نەرمین شەعبان بەڕێوەبەری ماڵی ئارامی: بە بێ جیاوازیی ناوچەیی و ئایین و مەزهەب، هەر كەسێك بێ سەرپەرشت بێت و جێگەی مانەوەی نەبێت، وەری دەگرین

نەرمین شەعبان بەڕێوەبەری ماڵی ئارامی:  بە بێ جیاوازیی ناوچەیی و ئایین و مەزهەب، هەر كەسێك بێ سەرپەرشت بێت و جێگەی مانەوەی نەبێت، وەری دەگرین

 

ڕێكخراوی ماڵی ئارامی بۆ داڵدەدانی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و كەسانی بێسەرپەرشت دامەزراوە، ڕێكخراوێكی مرۆیی و ناحكومییە و بێ بەرانبەر لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان هەموو ئەو كەسانە داڵدە دەدات، كە بێ لانە و بێ جێگەن، ئەم ڕێكخراوە لە ساڵی 2014 دامەزراوە. نەرمین شەعبان ڕەزا، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ماڵی ئارامی لەو دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باسی كار و چالاكییەكانی ماڵی ئارامی دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە پێناو مرۆڤایەتی خزمەتی ئەو توێژەی كۆمەڵگە دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

نەرمین شەعبان بەڕێوەبەری ماڵی ئارامی بەمجۆرە باس لە دامەزراندنی ڕێكخراوەكەی دەكات: «لە تەمەنی 17 ساڵییەوە ئەو كارە دەكەم، 25 ساڵ لە خانەی چاودێریی بەساڵاچووان لە كەرتی حكوومی كارم كردووە، دوای خانەنشین بوونم، هەوڵی ئەوەم دا، كە لەو چینە پەراوێزخراوەی كۆمەڵگە دانەبڕێم، چونكە ئەركێكی مرۆیی پیرۆزە، سوپاس بۆ خوا هەوڵەكەم ئەنجامێكی باشی هەبوو و بە هەموو هێز و توانایەك خزمەتیان دەكەم. لە كاتی كۆرۆناش لەناو ئەو هەموو نەخۆشە بووم، بەڵام خوای گەورە منی پاراست و تووشی كۆرۆنا نەبووم».

سەبارەت بە هاوكارییەكانیش گوتی: «سەرەتا خۆم ئەو ڕێكخراوەم دامەزراند، یەك دیناریش لە حكومەت وەرناگرم، بەڵام هەندێكجار ڕێكخراوە مرۆییەكان هاوكاریمان دەكەن، ماوەی سێ ساڵیشە ئەم بینایەمان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ دابین كراوە، هەمیشە سوپاسگوزاری حكومەتی هەرێمم كە بەردەوام هاوكاریی ماڵی ئارامی دەكەن. بەڕێزان وەزیری تەندروستی د. سامان و قایمقامی بنەسڵاوە جوان خان و شارەوانیی بنەسڵاوە و دامودەزگا حكوومییەكان زۆر هاوكارمانن، هەروەها مانگی سووری عێراقی زۆر هاوكارمانن و مانگانە دوو جار پزیشكمان بۆ دەنێرن، خێزانەكەشم لێرە زۆر هاوكارمن و نزیكەی 10 كارمەندیش خزمەتی كەسەكان دەكەن، ژمارەیەكی زۆریش كارمەندی خۆبەخشمان لە ئافرەت و پیاو هەیە، بەڵام وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی تاوەكو ئێستا یەك پەرداخ ئاویان بۆ ئێرە نەناردووە».

نەرمین شەعبان ئەوەشی خستە ڕوو، كە لەو ماڵە «جێگەی 100 كەس دەبێتەوە، بەڵام لە ئێستادا 40 كەسی تێدایە»، گوتیشی: «بە بێ جیاوازیی ناوچەیی و جیاوازیی ئایین و مەزهەب، هەر كەسێك بێ سەرپەرشت بێت و جێگەی مانەوەی نەبێت، بە خۆشحاڵییەوە وەریان دەگرین، چونكە ئێمە بۆ خزمەتی ئەوان لێرەین و بۆ پاراستنی ئەوان ئەو پڕۆژەیەمان جێبەجێ كرد».

 وەك بەڕێوەبەری ماڵی ئارامی باسی كرد، ئەوانەی لەو ماڵەدا داڵدە دراون، زۆربەیان دایك و باوكیان لە ژیاندا نەماون، هەرلەو بارەیەوە گوتی: «ئاشكرایە كە دایك و باوك لە ژیان نەمێنن، خوشك و برا و براژن ئەو جۆرە كەسانە بەخێو ناكەن، زۆربەی ئەوانەی لە ماڵی ئارامی دەژین ئافرەتن، بەشێكیان گەیشتوونەتە تەمەنێك و هاوسەرگیرییان نەكردووە، بەشێكیان بیركۆڵ و مەنگۆڵن و 13 كەسیان دایبییان بۆ دەبەسترێت، هەیە شەلەل دەماغە، هەیە جەڵتە لێی داوە، یان تووشی زەهایمەر بووە.»

سەبارەت بە مەرجەكانی وەرگرتنیش ئەو كەسانە لە ماڵی ئارامی گوتی: «بە گوێرەی تەمەنیان لە سەرووی 20 ساڵییەوە وەریان دەگرین، بەڵام ئەگەر حاڵەتێكی دەگمەن هەبێت و پێویست بكات، وەربگیرێن، لە خوار ئەو تەمەنەش وەریان دەگرین».

سەبارەت بە دۆخی ماڵەكەش گوتی: «ئێرە زیندان نییە، بەڵكو وەكو ماڵی خۆیانە و ئەوانەی لێرەن، وەكو خێزانێكی گەورە هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكتر دەكەن و لە بەڕێكردنی كاری ڕۆژانەیان هاوكار و یارمەتیدەری یەكترن. بەڵام كێشە و گرفتیشمان بووە و هەوڵمان داوە بەسەریدا زاڵ بین. كچێكی تەمەن 15 ساڵانمان لایە كەسوكارەكەی بە كۆرۆنا مردوون، كە هاتە ئێرە لە ڕووی دەروونییەوە ڕووخابوو، بەڵام ئێستا زۆر باشە، حاڵەتێكی دیكەمان هەیە، پیاوێك كچێكی هەیە دایكی نەماوە، لێرەی داناوە، باوەژنەكەی بەخێوی ناكات. حاڵەتی وامان بۆ دێت، كاتییە و چارەسەر دەبێت. زۆر جار كەسێك دەچێتە دەرەوە،بەڵام ڕێگەی ماڵەوەی بزر دەكات، ئەو كات بۆ ئەوەی لەسەر شەقام نەمێنێتەوە، بۆ ئێرەی دەنێرن. جەژنان تەلەفۆن بۆ كەسوكارەكانیان دەكەم، بێن ئەو چەند ڕۆژە بیانبەنەوە، یەكێك لەوانە كچێكە تەلەفۆنم بۆ براكەی كرد، پێی گوتم: دەتەوێ‌ ژنەكەم تەڵاق بدەم؟ بەداخەوە شەو تەلەفۆنی بۆ كردم، گوتی: نەرمین خان ژنەكەم خوشكەكەمی لە جێی پێڵاوان نواندووە. گوتم: كێشە نییە بیهێنەوە، هەر بەم شەوە هێنایانەوە».

گوتیشی: «من شەو و نیوەشەو تەلەفۆنم كراوەیە هەر كاتێك پێویست بكات لێرە دەبم، لەگەڵ هەموو بنكەكانی پۆلیسی هەولێریش هەماهەنگیمان هەیە و لە ڕێگەی ئەوانەوە كەسەكان سەردانمان دەكەن».

ئامانج لە دامەزراندنی ئەم ڕێكخراوە دروستكردنی ژینگەیەكی ئارام و لەبارە بۆ ئەو هاوڵاتییانەی بێبەشن لە زۆربەی زۆری كایەكانی ژیانی ئاسایی بە بێ ویستی خۆیان لە كۆمەڵگە دووركەوتوونەتەوە.

نەرمین شەعبان بەڕێوەبەری ماڵی ئارامی، لە كۆتایی لێدوانەكەیدا بۆ گۆڤاری گوڵان جەختی لەوە كردەوە كە «ئامانج لە كردنەوەی ماڵی ئارامی بریتی بوو لە دروستكردنی ژینگەیەكی لەبار و ئارامتر بۆ ئەو كەسانەی كە بێبەش بوون لە خۆشییەكانی ژیان و لە كۆمەڵگە دوور كەوتوونەتەوە. هەروەها ئامانجەكە دابینكردنی شوێنێكی لەبار و گونجاو بووە بۆ مانەوە و چاودێریكردنی كەسانی بێسەرپەرشت و بێلانە، هاوكات كردنەوەی خولی گەشەپێدان و هۆشیاری، بەگەڕخستن و هاندانی تواناكانیان و پاڵپشتیكردن و پێشوازیكردن لە هەر بیرۆكەیەك كە ببێتە هۆی خۆشگوزەرانی و ژیانێكی باشتر بۆ كەسەكانی داڵدەدراو لەم ماڵە و لەكاتی پێویستیدا هاوكار و تەواوكەری لایەنی پەیوەندیدار دەبین».

 

Top