كەریم سلێمان بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ گوڵان: كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرچەرخانی لە كەرتی پەلەوەر و ساخكردنەوەی بەرهەمی جووتیاراندا دروست كرد
وێڕای ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم گەشەكردنی كشتوكاڵ هەر لە قەیرانی دارایی و وشكەساڵییەوە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی لە بواری دابینكردنی ئاسایشی ئاو و بونیادتنانی بەنداوەكان و زیادكردنی بەرهەمی پەلەوەر و كۆتاییهاتن بە كێشەی گەنمی جووتیاراندا هەنگاوی گەورە بنێت، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ كەریم سلێمان بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان سازدا، لێرەدا دەقی وەڵامەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بایەخێكی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ درا، گرنگترین هەنگاو ئەوە بوو سەرۆكی حكومەت فەرمانی كرد كە دەیان سایلۆ و كارگەی پیشەسازی بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دروست بكرێن، بۆ ئەوەی گەنمی جووتیاران بكڕدرێتەوە و چیتر چاوەڕێی بەغدا نەكەن گەنمەكانیان لێ بكڕنەوە، ئایا ئەم هەنگاوەی سەرۆكی حكومەت تا چەند خزمەتی ئاسایشی خۆراك و هاندانی برا جووتیارەكانی كردووە؟
- دروستكردنی سایلۆ لە پارێزگاكانی هەرێمدا كارێكی گرنگ و ستراتیژی بوو بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیاران و پەرەپێدانی كەرتی چاندنی گەنم و جۆ، هەرچی ئەو گەنمەی بەرهەم دێت، دەدرێتە سایلۆكان و پرۆسەكە بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقی فیدڕاڵەوە بەستراوەتەوە، ئەگەرچی بۆ ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق كێشەیەكی بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان دروست كرد، بەوەی نادادپەروەری لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كوردی لە پارێزگاكانی هەرێم لەگەڵ جووتیارانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق كرد، لە هەموو پارێزگاكانی عێراق وەرگرتنی گەنمەكە بووە (ڤری)، واتە ئەو گەنمەی لە پارێزگاكان هاتووتە بەرهەمهێنان لە 100%ی لە جووتیارانیان وەربگرن، تەنیا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان نەبێت، لە سەرەتادا بڕیار درا تەنیا (200) هەزار تەن گەنم وەربگیرێت، بەڵام شاندێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بۆ زیاتركردنی ئەو ڕێژەیە پاش هەوڵێكی زۆر توانرا ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بكرێتە 275 هەزار تەن، لە پاشان دەنگی خۆمان گەیاندە ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كوردستان هێشتا زیاتر بكرێت، جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە ڕێگای دكتۆر فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراقی فیدڕاڵ و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە توانی ڕێژە و بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بگەیەنێتە (500) هەزار تەن، هەر چەندە بەرهەمهێنانی گەنمی جووتیارانی ئێمە لە ئەمساڵدا لە (500) هەزار تەن زیاترە و زۆرجار جووتیارانی ئێمە گلەیی لەوە دەكەن كە پێویستە بڕی گەنمی بەرهەمهاتوویان لە سایلۆكان وەربگیرێت، هەر بۆیە ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەم بۆ هاندان و پاڵپشتی جووتیارانی كوردستان و بەرەوپێشەوەچوونی چاندن و كەرتی كشتوكاڵ، بەتایبەتی دانەوێڵە، بڕیاری دا لە چەندین شوێنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان چەندین سایلۆ دروست بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو گەنمەی زیاترە لەو سایلۆیانەی هەرێمی كوردستان وەربگیرێن، بەڵام ئەو سایلۆیانەی كە لە هەرێمی كوردستان دروست كراون، سەر بە كۆمپانیای كەرتی تایبەتن و ئەوانیش چەندین كێشەیان هەیە، بەتایبەت لەوەدا كە دەبێت ئەو گەنمەی وەری دەگرن بە نرخی دانراوی حكومەتی عێراقی بێت كە نرخەكەی بۆ هەر تەنێك (850) هەزار دینار بێت، كە ئەو نرخە پاڵپشتییەكی گەورە و بەهێزە بۆ جووتیارانی كوردستان و ئەو نرخە زیاترە لە نرخی ستانداردی بۆرسەی جیهانی، ئەو نرخە بۆ جووتیارانی ئێمە زۆر باشە و قەرەبووكردنەوەیانە لە بەرزبوونەوەی نرخی گاز و بەكارهێنانی پەیینی كیمیاوی و پێداویستیی دیكەی چاندن، بە شێوەیەكی گشتی سایلۆكان كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دروست كران، لەگەڵ كارگەكانی دانەوێڵە بنەمای سەرەكیی گەشەكردنی كەرتی كشتوكاڵ و بەهێزبوونی ئاسایشی خۆراكە لە هەرێمی كوردستان، ئەو سایلۆیانەی بە بڕیاری جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە كابینەی نۆیەم دروست كراون، لەگەڵ چەندین كارگەی دانەوێڵەی ستراتیژی جگە لەوەی هاندان و پاڵپشتییەكی گەورە و بەهێزە بۆ جووتیارانی كوردستان، هاوكات هۆكاری سەرەكیی گەشەكردنی كەرتی كشتوكاڵە و بنەما و هۆكارێكی بەهێزی پاراستنی ئاسایشی خۆراكە بۆ هەرێمی كوردستان .
* هەر لە بواری ساخكردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی كوردستان، سەرۆكی حكومەت بە شەخسی هەوڵی داوە كە بازاڕ بۆ بەرهەمەكانیان بدۆزێتەوە و ساڵی پار هەناری هەڵەبجە گەیشتە بازاڕەكانی كەنداو، هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی بازاڕ لە ئەوروپا و وڵاتانی دیكەش بەردەوامە، ئایا تا چەند ئەم هەنگاوە هاندەر بووە بۆ ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ جارێكی دیكە ببووژێتەوە و ببێتە سەرچاوەی كار بۆ هاووڵاتیان؟
- بەبازاڕكردنی بەرهەمی جووتیاران گرنگترین داخوازی و خواستی جووتیارانە، ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم ڕوانگەیەوە لە نێوخۆی هەرێم و لە سەردانەكانیدا بۆ وڵاتان هەوڵی زۆری دا، بەتایبەتی لە وڵاتی ئیمارات و بۆ یەكەمینجار هەناری هەڵەبجە لە بازاڕەكانی عەرەبی فرۆشرا و بازاڕی بۆ دۆزییەوە، ئەمە بووە هۆكارێك بۆ هاندانی جووتیاران و پاڵپشتییەكی زۆر بەهێز بوو بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر و جۆری باشتر لە بەرهەمی هەنار و بەرهەمی دیكەی چاندن لە هەرێمی كوردستاندا، پلانی ڕێزدار سەرۆكی حكومەت و وەزارەتی ئێمە ئەوەیە نەك تەنیا هەنار، بەڵكو بازاڕ بۆ ساخكردنەوەی (هەنگوین و ترێ و سێو)ی كوردستان بدۆزرێتەوە، كە ئەو دۆزینەوەی بازاڕ و بە جیهانیكردنی بەرهەمەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوەوە، هەنگاوێكی دیار و گرنگە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان كەرتی كشتوكاڵ بەرەوپێشەوە ببات و ئەو كەرتە ببێتە سەرچاوەیەكی دیكەی داهاتی كوردستان.
* لە بواری سامانی ئاژەڵی و پەلەوەریشدا گەشەپێدانی گەورە هاتووەتە ئاراوە، ئایا لەم بوارەدا گەیشتووینەتە خۆبژێوی و ئایا تا چەند بەرهەمی ئاژەڵی و پەلەوەری و هێلكە بۆ بازاڕی پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەنێرن؟
- لە ئێستادا سەرقاڵی پەیداكردنی ئامارێكی دروست و 100%ی سامانی ئاژەڵی و پەلەوەرین، چونكە ئەو ئامار و زانیارییانەی لە بەردەستمانە زۆر ورد نییە، بەڵام هەموو نیشانە و داتاكانی دیكە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن كە هەرێمی كوردستان لە كەرتی گۆشت و پەلەوەردا گەشەی باشی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی لە گۆشتی پەلەوەر و هێلكەدا گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی، بگرە لە گۆشتی فرێشی پەلەرەوەردا دەتوانین بۆ شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش بنێرین، چەندین كێڵگەی بەرهەمهێنانی پەرلەوەر لە هەرێمدا سەربڕخانەی خۆیان هەیە و هەڵدەستن بە ئامادەكردنی گۆشتێكی جوان و فرێشی پەلەوەران، هاوكات لە بەرهەمهێنانی هێلكەشدا هەنگاوی زۆر باش نراوە و نزیكبووینەتەوە لە ئیكتیفای ناوخۆیی، بەتەواوكردنی چەندین پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیی پەلەوەر، بەتایبەت بۆ بەرهەمهێنانی هێلكە كە ئێستا لەژێر جێبەجێكردندان جگە لە بەشی ناوخۆ، ئەوە زیاتریش دەبێت بۆ ئەوەی هەناردە بكرێت، بەتایبەت بۆ شارەكانی عێراقی فیدڕاڵ.
* ئێستا لە كوردستان بە سەدان پڕۆژەی پەروەردەكردنی ماسی دامەزراوان و وەبەرهێنانیان تێدا كراوە، ئایا لەسەر ئاستی سامانی ماسی پێداویستیی ناوخۆیی پڕدەكاتەوە؟ ئایا بە نیاز نین پەروەردەكردنی ماسی فراوان بكەن؟
- گرنگترین پڕۆژەی بەخێوكردنی ماسی لەژێر جێبەجێكردندایە لە سنووری پارێزگای دهۆك كە دانانی قەفەس و حەوزە لەسەر بەنداوی مووسڵ بەو دیوەی كە سنووری هەرێمی كوردستانە و، دەیان پڕۆژەی دیكەی بەخێوكردنی ماسی لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەرنامە و هەنگاوی زۆریش بۆ ئەو كار و پڕۆژەیە لەلایەن حكومەت و هاووڵاتیانی كوردستان دانراوە، كە بە هەموو ئەو پڕۆژانەوە لە بەرهەمهێنان و بەخێوكردنی ماسیدا بووینەتە خاوەنی بەرهەمێكی باشی ماسی، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئیكتیفای زاتی بۆ هەرێمی كوردستان.
* لەسەر ئاستی پیشەسازیی سامانی ئاژەڵی، وەبەرهێنان كەمە و كارگەی پێویست بۆ گۆشت و شیرەمەنی دانەمەزراوە، ئایا هۆكاری نەبوونی ئەم جۆرە وەبەرهێنانە چییە كە كەمن و وەبەرهێن بیری لێ ناكاتەوە؟
- لەو ماوە كورتەی كابینەی نۆیەمدا هەنگاوی دیار و پێشكەوتوو نراوە بۆ دروستكردن و بنیادنانی كارگەی پیشەسازیی ستراتیژی، بەتایبەت كارگەی شیرەمەنی و قوتووبەندی، چەندین بەرهەمی شیر لەوانە ماوەیەك لەمەوپێش پڕۆژەی پیشەسازیی كارگەی شیرەمەنیی زوم لە ناوچە و قەزای میرگەسۆر و پڕۆژەی ڕامی فۆرم لە ناوچەی گەلی باڵندە كە هەردوو پڕۆژە نموونەیی و ستراتیژین و پڕۆژەی تەواون و كرانەوە، هەر لە كارگەی دابینكردنی ئالیك تا دەگاتە بەرهەمهێنانی شیرو قووتوبەندی و ماست و پێكهاتەكانی دیكەی شیریان تێدایە و كەوتوونەتە كاركردن و بەرهەمهێنان.
* لایەنێكی دیكەی گرنگ لە وەزارەتی كشتوكاڵ سەرچاوەكانی ئاوە، لەم بوارەشدا كابینەی نۆیەم چەندین بەنداوی دروست كردووە، لە بەرنامەیدا هەیە چەندینی دیكەش دروست بكات، ئایا ئەو بەنداوانەی تا ئێستا كاریان تێدا دەكرێت كامانەن و ئەوانەشی لە بەرنامەدان كەی دەستیان پێ دەكرێت؟
- هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی كارنامەی كابینەی نۆیەمدا ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تایبەتمەندییەكی زۆر و گرنگی بە ئاسایش ئاو و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی داوە، بەرنامە و پلانی حكومەتی كوردستان ئەوەیە باشترین ئیدارە پەیڕەو بكرێت بۆ ئیدارەدانی ئاو، لەو ئیدارەدانەدا كار و پڕۆژەی دروستكردنی چەندین بەنداو و پۆنت خراوەتە پلان و چەندین پۆنت لە ناوچەی جیاجیای هەرێمی كوردستان هەر لە هەڵەبجە تا دەگاتە گەرمیان و قەڵادزێ و هەولێر و دهۆك و زاخۆ دروست كراون، چەند بەنداوی گەورە و ستراتیژی جێبەجێ كراون، هەر بۆ نموونە چەند هەفتەیەك پێش ئێستا جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی بەنداوی بەستۆرەی دانا، كە جگە لەوەی ئاوی ژێرزەوی دەپارێزێت و زیادی دەكات، سوودێكی گەورەشی بۆ كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان دەبێت، پێش ئێستاكەش بۆ بەنداوی گۆمەسپان و بە هەوڵ و گفتوگۆی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ئێمە لەگەڵ حكومەتی عێراق، كە چەند بەنداوێكی ستراتیژی لە ناوچە و دەڤەر و پارێزگای جیاجیای هەرێم دروست بكەن، لەو كابینەیەدا بووینەتە خاوەنی پڕۆژەی بەنداوی مەنداوە لەسەر زێی گەورە و بەنداوی باكرمان لەسەر ڕووباری خازر لە دەڤەری شێخان و ئاكرێ، هەروەها بەنداوی دێلگە لەسەر زێی بچووك لە دەڤەری قەڵادزێ دروست دەكرێت، لە ساڵی ڕابردووی ئەو كابینەیەدا هەندێ بەنداو تەواو بوون، وەك بەنداوی خنس و بەنداوێكی دیكە لەلای بەنداوی دێوانە لە گەرمیان و چەندین بەنداوی دیكە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و پارستنی ئاوی ژێرزەوی لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمدا بوون، بە هەموو ئەوانە قۆناغێكی گرنك و گەورە دەهاوێن لە پاراستن و ئاسایشی ئاو بۆ هەرێمی كوردستان.