سودەكانی غەرغـــەرە بە زەیت
غەرەغەرەی زەیت Oil pulling بریتییە لە غەرغەرەكردن بە زەیتی خواردن، بەتایبەتی زەیتی گوێزی هیندی یان زەیتی كونجی كە سیفەتی دژەبەكتریا و دژەهەوكردنیان هەیە. بە ڕای پسپۆرانی تەندروستی، غەرغەرەی زەیت هەنگاوێكە بۆ پاراستنی تەندروستیی پوك و ددانەكان، بۆنموونە هاندەرە بۆ ددانی بەڕەونەقتر و پوكی تەندروستتر، ڕێگرتن لە كلۆربوونی ددانەكان، پاككردنەوەی وەرگرەكانی چێژكردن و گیرفانەكانی لووت، ڕێگرتن لە بۆنی ناخۆشیی دەم و باشتركردنی هەستی بۆنكردن، هەروەها خۆپاراستن لە سەرئێشە، سووككردنی هەستەوەری، لەگەڵ هاندانی خەوێكی ئارام. توێژینەوەكان ئاماژەیان بەمە كردووە كە غەرغەرەی زەیت هاندەرە بۆ كەمكردنەوەی بەكتریای زیانبەخشی ناو لیك، كە هۆكارە بۆ هەوكردنی پوك و دروستبوونی قەتماخی سەر ددان Plaque و بۆنی ناخۆشی هەناسە. بە ڕای پسپۆران غەرغەرەی زەیت ڕۆژانە جارێك بەسە لەكاتی بەیانیاندا بە هێشتنەوە كەوچكێكی گەورەی زەیت لەناو دەم و غەرغەرەكردن بۆ ماوەی 10-20 خولەك، ئینجا شووشتنی دەم بە ئاو، پاشان شووشتنی ڕۆتینی ددان بەفڵچە و مەعجون.