وردە پلاستیك لە هەموو شوێنێكە و زیانی تەندروستی هەیە
گەلێك داتای پزیشكی ئاماژە بەوە دەكەن ڕۆژانە لە ڕێگەی خواردن و خواردنەوە و هەناسەوەرگرتندا پارچە پلاستیكی ورد دەگەنە لەشمان، كە كاریگەریی نەرێنی دەكەنە سەر بایۆلۆژیی لەش، بۆنموونە جینەكان، خانەكان، لەگەڵ ئەندامەكانی لەش. ئاماژە بەمەش كراوە كە گۆڕانی كەشوهەوا هاندەرە بۆ گەیشتنی ڕێژەی زیاتری مایكرۆپلاستیك بە ڕووی زەوی و ئاو و هەوا، واتە پیسبوونی ژینگە بە وردە پلاستیك. چەند نموونەیەكی سەرچاوەی وردە پلاستیك كە لە ڕێگەی دەم و هەناسەوە دەگەنە لەشی مرۆڤ وەك: زبڵ و خاشاك، گەرد و تۆز، قوماش، ئاوێتەكانی جوانكاری، ماددە پاككەرەوەكان، باران، خۆراكی دەریایی، پیشەسازیی پلاستیك، تەنانەت خوێی چێشت. لە چەند لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە وردە پلاستیك لە لەشی مرۆڤدا دەستنیشان كراون، بۆنموونە لە خوێن، لیكی دەم، جگەر، گورچیلە، هەروەها شیری دایك و ویڵاش لە ئافرەتی دووگیاندا. پسپۆرانی تەندروستی زیاتر نیگەرانن سەبارەت بەو وردە پلاستیكانەی كە قەبارەیان لە یەك مایكرۆمەتر بچووكترە كە بە نانۆپلاستیك Nanoplastics ناسراون، چونكە توانای چوونە ناو خانەكانی لەشیان هەیە و لەوانەیە بگەنە ناوكی خانەكان و DNA تێك بدەن و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد بكەن. ئەمەش سەلمێنراوە كە وردەپلاستیك بە ئاسانی دەگەنە زنجیرەی خۆراك، لەوانەیە كە ئەگەری نەزۆكی و گرفت لە كۆئەندامی دەماردا زیاد بكەن.