسند بكرێت و دەربچێت.

* لایەنێكی دیكەی ڕێككەوتنی مەنهەجی وەزاریی حكومەتەكەی سوودانی كە ئێوە دەنگتان پێ داوە، پرسی كاراكردنەوەی لێژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 بوو، بەڵام لەو ماوەیەی حكومەتەكەی سوودانی دەستبەكار بووە، هەتا ئێستا پرۆسەی بە عەرەبكردن و دەستگرتن بەسەر زەویی جووتیارانی كورد و توركماندا زیادی كردووە، ئایا بۆ ئەمە ئێوە وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان چ ڕۆڵێكتان دەبێت؟

- ماددەی 140 بابەتێكی زۆر گرنگە و جێبەجێكردنەكەشی زۆر دوا كەوتووە، كە ئاشكرایە ئەم ماددەییە پەیوەستە بە چارەسەركردنی پرسی تەعریبكردنی خاكی كوردستان و كێشەی جووتیارانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و، پەیوەستە بە ئەنجومەنی فیدڕاڵی و دادگای باڵای فیدڕاڵی، دەبێت ئێمە دڵنیا بین لەوەی هەموو ئەو بابەت و یاسایانە بە یەكەوە بەستراون و تەواوكاری یەكترن و كاریگەرییان لەسەر یەكتر هەیە، ئێستا دادگایەكی باڵای فیدڕاڵی نییە كە بتوانیت سكاڵا لەسەر لایەنی ئیداری، یان سەربازیی ئەو ناوچانە بكەیت كە سەرقاڵی سیاسەتی تەعریبكردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن. هەروەها ئەگەر لێژنەی ماددەی 140 كاراش بكرێتەوە، بۆی هەیە ئەو هەموو دەسەڵاتەی نەبێت، هەرچەندە ئێستا خەریكن و بەڕێز هادی عامری سەرۆكایەتیی لێژنەكە دەكات و چەند بڕیارێكیشی دەركردووە و كاریگەریشی لەسەر بارودۆخەكە هەبووە. بەڵام من پێم وایە ئەگەر دادگایەكی باڵای فیدڕاڵی و جێبەجێكاری دەستوور لە ئارادا نەبێت، ئەوە ناتوانرێت لە ڕێگای پەیوەندی و فشاری سیاسییەوە ئەو یاسایانە جێبەجێ بكرێن، لەبەر ئەوە ئێمە پێویستمان بە وڵاتێكی دامەزراوەیی و مەدەنی هەیە كە دوور بێت لە نەتەوەپەرستی و مەزهەبگەرایی و تایفەگەری، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بە هۆی نەبوونی دادگای باڵای فیدڕاڵی و ئەنجومەنی فیدڕاڵییەوە، ئەو وڵاتە بە ئاراستەیەكی ڕەگەزپەرستی و مەزهەبی و تائیفیدا دەڕوات، كە شوێنەوارەكانیشی زۆر بە ئاشكرا دیارن.

* پرسێكی دیكە پرسی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگالە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیدا بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئایا ئێوە وەك پەرلەمانی عێراق دەتوانن چاودێریی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە بكەن، یان ئەگەر جێبەجێ نەكرا، سەرۆك وەزیران بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی پەرلەمان بكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەشێكە لە مەنهەجی وەزاریی ئەم حكومەتە و پەرلەمان پەسەندی كردووە؟

- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە ئەم بابەتە لە نێو مەنهەجی وزاریدایە و ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەنگی بۆ داوە، ئەمە بابەتێكە لە نێو ڕێككەوتنی نێوان لایەنی كوردی و عێراقیدا بۆ پێكهێنانی حكومەت و پرسێكی نێودەوڵەتییشە و، تەنیا بابەتێكی نێوخۆیی نییە، لەلایەكی دیكەوە جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنی شنگاڵ كاریگەرییەكی زۆر نەرێنی لەسەر سەروەریی عێراق و هاووڵاتیانی مەدەنی و ژیانی ڕۆژانە هەبووە و بگرە كاریگەری لەسەر ئیدارەی دەڤەرەكەش هەبووە، ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی ڕێككەوتنی شنگاڵ هیچ بەدیلێكی نییە و كاریگەرییەكانیشی نێودەوڵەتین و ڕێككەوتنەكە پشتگیریی نێودەوڵەتیشی لەگەڵە، كە ناكرێت بەشێك لە سنوور و خاكی عێراق و ناوچەیەكی كوردستانیی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە ژێر دەستی كۆمەڵێك گرووپی چەكداردا بێت، كە عێراقی نین و فەرمان لە دەرەوەی عێراق وەردەگرن و بوونەتە مایەی ڕاگرتنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵكی ئەو ناوچانە، هەرچەندە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە زۆر دوا كەوتووە، بەڵام هەر دەبێت ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرێت و (یوئێن) دەستێوەردان بكات و فشار بخاتە سەر حكومەتی عێراقی بۆ ئەوەی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكات و لەوە زیاتر دوانەكەوێت، تاوەكو خەڵكی شنگال و ناوچەكە بگەڕێنەوە و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بكەنەوە.

* لایەنێكی دیكە شێوازی جێبەجێكردنی یاسای بودجەیە كە بۆ سێ ساڵ پەرلەمان پەسەندی كردووە، ئایا ئێوە وەك پەرلەمانی عێراق دەتوانن چاودێریی شێوازی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە بكەن كە خۆتان دەنگتان پێ داوە و پەسەندتان كردووە؟ ئەگەر وەك خۆی جێبەجی نەكرا، هەڵوێستتان چی دەبێت؟

- ئێمە وەك چۆن لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆڵ و كاریگەریمان لە دەرچوونی یاسای بودجەدا هەبووە، بە هەمان شێوە چاودێریی جێبەجێكردنی بڕگە بە بڕگە و ماددە بە ماددەی یاساكە دەكەین، ئەگەرچی كێشە و بەربەست بۆ بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت و، ئێمەش بە ژمارەی كورسی لە عێراق كەمینەین، واقیعەكە ئەوەیە لایەنەكانی دیكە بەتایبەت لایەنی شیعە زۆرینەن، بۆیە هیچ یاساییەك پەسەند ناكرێت بەبێ ئەوان، لێرەدا جارێكی دیكە دەگەڕێینەوە بۆ كاریگەرییە نەرێنییەكانی نەبوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵی بەسەر هەرێمێكی فیدڕاڵیی وەك هەرێمی كوردستانەوە، هەر بۆیە دەبێت لایەنە كوردییەكان لەو بابەتەدا زۆر بە جددی كار بكەن و بیر لە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان بكەنەوە و بە یەكەوە فشار بخەنەسەر لایەنەكانی دیكەی عێراق، بۆ ئەوەی یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی لە عێراق بەپێی دەستوور دەربچێت.

Top