وێڕای هەوڵەكان، كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بەردەوامە

وێڕای هەوڵەكان، كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بەردەوامە

 

كوردانی دانیشتووی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ڕووبەڕووی چەندین ڕووداوی نەخوازراو بوونەتەوە، لە سەرووی هەموویانەوە، تەعریب و داگیركردنی ماڵ و زەوییە كشتوكاڵییەكانیان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە و ئەو داگیركارییەش تا ئەمڕۆ بەردەوامە و ڕێكاری چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە.

هەرچەندە هەوڵ درا بەپێی ماددەی 140 و هەندێك بڕیار و ڕێنوینی، كێشەی لەمێژینەی زەوییە تەعریبكراوەكان چارەسەر بكرێت، بەڵام لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە كێشەكە ئاڵۆزتر بووە و، تاوەكو ئێستا 356 هەزار دۆنم زەویی كورد لە كەركووك بە بڕیاری دادگا بە عەرەبی هاوردە دراوە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

بەپێی زانیارییەكان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هێزێكی سەربازیی عێراق جووتیارانی گوندی پەلكانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دووبز لە سنووری پارێزگای كەركووك ئاگادار كردبووەوە، كە نابێت زەوییەكانیان بۆ كشتوكاڵكردن بەكار بهێنن. لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دووبزی سەر بە كەركووك 12 گوندی كورد هەن، كە عەرەبی هاوردە هەوڵی داگیركردنی زەوی و موڵكەكانیان دەدەن. بە گوێرەی قسەی كەركووكییەكان لە ئاستی زۆر باڵا هەوڵ بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەردەمی ڕژێمی بەعس هەیە، بەڵام تا ئێستا بابەتەكە لە چوارچێوەی بەڵێندا ماوەتەوە و جێبەجێ نەكراوە. لەم ڕوانگەیەوە بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان باس لەو پرسە هەستیارە دەكەن.

چالاك هیوا سابیر بەرپرسی ناوچەی 7 ی كەركووك، لە دەستپێكی وتەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات: «كێشەی جووتیاران لە (تۆبزاوە و دڕكەبان) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1975 كە ئەو كاتە ڕژێمی بەعس دەستی گرت بە سەر 135 هەزار دۆنم لە زەویی جووتیاران بە بیانووی ئەوەی كە نزیكە لە پێكهاتەی سەربازی و بیرە نەوتەكان، ئەوە بوو بە بڕیاری ژمارە 369 كە لە 31/3/1975 دەرچوو، دەستی بەسەر ‌ئەو زەوییانەدا گرت و بە ناوی ئیدارە محەلی تۆماری كردن، تاوەكو ساڵانی كۆتایی هەشتاكان بەشێكی ئەو زەوییانە لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراق و بەشێكیشی بە ناوی وەزارەتی دارایی تۆمار كران، ڕژێمی بەعس بۆ ئەوەی ڕێژەی عەرەب لە ناوچەكە زیاد بكات، ئەو زەوییانەی كە بە ناوی وەزارەتی داراییەوە گلی دابووەوە، بە گرێبەستی پێنج ساڵ دەیدا بە عەرەب، ئەوەش وای كرد، عەرەبێكی زۆر ڕوو لە كەركووك بكەن، بەڵام دوای ساڵی 2003 جووتیارانی كورد چوونەوە سەر زەوی و زاری خۆیان، تاوەكو ڕووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر جووتیارانی كورد لەو ناوچانە بێ كێشە بوون، دوای هاتنی حەشدی شەعبی و داگیركردنی كەركووك و بە سەربازیكردنی شارەكە، حكومەتی ئێستای كەركووك داوای زەوییەكانی كورد دەكەنەوە و كێشە و گرفت بۆ كورد و زەوییە كشتوكاڵییەكانیان دروست دەكەن.»

هەر لەو بارەیەوە گوتی: «ئێمەی كورد لە ناوچەكە لەگەڵ برایانی توركمان بەرگری لە مافی جووتیاران دەكەین و داوامان لە پەرلەمانتارانی خۆمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە، هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی مەجلیس قیادەی سەورەی عێراقی بدەن، بەڕاستی جێگەی سەرنجە، حكومەتەكە ڕووخا، سەرۆكەكەی لەناو چووە، كەچی تاوەكو ئێستا لە عێراق كار بە یاساكانی حزبی بەعس دەكرێت».

ڕێبوار حەمەلاو شوانی چاودێری سیاسییە و سەبارت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە دوای پیلانگێڕی و خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە كەركووكی دڵی كوردستانیشەوە، لە ژێر هێرش و پەلاماردانی شۆڤێنییەكان و میلیشاكانی حەشدی فاشیزمدایە و بە هەموویان هەوڵی بە عەرەبكردن و ستەمكارییەكی دیكە و بە زۆر دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی كورد لەو ناوچانە و بەروموومە كشتوكاڵییەكانیان لەسەر زەویی باب وباپیرانیان دەدەن، ئەوەی كە لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووش هەمیشە لە خەمی كەركووك و ناوچەكە كوردستانییەكان بووە و داكۆكیكار و پارێزەر و پشتیوان بووە و خۆی بە خاوەنی زانیوە، پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی بووە، هاتنە سەر هێڵ لە لایەن سەرۆك بارزانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا و جەختكردنەوەی لە سەر چارەسەری كێشەكان، بۆ ئەوە بووە ڕێگری لە ستەمكاری بەرانبەر ئەو خەڵكە بكرێت. لە ماوەی ڕابردوو و ئێستاشدا، پرسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی كردووەتە بنەمای یەكەمین و سەرەكیی گفتوگۆكان، گرنگترین ئەو پایە بنەڕەتییانەی كە پارتی و سەرۆك بارزانی وەك ھەوڵ بۆ زیندووكردنەوەی ماددەی 140 و بۆ چارەسەری ڕیشەیی ڕێگریكردن لە تاڵانكاری و دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی خەڵكی ڕەسەنی ئەو ناوچانە بووە، كە بە هۆی كاڵفامیی یەكێتییەوە تووشی نەهامەتی و هەڕەشە و پەلاماردانی ناحەزانی كەركووك و كەركووكییە ڕەسەنەكان بوونەتەوە. لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق بە پێداگریی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو ناوچانە ماددەی ٥٨ دیاری كرا و دواتر لەنێو دەستووری عێراقدا ماددەی ١٤٠ جێگیر كرا، ئەویش ئاساییكردنەوەی ڕەوشی ناوچە كوردستانییەكان بوو، كە خەڵكی كوردستان دەنگیان بەو دەستوورە داوە، ئەوەی تا ئێستا ئێمە دەیبینین، ئەوەیە كە ئەوەی كار بۆ گێڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەكات و بە كوردستانییان دەزانێت، تەنیا پارتییە، لە ڕابردووشدا چەندین ڕێككەوتن كراوە لەسەر ھەرێمی كوردستان، بەڵام پارتی ئامادە نەبووە جێبەجێی بكات، چونكە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تێدا نەبووە و پارتی ئامادە نەبووە سازش لەسەر كوردستانییەتیی ئەو ناوچانە بكات، نەیارانی كوردیش باش دەزانن پارتی و بارزانی چەند ڕژدن بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچە كوردستانییانە بۆ باوەشی هەرێمی كوردستان، بۆیە تەنیا دژایەتیی پارتی دەكەن، ئەوان باش دەزانن كە تاكە حزب لە خەمی ئەو ناوچانەدا بێت، پارتی و سەرۆك بارزانییە كە هەرگیز و لە هیچ قۆناغێكی مێژوویی خەباتدا، سازشیان لەسەر كەركووك و بستێك خاكی كوردستان نەكردووە».

ڕێبوار حەمەلاو ئەوەشی دووپات كردەوە كە «بارزانی و پارتی لە ڕۆح و دڵی كەركووكییەكاندا ڕەگ و ڕیشەیان داكوتاوە و دووانەیەكی لە یەكتر دانەبڕاون، ئێستاش خەڵكی ڕەسەنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان، هەمیشە چاویان لەوەیە كە سەرۆك بارزانی وەك هەمیشە فریادڕەسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە بێت، چونكە دڵنیان لە سازشنەكردن لەسەر مافیان و پاراستنیان لە ھەموو ئەو ستەمكاری و داگیركارییەی لە نێوان دانیشتووانی دەڤەركە دەكرێت».

مەریوان حەكیم جەباری كارگێڕی ناوچەی شۆڕش لە كەركووك، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات: «كێشەی جووتیارانی كوردی كەركووك لە گوندی تۆپزاوا چاوەڕوانكراو بوو، چونكە عەرەبی هاوردە بە هاوكاریی پارێزگاری خۆسەپێنی كەركووك و ڕێگەخۆشكەریی سوپای عێراق، هەرجارەو بە پیلان لە گوندێكی كوردنشینی كەركووك كێشە بۆ جووتیارانی كورد دروست دەكەن، ئەویش لە ژێر ناوی جیا و بیانووی جیاواز تەعریبێكی نوێیە و بە عەرەبی هاوەردەی دەكەن، ئەوان دەیانەوێت بەرگێكی عەرەبی بكەن بە بەری ئەو گوندانەی كە سەدان ساڵە كوردیان تێدا ژیاوە».

هاوكات دەڵێت: «بەداخەوە لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر به بەردەوامی و هەر جارەو لە گوندێك هێرش دەكرێتە سەر جووتیارانی كورد، بەڵام جووتیاران لەو پەڕی مەردایەتیدا تاكو ئێستا خۆڕاگر بوون و جێگا و مەكانی باب و باپیرانیان چۆڵ نەكردووە، بۆیە پێویستە لەسەر پەرلەمانتارانی كورد لە كەركووك بێ جیاوازی ئەم كەیسە بەرنە ناو پەرلەمان و داكۆكی لەسەر بكرێت. بێگومان كۆدەنگیی كورد لەسەر ڕەتكردنەوەی تەعریبی نوێ زەروورەتێكی مێژوویی و هەڵوێستێكی كوردانەیە كە دەبێت ئەركی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بێت و دروشمەكانی كوردبوون بكەن بە كردار و ڕێگری بكەن لەو دەستدرێژییانەی بە ناوی عەرەبی هاوردەوە بۆ سەر خاك و ماڵی كوردان دەكرێت». گوتیشی: «ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە له ڕێگەی دانوستانەوە كۆتایی بەم زوڵمە بهێنێت كە بۆ سەر شكۆی كوردان دەكرێت، چونكە مەرامی داگیركەران دەستبەسەرداگرتنی خاك و كەمبوونەوەی نفووسی كوردە لە پارێزگای كەركووك، ئەمەش پێچەوانەی مادەی 140ـە كە بۆ حەلكردنی خاوەندارێتی كەركووك لە دەستووردا چەسپیوە و، چەندین ساڵە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق خۆیان لە جێبەجێكردنی دەدزنەوە، ئێستا بەم پیلانە پێشوەختە بۆ كەمكردنەوەی نفووسی كورد و داگیركردنی خاكەكەی، بە پلان هەنگاو دەنێن، ئەگەر ئەم پلان و پیلانە شوومانە ڕێگریان لێ نەكرێت، لە ئایندەدا لە ئەگەری سەرژمێریی نوێی عێراق ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت و لەجێبەجێكردنی هەر ڕاپرسییەك بۆ كەركووك كورد زەرەرمەندی یەكەم دەبێت».

 

Top