خەو و تەندروستیی دڵ
خەو جگە لەوەی كە گرنگە بۆ نوێبوونەوەی ئاستی وزەی لەش، گرنگی زۆری بۆ تەندروستیی دڵ هەیە. بۆنموونە لەكاتی خەوی دروستدا پەستانی خوێن دادەبەزێنێت، بە پێچەوانەشەوە خەوی نادروست هۆكارە بۆ مانەوەی پەستانی خوێن لە ئاستی بەرزدا بۆ ماوەیەكی زیاتر، ئەمەش روونە كە پەستانی بەرزی خوێن هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و جەلتەی مێشك. لە لایەكی تر، خەوی دروست گرنگە بۆ هاندانی مانەوەی ئاستی شەكری خوێن لە سنووری ئاساییدا، واتە خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم كە ئاڵۆزی بۆ خوێنبەرەكان پەیدا دەكات و ئەگەری نەخۆشیی دڵ بەرزدەكاتەوە، هەروەها گرنگە بۆ ڕێگرتن لە زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی كە هۆكاری هاندەرن بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و شەكرەی جۆری دووەم. گرفتەكانی خەو بە تێپەڕبوونی كات زیان بە تەندروستیی دڵ دەگەیەنن، بۆ نموونە خەوزڕان و هەناسەتەنگی لەكاتی نووستندا Sleep apnea. هەناسەتەنگی لەكاتی خەودا هاندەرە بۆ تووشبوون بە: نۆرەی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جەلتەی مێشك. خەوزڕان واتە گرفت لە چوونە خەو یان گرفت لە بەردەوامبوونی خەودا كە پەیوەندییان هەیە بە ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشیی دڵ.