ئایا بەردەوام هەست بە برسیبوون دەكەیت؟

ئایا بەردەوام هەست بە برسیبوون دەكەیت؟

ئایا بەردەوام ئارەزوو دەكەیت كە خواردن بخۆیت و ناتوانیت كۆنترۆڵی هەستی برسیبوونت بكەیت؟ ئایا هەست دەكەیت كە كێشی لەشت خەریكە بەرە بەرە زیاد دەكات؟ پسپۆرانی تەندروستی هۆكاری بەردەوام هەستكردن بە برسیبوون یان هەستكردن بە برسیبوون بە ماوەیەكی كەم پاش خواردنی ژەمێكی سەرەكیی گەورە دەگەڕێننەوە بۆ دابەزینی بەرچاوی ئاستی شەكری خوێن لە ماوەی 2-4 كاتژمێری پاش خواردندا كە هاندەرە بۆ هەستكردن بە برسیبوون و خواردنی بڕێكی زۆری خۆراك بە بەراورد لەگەڵ كەسانی ئاسایی كە ئەم گرفتەیان نییە. ئەم دابەزینەی بەرچاوی ئاستی شەكری خوێن Sugar dips كە دەگاتە ئاستی كەمتر لە ئاستی نزمی ئاسایی شەكری خوێن ئینجا پاش ماوەیەك دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی نزمی ئاسایی، لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازی هەیە بەتایبەتی لە لایەنی چەند وەرگرتنی كالۆری و خێرایی زیادبوونی كێشی لەش. توێژەرانی زانكۆی نۆتینگهام ـ ئینگیلتەرا ئاماژەیان بەمە كردووە كە هەستكردن بە برسیبوون پاش ماوەیەكی كەم لە خواردن، هاندەرە بۆ زیاد وەرگرتنی كالۆری و زیادبوونی كێشی لەش بەتایبەتی لەكاتی خواردنی زیادی شیرینی و كاربۆهیدرات. هۆكارەكان: كەمی پرۆتین و ریشاڵ لە خۆراكی ڕۆژانەدا، كەم خەوی، سترێس، تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان لە لەشدا، خواردن بەپەلە، زیانی لابەلای بەكارهێنانی هەندێك جۆری دەرمان، هەروەها هەندێك جار تێنووبوونی زیاد.

 

Top