ئاوڕەنگی فەرەیدوونی

ئاوڕەنگی فەرەیدوونی

سەرەتای ئاشنا بوونم بە فەرەیدوون هاوار، لە چایخانەی مەچكۆی دامەنی قەڵای هەولێرەوە بوو. ساڵانی نەوەدی سەدەی بیستەم بوو، دوو سێ تابلۆ پۆرترێتی شاعیرانی مەزنی كورد، لە نێو مەچكۆدا هەڵواسرا بوون. هێندە جوان و دڵگیر، بە ڕۆن ڕەنگ و تەكنیكی بەرز و باش كێشرا بوون، لە دوورەوە سەرنجی مرۆڤیان ڕادەكێشا. پرسیم ئاخۆ دەست و پەنجەی كێ ئەم تابلۆیانەی كێشاوە؟ گوتیان كوڕە ئاوارەیەكی كەركووكییە، هوتێلێكی نزیكی قەڵای هەولێری كردووەتە هەوارگەی خۆی.

ئاوڕەنگی فەرەیدوونی

ئامادەكردنی/تاریق كارێزی

فەرەیدوون، ئاشق و شەیدای هونەری نیگارە، هێندە كار و ئەزموونی خۆی بە قووڵدا بردووە، فڵچە لە نێو دەست و پەنجەیدا سەما دەكات، ڕەنگ بەدەم هاتنە دەستی ئەوەوە پێدەكەنێت. ئەو لە ڕۆن ڕەنگ و ئاوڕەنگدا كارامەیە، بە هەر كام لەم دوو چەشنە ڕەنگ نیگار بكات، تابلۆی جوان بە تەكنیكی باڵا دێنێتە بەرهەم. لە ئاوڕەنگدا خەریكە دەبێتە خاوەن ڕچەیەكی تایبەت. جوگرافیای كار كردن و هونەرستانی، ژینگەی ناوەندی هەردوو شاری هەولێر و كەركووكە، بڕێ جاریش نیگا دەخاتە سەر دیمەنی گوندەواری وڵاتەوە.

ئاوڕەنگی فەرەیدوونی

ئاوڕەنگ هونەرمەندی تەڕدەستی دەوێت، خەیاڵ مەندی تەژی لە وێنە، گورج و گۆڵ لە فڵچە وەشاندنی گەرەكە. تەڕدەستی و خەیاڵ مەندی و گورج و گۆڵی بۆ فەرەیدوون بەردەستن. لە شرۆڤە كردنی تەكنیكی تابلۆكانیدا، بینەر و ڕەخنەگر بەو ئاكامە دەگەن، كە ئەوان لە ئاست بەرهەمی هونەرمەندێكی نائاسایی وەستاون، بەڵام ئەو (فەرەیدوون) هەر بەوەندە نەوەستاوە، ئەو بڕستی بەردەستی خۆی، هەردەم لە مانۆری نوێدا تاو دەدات، سڵ لە نواندن و بەرجەستە كردنی هیچ شنەیەكی نێو خەیاڵدانی خۆی ناكاتەوە، مانۆر دەكات و باكی لە دەرەنجامەكەی نییە. جڵەو بۆ حەزی هونەر شل دەكات، هێندەش سادە خۆ دەنوێنێت، پێی وایە میچی هونەری باڵا بۆ ئەو هێشتا زۆری ماوە.

ئاوڕەنگی فەرەیدوونی

بەدەم شرۆڤەیەكی هونەرییەوە، گرنگە ئاشكرا بڵێین، ئەم هونەرمەندە سوارچاكێكی چەلەنگی دنیای هونەری نیگارە. ئەزموونخواز و فرە بەرهەمە، لە دەروازەیەكی گەورەی هونەرەوە وە ژوور كەوتووە، لە نێو گوڵشەنی نیگاردا بووە بە گەشتیاری جوانی، شوێن و كات (بە دەمیانەوە ڕووداویش) بە زمانی ستاتیكا بەڵگەدار دەكات. ورد بوونەوە لە تەكنیكی كار كردنی، دەری دەخات كە لە بەكار هێنانی ئاوڕەنگدا باڵادەستە. خۆی لە چڕە بابەتێكی وەك دیمەنی پاركی شار لە ناوەندی شاری هەولێر، بەو هەموو وردەكارییەی نێوییەوە، نابوێرێت، هەر لەبەر ئەوەی دیمەنەكە سەرنجی ڕاكێشاوە، ڕوانگەی تابلۆ ئاوڕەنگەكەی تا بەژنی بازاڕی نیشتیمان بردووە. ئەو دیمەنە فراوانە بەو هەموو فیگەر و وردەكارییەوە، بۆ تابلۆیەكی ئاوڕەنگ، مانۆرێكی یەكجار قورسە، فەرەیدوون دەرەقەتی هاتووە و بینەر بە جوگرافیای شوێن و دابەش بوونی فیگەر و شەبەنگی ڕەنگەكەی ئاشنا دەكات. كاتێك وێنەی شوان و بەرخەوانێك دەكێشێت، سێبەری ئاژەڵ و تۆز و گەردی بەرەو ئاسمان هەڵكشاوی، بەر پێی بەرخەل و ڕانە مەڕەشی نیشان داوە، ئەم كارە بە ڕۆن ڕەنگ كردەنییە، بەڵام بە ئاوڕەنگ بە ئەستەمدا دەكەوێت، مەگەر دەست و پەنجەی كارامەی فەرەیدوونی نەبێت.

Top